رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دەیەوێت ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بوەستێنێت. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، دەرفەت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی هەیە، "ئەگەر ئەمریکا راستبین بێت."
ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا شاندەکانی هەردوو وڵاتە نەیارەکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی کۆببنەوە.
ترەمپ هەڕەشەی کردووە، ئەگەر تاران بە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی رازی نەبێت، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئێران.
رۆژی هەینی ترەمپ بە پێداگرییەوە گوتی: "لەگەڵ وەستاندنی ئێراندام، زۆر بە سادەیی، بۆ ئەوەی نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبێنێت. نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت. دەمەوێت ئێرانێکی مەزن و خۆشگوزەران و ناوازە هەبێت."
پێش ئەوە، عێراقچی لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤی هاوتا رووسییەکەی کۆبووەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەبارەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا گوتی: "ئەگەر ئەوان نیازی جیدیان هەبێت و داواکاریی ناڕاستبین (ناواقیعی) پێشكێش نەکەن، دەکرێت رێکبکەوین."
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، لە گەڕی یەکەمی گفتوگۆکاندا کە شەممەی رابردوو لە عومان بەڕێوەچوو، ئێران هەستی بەوە کردووە کە ئەمریکا لە دانوستاندندا رژدە.
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی رۆژی هەینی گوتی، لە گفتوگۆکانی شەممەی رابردوودا ئێران بە ئەمریکای راگەیاندووە، ئامادەیە بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنوورداربکات، بەو مەرجەی واشنتن گەرەنتیی بەهێز بدات لەوەی جارێکی دیکە لە رێککەوتنەکە ناکشێتەوە.
لە مۆسکۆ، لاڤرۆڤ باسی لەوە کرد کە رووسیا "ئامادەیە یارمەتیدەر بێت" بۆ ئەوەی وەک نێوبژیوانێک لە سوودی ئێران و ئەمریکادا رۆڵ بگێڕێت.
رووسیا کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان خاوەن مافی ڤیتۆیە، لە گفتوگۆی ساڵانی رابردوودا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران رۆڵێکی دیاری هەبووە، هەروەها یەکێک بووە لە واژۆکارەکانی ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییەی لە ساڵی 2015 واژۆکرا و لە ساڵی 2018 ترەمپ تاکلایەنانە ئەمریکای لێ کشاندەوە.
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران نامەیەکی لە رێگەی عێراقچییەوە گەیاندە ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ ئەوەی کرێملین لە دانوستاندنەکان ئاگاداربکاتەوە. بە گوێرەی میدیای ئێرانی، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا عێراقچی سەردانی چینیش بکات.
پێشتر هەر لە رۆژی هەینی، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت چارەسەرێکی ئاشتییانە لەگەڵ ئێران بدۆزێتەوە، بەڵام هەرگیز بەوە رازی نابێت چەکی ئەتۆمی دروستبکات.
وەزیرەکە رۆژی پێنجشەممە لە پاریس، داوای لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی کرد، لە رێگەی هێشتنەوەی سزا لەسەر ئێران، گوشاری لێ بکەن بۆ ئەوەی بە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی رازی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ