جیهان

گەیشتنی شاندی ئێران بە باڵیۆزخانەی عومان لە ئیتاڵیا، ئەو شوێنەی لەگەڵ ئەمریکا تێیدا کۆدەبنەوە. وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، چەند خولەکێک لەمەوبەر گەڕی دووەمی گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەستیپێکرد.
کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیری عومان لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکا دەکات.
لە 12ـی نیسانەوە، ئەمە دووەم کۆبوونەوەی ئێران و ئەمریکایە، پرسی سەرەکی، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە.
پێش کۆبوونەوەکە، عەلی شەمخانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی رایگەیاند، شاندی دانوستاندنکاری ئێران بە دەسەڵاتی تەواوەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوسەنگ لە رۆمایە. گوتیشی، شاندی وڵاتەکەیان لە سەر بنەمای 9 پرەنسیپ دانوستاندن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەکات.
عەلی شەمخانی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "دانوستاندنکارانی ئێران بە دەسەڵاتی تەواوەوە چوونەتە رۆما بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای 9 پرەنسیپ، کار لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر (هەمەلایەنە) بکەن."
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی علەی خامنەیی، "جیدیبوون، گەرەنتی، هاوسەنگی، هەڵگرتنی سزاکان، رەتکردنەوەی مۆدێلی لیبیا - ئیمارات، دوورکەوتنەوە لە هەڕەشە، خێرایی، جڵەوکردنی دەستدرێژیکاران (ئیسرائیل) و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنان"، ئەو پرەنسیپانەن شاندی ئێران لە رۆما لەبارەیەوە دانوستاندن لەگەڵ شاندی ئەمریکا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ