05-11-2024
07:32
ئەمریکا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرن، لە هەڵبژاردنێکدا کە 244 ملیۆن ئەمریکی مافی دەنگدانیان تێیدا هەیە.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 5-11-2024) کاژێر 14:00 (بەکاتی هەولێر) بنکەکانی دەنگدان لە ئەمریکا دەکرێنەوە، براوەی ئەو هەڵبژاردنە 4 ساڵ سەرۆکایەتیی ئەمریکا وەردەگرێت و رۆژی 20ـی کانوونی دووەم سوێندی یاسایی دەخوات.
ئەمە هەڵبژاردنی ژمارە 60ـی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ژمارە 47ـی ئەو وڵاتە.
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکانە و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکانە، ئەوەی دووەمیان ئەگەر بیباتەوە، دەبێتە یەکەم ژنە سەرۆک لە مێژووی ئەمریکادا.
ململانێکان لەنێوان کۆماری و دیموکراتەکان لە کۆمەڵێک ویلایەتی یەکلانەبووەوەیە و ئەوان چارەنووسی سەرۆک دیاری دەکەن، کە پێکدێن لە ویلایەتەکانی: نیوهامشەر، مینیسۆتا، نیڤادا، میشیگن، پەنسلەیڤانیا، ویسکۆنسن، ئەریزۆنا، جۆرجیا، کارۆلاینای باکوور، فلۆریدا و تەکساس.
پەنسلڤەینیا و 19 ناوچەکەی هەڵبژاردن، وەکو یەکێک لە ویلایەتە هەرە گرنگەکان سەیر دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت لەم هەڵبژاردنەشدا هەر وا بێ، هەروەها کۆمارییەکان سەرنجیان لەسەر سەرکەوتنە لە جۆرجیا، ئەریزۆنا و نیڤادا، لە هەڵبژاردنی رابردوودا جۆ بایدن، بەربژێری ئەوکاتی دیموکراتەکان بە جیاوازیێکی کەم لەو ناوچانە هەڵبژاردنی بردەوە.
لەم هەڵبژاردنەدا 74 ملیۆن کەس لەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، لەنێویشیاندا جۆ بایدن، پێش 24 کاژێر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا دەنگیان داوە.
چاوەڕێ ناکرێت ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆ چەند رۆژێک روون ببێتەوە، ئەنجامی کۆتاییش ماوەیەکی دەوێت بەڵام هەر ویلایەتە و ئەنجامەکەی خۆی رادەگەیێنێت کە تاڕادەیەک بەربژێری سەرکەوتوو دیاری دەکات.
لە ساڵی 2020 پاش چوار رۆژ لە هەڵبژاردن ئەنجام راگەیێنرا، ئەمەش پاش دڵنیابوونەوە لە ئەنجامی پەنسلڤەینیا، لەو ویلایەتەدا بایدن 20 خاڵ لە پێش ترەمپەوە بوو و گەیشتە دەنگی پێویست لە کۆکردنەوەی خاڵەکان کە 270ـیە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2016 دۆناڵد ترەمپ ئەو ناوچەیەی بردەوە و هەڵبژاردنەکەی لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلاییکردەوە.
راپرسییەکی نوێ دەریدەخات هاریس لە دەنگدانی پێشوەختە دا لەپێشە، هەروەها لە راپرسییەکی دیکەشدا لە دەنگی رەشپێستەکان بە هەمان شێوە هاریس لە پێشەوەیە.