ترەمپ دەڵێت ئەگەر ئۆکراینا و رووسیا رێکنەکەون، ئەمریکا لە گفتوگۆکان دەکشێتەوە

18-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر رووسیا و ئۆکراینا "خێرا" رێکنەکەون، ئەوا واشنتن لە گفتوگۆکانی ئاشتی دەکشێتەوە و گرنگی بە پرسەکانی دیکە دەدات. 
 
رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەوان وادەیەکی دیاریکراویان بۆ رێککەوتن دانەناوە، بەڵام دەیانەوێت "خێرا" رێککەوتنەکە بکرێت. 
 
ئەم قسانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی رایگەیاند، ئەگەر مۆسکۆ و کیێڤ لەسەر وەستاندنی جەنگی نێوانیان رێکنەکەون، ئەوا واشنتن دەستبەرداری دانوستاندنەکان دەبێت. 
 
رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە ترەمپ کرد کە ئایا وەک روبیۆ دەڵێت، دەکشێنەوە، لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا. دیارینەکراوە لە چەند رۆژدا، بەڵام دەمانەوێت زوو تەواوی بکەین."
 
سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە هۆکاری جەنگەکە بخاتە ئەستۆی ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا یان ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، بەڵام جەختیکردەوە کە دەیەوێت هەردوولا هەنگاوی زیاتر بەرەو پێش بنێن. 
 
ترەمپ گوتی: "ئەگەر هەر یەکێک لەو دوو لایەنە، بە هەر هۆکارێک، بیەوێت کارەکە زەحمەت بکات، ئەوا تەنیا پێیان دەڵێین: ئێوە گەمژەن. ئێوە گەمژەن. ئێوە کەسانێکی زۆر خراپن. بەڵام هیوادارم پێویست نەکات وابکەین."
 
پێش ئەوەی ببێتەوە سەرۆک، ترەمپ چەندین جار بە شانازییەوە باسی لەوە دەکرد کە لە 24 کاژێردا جەنگی ئۆکراینا دەوەستێنێت. ئەم دواییە گوتی، ئەو قسانەی بە گاڵتەوە کردووە. 
 
ئۆکراینا پێشتر ئامادەیی خۆی بۆ ئاگربەستێکی کاتی راگەیاند و رووسیای تۆمەتبارکرد بەوەی ئاستەنگ بۆ رێککەوتن دروست دەکات تاوەکو لە دانوستاندنەکاندا زۆرترین کارتی بەدەستەوە بێت. 
 
ترەمپ هەموو هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ئەمریکای تووشی سەرسوڕمان کرد کاتێک ماوەیەکی کەم دوای دەستبەکاربوونی، گفتوگۆی لەگەڵ پووتین کرد. 
 
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی گوتی، هیواخوازە پووتین لە دانوستاندنەکاندا خاوەخاو نەکات. 
 
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا پووتین خۆی لە رێککەوتن دەدزێتەوە، ترەمپ گوتی: "هیوادارم وا نەبێت. بەم زووانە پێتان دەڵێم چۆنە."
 
ترەمپ رەتیشیکردەوە لە لایەن پووتینەوە "یاری" پێ کرابێت. 
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "کەس یاری بە منەوە ناکات؛ من هەوڵ دەدەم یارمەتیدەر بم."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە