کامالا هاریس.. ئەو خانمە رەشپێستەی لە پاڵ بایدندا هەڕەشە لە داهاتووی ترەمپ دەکات

24-08-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کامالا هاریس جۆ بایدن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
زۆربەی چاودێران و تەنانەت سیاسییەکانیش، پێیانوایە کامالا هاریس، ئەو خانمەی کە جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بە جێگری خۆی دەستنیشانیکردووە، نموونەیەکی پێشەنگی کەسایەتی و سەرکەوتنە لە سیاسەتدا. نەک هەر ئەوە بەڵکو بنەچە لاتینییە، ئەفریقییە ئاسیاوی و هیندییەکەی، کورتبوونەوەی "خەونی ئەمریکییانە"ی زۆر پەنابەرە، کە روویان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە.
 
کامالا کچی دوو پەنابەرە، باوکی لە جامایکاوە هاتووە و دایکی هیندییە. ویست و خەونە گەورەکانی، وایانکرد ئەو ببێتە یەکەم داواکاری گشتی رەشپێست لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، هەروەها یەکەم ئافرەت لەو پۆستەدا. دواتریش بووە یەکەم ئافرەتی بنەچە ئاسیاوی کورسییەکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەدەست بهێنێت. ئێستا ئەو هەنگاوی گەورەتر دەنێت و دەبێتە جێگری سەرۆک، ئەگەر لەگەڵ بایدندا بەر لە کۆتایی ئەمساڵ، شکست بە ترەمپ بهێنن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا.
 
کامالا لە رۆژی 20ی تشرینی دووەم/ئۆکتۆبەری 1964 لە شاری ئۆکلاند لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە. دۆناڵد هاریسی باوکی، مامۆستای ئابووری بووە لە زانکۆی ستانفۆردی بەناوبانگ. شیامالا گۆبالانی دایکی، یەکەم توێژەری دیاری شێرپەنجەی مەمک بووە. بەڵام باوانی ئەو لەیەکدیی جیابوونەوە، کاتێک کامالا تەمەنی تەنیا پێنج ساڵ بوو. کامالا و مایای خوشکی لای دایکیان مانەوە تاوەکو لە ساڵی 2009دا کۆچی دواییکرد. مایا پارێزەرێکی درەوشاوە و راوێژکاری کامالایە.
 
هاریس بەکالۆریۆسی لە زانکۆی هەوارد لە واشنتنی پایتەخت بەدەستهێناوە. دواتر یاسای لە کۆلێژی هایستینگز لە زانکۆی کالیفۆرنیا خوێند. ئەو لە هەڵمەتەکانی بەربژێرکردنیدا، زۆر باسی لە کاریگەریی ئەو دوو زانکۆیە کرد، لە دروستکردنی شوناس و کەسایەتی ئەو و بۆچوونەکانی لەبارەی ململانێی رەگەزی و دادپەروەری لە ئەمریکادا. دواتریش بووە داواکاری گشتی سان فرانسیسکۆ لە نێوان 2004 تا 2011.
 
بەرەو سەرۆکایەتی ئەمریکا
 
لە کاتێکدا زۆر کەس پێیانوایە بایدن 78 ساڵ، ئەگەر ببێتە سەرۆکی داهاتوو، بۆ ماوەی دووەمی سەرۆکایەتی خۆی کاندید ناکاتەوە، پێشبینیدەکەن هاریس باشترین کەس بێت بۆ بوون بە بەربژێری دیموکراتەکان، بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لەپاش چوار ساڵی دیکە. ئەمەش گەورەترین دەرگای چوونە ناو مێژووی بۆ دەخاتە سەر پشت، وەک یەکەم خانمە رەشپێستی سەرۆک، لە مێژووی ئەمریکادا.
 
سۆزان رایس، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی  لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا، دەڵێ "سیناتۆرە هاریس، سەرکردەیەکی کەللەڕەق و پێشەنگە، هاوبەشێکی نایاب دەبێت لە هەڵمەتەکانی سەرۆکایەتیدا". رایس یەکێک بوو لەوانەی بایدن بیریدەکردەوە، بەجێگری خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان دەستنیشانی بکات.
 
لەلایەکی دیکەوە، لەو کاتەوەی هاریس لە خۆپاڵاوتنی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی، پاشەکشەی کرد و پشتگیری خۆی بۆ بایدن راگەیاند. ئەو هەڵمەتەکانی هێرشکردنە سەر سەرۆک ترەمپی زیادکردووە لە چەندین دۆسێی جیاوازدا.. لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای کۆرۆنا تاوەکو رەگەزپەرستی، تا دەگات بەکۆچکردن و چەندین دۆسێی دیکەش. لە ماوەی رابردوودا توویتێکی کرد کە تێیدا دەڵێ "گوتارە رەگەزپەرستییانە دووبارەکانی ترەمپ، هەوڵدانە بۆ دوورخستنەوەی تۆمەتبارکردنەکانی لەبارەی کۆڤید 19ەوە". زیاتر دەڵێ: "ئەمە بابەتێکی مەترسیدار و هەڵەیە و رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی ئەمریکییە ئاسیاوی و کۆچبەرە ئاسیاوییەکان هەیە".
 
ساڵی 2010 بە داواکاری گشتی کالیفۆرنیا هەڵبژێردرا و 2014 هەمان سەرکەوتنی لە پۆستەکەیدا بەدەستهێنایەوە. هەمان ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ دۆگڵاس ئایمهۆڤ کرد، کە پارێزەرێکی سپیپێستە و لە هاوسەرگیریی پێشووی، دوو منداڵی هەیە. لە ماوەی کارکردنیدا وەک داواکاری ویلایەتەکەی، پەیوەندییەکی تونودی لەگەڵ پۆی کوڕی کۆچکردووی جۆ بایدندا دروستکرد، کە داواکاری گشتیی ویلایەتی دیلاوێر بوو. ساڵی 2015 کوڕەکەی بایدن بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیلەدەستدا.
 
لە سەرەتای 2017دا بووە یەکێک لە کەمتەمەنترین ئەندامانی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەنجوومەنی پیران. ئەو لە نۆڤێمبەری 2016دا، لۆریتا سانچێزی رکابەری شکستپێهێنا، لە پێشبڕکێی جێگرتنەوەی باربرا بۆکسری سیناتۆری خانەنشین، هەروەها بووە سێیەم ئافرەت لە کالیفۆرنیا، کە ئەندامیەتی ئەنجوومەنی پیران بەدەست بهێنێت و یەکەم ئەمریکی بنەچە جامایکی هیندی، ئەو پۆستە بباتەوە.
 
درەوشانەوەیەکی پێشوەخت
 
لە ساڵی 2008ەوە، ئەستێرەی بەختی هاریس دەدرەوشێتەوە، کاتێک رێز و پێزانینی زۆرینەی سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی بەدەستهێنا. لە شوباتی 2016دا، دەنگی 78 لەسەدی ئەندامانی کۆنگرەی پارتەکەی بەدەستهێنا بۆ دەستەبەرکردنی بەربژێربوونی پارتەکە، لە کاتێکدا رێژەی پێویست بۆ ئەو بەربژێربوونە 60 لەسەدە. لە دوای دەرچوونی، هاریس بەڵێنیدا پەنابەران لە سیاسەتەکانی سەرۆک ترەمپ بپارێزێت. لە 21ی کانوونی دووەمی 2017دا، واتە رۆژێک پاش دەستبەکاربوونی ترەمپ لە سەرۆکایەتی ئەمریکا، هاریس لەمیانی بەشداریکردنی لە گەورەترین خۆپێشاندانی ئافرەتان لە واشنتن، پەیامی ترەمپی بە "تاریک" ناوبرد.
 
لە 28ی شوباتدا، هاریس سەرکۆنەی بڕیاری سەرۆکایەتی ئەمریکای کرد، کە ترەمپ دەریکردبوو لەبارەی قەدەخەکردنی دانیشتووانی حەوت وڵات، لە چوونە ناو ئەمریکا. ئەو بڕیارەکەی بە ئابڵوقەدانی موسڵمانان ناوبرد. دواتر لە ئاداری هەمان ساڵدا ناڕەزایەتی لە بەرامبەر بەربژێرکردنی پیتسی دی فۆس، بۆ پۆستی وەزیری فێرکردن و جیڤ سینچەر بۆ پۆستی وەزیری داد، دەربڕی.
 
لە یەکەم گوتاریدا لە کۆنگرێس، 12 خولەکی رێک، رەخنەی لە سیاسەتەکانی ترەمپ بەرامبەر پەنابەران گرت. دواتر داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دادی کرد، پاش بڵاوبوونەوەی هەندێک دەنگۆ، کە دەیانگوت سینچەر پەیوەندی بە سێرگی کیسلیاک، باڵیۆزی رووسیاوە کردووە لە واشنتن. لە دوای دەرچوونی راپۆرتی تایبەتی لێکۆڵەر رۆبەرت مۆلەر لە دۆسێی دەستتێوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2016ی ئەمریکا، هاریس داوای کارکەنارکردنی سەرۆک ترەمپی کرد.
 
لێهاتوویی و تووندی
 
لە ئەنجوومەنی پیراندا، هاریس لێهاتوویی و شێوازە تووندەکەی خۆی لە لێپرسینەوەدا کە بەهۆی کارکردنی وەک داواکاری گشتی بەدەستیهێنابوو، بەکارهێنا. بەتایبەت لە دانیشتنی تایبەت بە دەستنیشانکردنی بریت کاڤانۆ بە دادوەری دادگای باڵا. لێپێچینەوەکانی هاریس وایکرد، دۆناڵد ترەمپ قسەی لەسەر بکات و بە لێپیچینەوەیەکی تووند ناوی ببات. پێشبینیدەکرێت هاریس هەمان شێوازی لێپرسینەوە لە بەرامبەر مایک پنس (بەربژێری کۆمارییەکان بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا) بەکاربهێنێت، کە بڕیارە لە ئۆکتۆبەری داهاتوودا لە ویلایەتی یۆتا، تاکە مێزگردی نێوان هەردووکیان بەڕێوەبچێت.
 
هاریس هەڵمەتەکانی خۆی بۆ سەرۆکایەتی لەسەرەتای 2019 و لەساڵیادی لەدایکبوونی مارتن لۆسەر کینگ (سیمبولی ئازادیخوازیی رەشپێستەکان) لە میانی کۆبوونەوەی 20 هەزار کەسدا لە ویلایەتی ئۆکلاند، دەستپێکرد.
 
لە مێزگردی یەکەمی دیموکراتەکاندا، لەگەڵ بایدندا تێکگیربوون، رەخنەی لە هەڵوێستی ئەو گرت لەسەر بڕیارێکی ساڵانی حەفتای ئەمریکا، کە تێیدا لە نێو پاسەکانی گواستنەوەی قوتابیاندا، منداڵانی رەشپێست و سپیپێست جیا دەکرانەوە. ئەو گوتی "ئەوکات لە کالیفۆرنیا، لە نێو قوتابییەکانی نێو پاسەکەدا، کچێکی بچکۆلە هەبوو کە هەموو رۆژ بەو پاسە دەچوو بۆ قوتابخانە، ئەو کچە بچکۆلەیە منم".
 
ئەمە وایکرد لە راپرسییەکاندا بۆ ماوەیەکی کورت پێشبکەوێت، بەڵام ئەو دواتر لە کانوونی یەکەمی 2019دا، پاشەکشەی خۆی راگەیاند و پشتگیری لە بایدن کرد. وێڕای تووندیی مێزگردەکەی نێوانیان، بایدن گوتی "هیچ رقێکم لەدڵدا نییە بەرامبەر هاریس، ئەو زیرەکییەکی بێوێنەی هەیە، پاڵێوراوێکی بەهێزە".
 
هاریس لە کاتی دادگاییکردنی ترەمپدا لە ئەنجوومەنی پیران، دەنگی بۆ کەنارکردنی ترەمپدا. لە هەوڵەکانیدا بۆ شکستپێهێنانی دووپاتیکردەوە کە پێویستە 'هاوپەیمانیەتی ئۆباما' زیندوو بکرێتەوە، کە ئەمریکییە بنەچە ئەفریقی و ئیسپانییەکان و ئافرەتان و سەربەخۆکان و نەوەی دوو هەزاری وڵات دەگرێتەوە.
 
چەپڕەوەکانی پارتی دیموکرات، دەترسن
 
وێڕای ئەو دەستکەوت و ناوبانگەی هەیەتی، هاریس دڵخوازترین بەربژێری باڵی چەپی رادیکاڵی پارتی دیموکرات نییە، کە سیناتۆری پێشوو بێرنی ساندەرز و ئیلیزابێس وارینی سیناتۆر، پێشەنگایەتی دەکەن. تائێستاش روون نییە، ئاخۆ بەربژێرکردنی وا دەکات ئەو بنکە جەماوەرییەی سەر بەو باڵەن، دەنگ بە بایدن و هاریس دەدەن یاخود نا. هەرچەندە زۆرینەی بنکەی جەماوەریی پارتی دیموکرات کۆکن لەسەرئەوەی ئامانجی یەکەم، خستنی ترەمپە، هاریس سەر بە دامەزراوەی حیزبییانەی پارتەکە دادەنرێت، کە گۆڕانکارییەکان لە بونیادی حیزبەکەدا، نەیانتوانیوە بیگۆڕن.
 
ئەو بەرگری لە تۆماری خۆی دەکات و دەڵێ، من هەمیشە خۆم بینیوەتەوە دانوستاندن دەکەم لە نێوان دوو ئاراستەی بەهێزی پۆلیس و چەپەکاندا، لە یەکێک لە لیبراڵیترین ویلایەتەکانی ئەمریکادا.
 
 بەر لە دەستبەکاربوونی هاریس لە پۆستی داواکاری گشتی ویلایەتەکەیدا، لە سان فرانسیسکۆ بابەتی بەکارهێنانی هێز، بابەتێکی مشتومڕهەڵگر بوو. چونکە لە ساڵانی 2001 تا 2004 وەک ئەوەی رۆژنامەی 'سان فرانسیسکۆ کرۆنیکل' ئاشکرایکردووە، سکاڵاکانی دژ بەبەکارهێنانی هێز لە شارەکەدا، روو لە زیادبوون بوو. ئەو سکاڵایانەی لەوێ تۆماردەکران، هێندەی ئەو سکاڵایانە بوو کە لە شارەکانی سان دیێگۆ، سیاتل، ئۆکلاند و سان خۆسی، پێکەوە تۆمار دەکران.
 
لە ساڵانی نێوان 2002 تا 2005، رەشپێستەکانی ویلایەتەکە رێژەیان تەنیا 8 لەسەدی کۆی دانیشتووان بوو، کەچی لە دەستگیرکردنەکانی پۆلیسدا، رەشپێستەکان رێژەیان 40 لەسەد بوو. سیلارد هێندرسۆن، کە پێشتر بەڕێوەبەری نووسینگەی هاریس بووە، دەڵێ "ئەو هەموو جار بە کارمەندەکانی دەگوت، لەسەر بنەمای رەگەزپەرستانە مامەڵە لەگەڵ کەیسی گیراوەکاندا مەکەن".
 
کولتووری رەشپێست
 
هاریس بەدرێژایی تەمەنی لەو ناوەندانەدا خوێندویەتی کە زۆرینەیان سپیپێست بوون. لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە لە بێرکلی لە کالیفۆرنیا، تاوەکو ناوەندیی لە شاری مۆنتریالی کەنەدا، کە لەگەڵ دایکی و خوشکەکەیدا کۆچی بۆ کرد و لەوێ دووچاری زەحمەتییەکانی فێربوونی زمانی فەرەنسی بووەوە.
 
ژیانی پیشەییانەی باوانی و چیرۆکە کەسییەکەی خۆی، بەکارکردن لە دامەزراوە خاوەن زۆرینە سپیپێستەکان، وایکرد هاریس کار بۆ چوونە ناو کولتووری رەشپێستەکان بکات و هەوڵبدات لە دابونەریتەکانیان تێبگات، هەربۆیە پەیوەندی بە زانکۆی هواردەوە کرد، کە ساڵی 1867 لە واشنۆنی پایتەخت دامەزراوە و بە تاجی مێژوویی، ئەو کۆلێژ و زانکۆیانەی ئەمریکا دادەنرێت، کە رەشپێستەکان رووی تێدەکەن.
 
ئەمڕۆ کە هاریس هەوڵدەدات فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی بونیاد بنێت، لە سایەی ئەو پەلکێشکردنەی لە نێوان کۆمەڵگەی ئەمریکی و پارتی دیموکراتدا بەخۆوەی دەبینێت. ئەو خۆی وەک خاوەنی چارەسەرە پراکتیکییەکان دەخاتە روو، نەک کەسێکی خاوەن دیدگایەکی کامڵی بێکردار. هەندێک پێیانوایە ئەو نوێنەری ئەو گۆڕانکارییەیە کە پێویستە، بەڵام دیار نییە چۆن گۆڕانکارییەکان دەکات. هەندێک بە کەسێکی پراگماتیکی ناویدەبەن، کەمێکیش بە کەسێکی ئایدیۆلۆژی. بەڵام زۆرینە کۆکن لەسەرئەوەی، کە هەمیشە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت: هەر بڕیارێک چەندە رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت؟
 
ناکۆکی لەگەڵ بیرۆکەکانی بایدندا نییە
 
ئەوەی تائێستا وەک ئەنجام بەدەستهاتووە، ئەوەیە کە تائێستا دیار نییە هاریس سەر بە چ رەوت و بەرەیەکی ناو پارتەکەیەتی، ئایا ویستی بەلای چەپی ناوەنددایە؟ یان مەیلی بۆ چەپەکانی پارتەکەی دەڕوات. بەڵام لەگەڵ ناونانی بە جێگری بایدن بەفەرمی، زۆرینەی چاودێران پێیانوایە، کە گونجاندنێکی گەورە بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ پرۆگرامە سیاسییەکەی بایدندا دەکات، لە کاتێکدا لە زۆر رووەوە وەک بایدن بیردەکاتەوە. ئەو پشتگیری لە دانانی چاودێری بەسەر چەکهەڵگرتنەوە دەکات. لەگەڵ چارەسەرکردنی دۆسێی منداڵانی کۆچبەرەکان، لە رێگەی مافی هاونیشتمانیبوونەوە.
 
هاریس پشتگیری هاوکاریکردنی کرێچییەکان و هاندانی باجە بۆ ئەندامانی چینی ناوەند بەبەهای 6 هەزار دۆلار، تا ئەو پارەیە کاردانەوەی راستەوخۆی لەسەر ژیانیان هەبێت. پشتگیری لە زیادکردنی مووچەی مامۆستایان دەکات بۆ 13500 دۆلار، تاوەکو هاوسەنگ ببێتەوە لەگەڵ چینە فێرکارییەکانی دیکەدا، ئەمەش بۆ ئەوەی وەک ئەو دەڵێت، ئەنجامی خوێندکاران و ژینگەی خوێندن باشتر بکات.
 
هاریس بەڵێنیداوە بە سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا، کە جیاوازی کرێ لە نێوان پیاوان و ئافرەتاندا دەکەن. لە پێشنیازێکی راستەوخۆدا کە پێشتر هیچ دیموکراتێک نەیکردووە و پێشبینیدەکرێت دواتر بایدنیش لەسەری رازی ببێت. لە ئەمریکادا زانراوە کە زۆرینەی ئافرەتانی کارکردوو 80 سەنت وەردەگرن، لە بەرامبەر هەر دۆلارێکدا کە دەدرێتە پیاوان. ئەو دەڵێ هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی پاراستنی تەندروستی ناسراو بە 'ئۆباماکیر'، پەیامێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە دڵنیایی تەندروستی بووەتە بابەتێکی 'رابوێری' نەک مافێکی کەسیی گرنگ.
 
سیاسەتەکانی دەرەوە
 
هاریس ناوی لە نێو ئەو لیستەی سەرکردە دیموکراتەکاندا بوو، کە پێشتر نامەی بۆمبڕێژکراویان بۆ دەنێردرا. ئەو بەرگری لە تاکە پەرلەمانتارە موسڵمانەکەی ئەمریکا بەناوی ئیلهان عومەر کرد لە بابەتی 'لۆبی جووەکان'دا. گوتی پێویستە رێز لە مافی گفتوگۆکردن بگیرێت، لەبارەی هەڵویستە سیاسییەکانەوە، بەشێوەیەک کە پشتگیری ئیسرائیل و پابەندی بۆ نیشتمان دەستەبەر بکات. ئەو گوتی جیاوازی هەیە لە نێوان رەخنەگرتن لە سیاسیەکی دیاریکراو، لەگەڵ بابەتی دژایەتیکردنی سامیەت.
 
لە کۆنگرەی ئایپاکدا، گوتی نابێ ئیسرائیل ببێتە بابەتی مشتومڕی نێوان هەردوو پارتە گەورەکەی وڵات، بەڵێنیدا بە کارکردن بەهەموو توانای خۆیەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل و مافی بەرگری لە خۆکردن.
 
ئەو لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی پیراندا، کاریکرد بۆ دەرکردنی بڕیارێک لە ئەنجوومەنی پیران، کە رێگری دەکات لە کارکردن بەبڕیاری ژمارە 2334ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە سەرکۆنەی ئیسرائیل دەکات بەهۆی دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێ لەسەر خاکی فەڵەستین. لە کۆنگرێسدا دەنگی بەبڕیارێکدا بۆ یادکردنەوەی پەنجا ساڵەی "یەکخستنی قودس"'.
 
لە نیسانی 2017 و پاش هێرشە کیمیاوییەکانی سەر خانشیخۆنی سووریا، هاریس بە بەشاری ئەسەدی سەرۆکی سووریای گوت: "ئەو تەنیا دیکتاتۆرێکی دڕندە نییە کە گەلەکەی خۆی دەکوژێت، بەڵکو ئەو تاوانباری جەنگە و ناکرێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوپۆشی لێ بکات". داوای لە سەرۆک ترەمپ کرد بەهاوکاریی کۆنگرێس، ستراتیژییەتێک لەبارەی سووریاوە گەڵاڵە بکات.
 
ساڵی 2018، نامەیەک لەلایەن 18 کۆنگرێسمانی دیموکراتەوە، ئاراستەی ترەمپ کرا کە ناچاریدەکەن بە وەرگرتنی رەزامەندی کۆنگرێس، بەر لە وەشاندنی هەر گورزێکی سەربازی لە دژی کۆریای باکوور. ئەو لەبارەی پاشەکشەی ئەمریکاوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، پاشەکشەکەی بە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ناوبرد کە ئەمریکا لە هاوپەیمانەکانی دادەبڕێت. 
 
ئەو گوتی رێککەوتنەکە باشترین رێگەیە، بۆ رێگریکردن لە ئێران، لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و پاراستنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کارەسات. لە بەرامبەریشدا پشتگیری ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی پیرانی کردووە، کە تایبەت بوون بە راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ سعودیە، یان دەستەوارەکانی فرۆشتنی چەک بەو وڵاتە، بەهۆی تێوەگلانی لە جەنگی یەمەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دۆناجین ویڵد لەکاتی تۆمارکردنی ریکۆردەکەی

ژنێکی 59 ساڵان ریکۆردی زۆرترین شناوی شکاند

دۆناجین ویڵد، تەمەنی 59 ساڵە و خەڵکی پارێزگەی ئەلبێرتای کەنەدایە، توانی ریکۆردی زۆرترین شناو لە کاژێرێکدا بۆ ژنان لە کتێبی گینس بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات. ویڵد هەزار و 575 شناوی لە کاژێرێکدا لێدا.