رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، شاندێکی ئێرانی بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە گەیشتوونەتە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا. شاندەکە بڕیارە لەوێ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بکەن. لە هەفتەی رابردووەوە، ئەمە دووەم جارە کۆدەبنەوە.
رۆژی شەممە 19-04-2025 میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی ئەو شاندەی تاران دەکات، کە لە رۆما لەگەڵ شاندی واشنتن، بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف گفتوگۆ دەکەن.
ئەو میدیایە رایگەیاند، کۆبوونەوەکە کاژێر 11:30ی پێشنیوەڕۆ [بە کاتی هەولێر] دەستپێدەکات.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە لە پۆستێکدا نووسی، "تاران دەزانێت کە ئەمە رێگەیەکی ئاسان نییە، بەڵام هەر هەنگاوێک بە چاوکراوەییەوە دەنێین و پشت بە ئەزموونی رابردوو دەبەستین."
هەفتەی پێشوو لە 12ی نیسان دوو شاندەکە لە مەسقەتی پایتەختی عومان گفتوگۆیان کرد و هەردوو لایەن گوتیان، کۆبوونەوەکە "ئەرێنی" بووە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە 2018، لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە؛ ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ئاست بەرزی نێوان دوو وڵاتەکەیە لەوکاتەوە.
لەدوای شۆڕشی ئێران لە 1979، تاران و واشنتن هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسییان نەبووە.
وڵاتانی رۆژئاوا، لەوانەش ئەمریکا، لەمێژە ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە دەیەوێت بۆمبی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، تارانیش بەردەوام ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، پرۆگرامەکەی بۆ مەبەستی مرۆییە.
دۆناڵد ترەمپ لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی گەڕایەوە کۆشکی سپی، ترەمپ دەستی بە سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بۆ سەر ئێران کرد و سزا بە دوای سزای بەسەردا سەپاند.
مانگی ئادار ترەمپ نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نارد و داوای کرد گفتوگۆ و دانوستاندن لەسەر پرسی ئەتۆم بکەن. دواتر ترەمپ هەڕەشەی کرد، ئەگەر دانوستاندنەکان شکست بهێنن "لە ئێران دەدەین."
رۆژی 17-04-2025 ترەمپ دووبارە گوتی: "بۆ بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی، هیچ پەلەم نییە. پێموایە ئێران دەیەوێت گفتوگۆ بکات."
دوێنێ هەینی عێراقچی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی لە مۆسکۆ گوتی، لە لایەنی ئەمریکا "جیدییەتمان بینیوە، بەڵام ئێمە نیگەرانیی زۆرمان لە نیازی لایەنی ئەمریکی هەیە، بەهەر بارێکدا بێت، ئێمە لە دانوستاندنەکانی رۆژی شەممە بەشدار دەبین."
'قۆناخێکی هەستیار'
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ میدیای فەرەنسی کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە، گوتی: "ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دوور نییە."
لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران کشایەوە، کە لە 2015 لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما واژۆی کردبوو. رێککەوتنەکە بۆ ئەوە بوو ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم سنووردار بکات و لە بەرامبەردا سزاکانی سەری کەمببنەوە.
یەکێک لەوانەی لە کۆبوونەوەکانی 2015 رۆڵی دانوستاندنکاری دەگێڕا، عێراقچی بوو. هەرچەندە ئەمریکا کشایەوە، بەڵام ئێران بۆ ماوەی ساڵێک پابەندی رێککەوتنەکە بوو، ئینجا کشایەوە.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئێران بۆی هەبوو 3.67٪ـی یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام ئێستا نزیکەی 60٪ـی پیتاندووە. بۆ دەستکەوتنی بۆمبی ئەتۆمیش، پێویستە بگاتە 90٪.
رۆژی پێنجشەممە گرۆسی لە تاران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئێمە لە قۆناخێکی زۆر هەستیاری ئەم دانوستاندنانەداین. دەزانین کە زۆر کاتمان نییە، بۆیەشە لێرەم تاوەکو ئاسانکاری بۆ ئەم پڕۆسەیە بکەم."
محەممەد سەلامی، بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا گوتی: "ئێمە کۆڵنەدەرانە کاردەکەین و دەمانەوێت سەرکەوتوو بین،" هەروەها دانی بەوەدا نا کە گەیشتن بە رێککەوتن "پڕۆسەیەکی ئاسان نییە."
'جێگەی دانوستاندن نییە'
بەرپرسە ئێرانییەکان پێداگرن لەسەر ئەوەی گفتوگۆکان تەنیا لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان بن.
عێراقچی گوتی، دەکرێت ئێران و ئەمریکا بگەنە رێککەوتن، ئەگەر واشنتن "خۆیان لە خواستە ناواقیعی و نالۆژیکییەکان بەدوور بگرن."
شڕۆڤەکاران دەڵێن، ئەمریکا جگە لەو دوو مژارە، دەیانەوێت باسی پرۆگرامی مووشکی بالیستیی ئێرانیش بکەن، لەلایەکی دیکە سەرنج بخەنە سەر پشتگیریی ئێران بۆ گرووپە چەکدارەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
عێراقچی گوتی، مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم "شتێکە دانوستاندنی لەسەر ناکرێت"، ئەمەش دوای ئەوەی ویتکۆف داوای کردبوو پرۆگرامەکە بەتەواوەتیی بوەستێنرێت.
سێشەممەی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، توانا سەربازییەکانی ئێران لە دەرەوەی گفتوگۆکان دەبن.
ئاژانسی هەواڵیی ئیرنای فەرمی نووسی، توانا مووشەکییەکانی ئێران لە کۆبوونەوەکان "هێڵی سوورن".
دوێنێ هەینی، ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمریکا پابەندیی خۆی لە رێگرتنی ئێران لەوەی چەکی ئەتۆمی هەبێت، دووپات کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ