رووداو دیجیتاڵ
راپرسییەکی نوێ دەریدەخات، سێ چارەکی ئەمریکییەکان دژی ئەوەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە بەربژێر بکاتەوە.
راپرسییەکە لە رۆژانی 14 تاوەکو 18ی مانگی نیسان لەلایەن کەناڵی ئێن بی سیی ئەمریکییەوە ئەنجام دراوە، بەگوێرەی راپرسییەکە، 70%ی ئەمریکییەکان پێیان وایە، نابێت بایدن خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکاتەوە.
راپرسییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، 51%ی ئەوانەی دژی خۆبەربژێرکردنەوەی بایدنن، سەر بە پارتەکەی خۆی بوون.
نیوەی ئەوانەی دژی خۆبەربژێرکردنەوەی بایدن بوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێیان وایە، بایدن بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیەوە ناتوانێت سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکات.
بایدن پێشتر رایگەیاندبوو، "شتێکی رەوایە کە خەڵک پرسی تەمەنی من دەوروژێنن، رەوایەتی ئەوە بە خەڵک دەدەم، تاکە شتێک لەسەر ئەوە بتوانم بیڵێم ئەوەیە :سەیرم بکەن."
نوێترین راپرسیی پەیمانگەی سیاسی لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی دەریدەخات؛ لەنێو 10 گەنجی تەمەن 18 تاوەکو 29 ساڵ، تەنیا سێیان لە کار و توانستی بایدن رازین؛ لە کاتێکدا شەش مانگ لەمەوبەر، چوار لەو گەنجانە ئەدای بایدنیان بە ئەرێنی تەماشا دەکرد.
چەند خاڵێکی ئەرێنی هەن کە خزمەت بە بایدن دەکەن و دەکرێت بابەتی تەمەنەکەی تاڕادەیەک داپۆشن، لەوانەش لە سەردەمی ئەودا، پڕۆژەیاسای ژێرخانی ئابووری و پڕۆژەیاسای رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پەسند کران. هەر لە سەردەمی ئەودا پەتای کۆرۆنا تاڕادەیەکی زۆر لاواز بوو، هەڵاوسانی ئابووریش بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ