لە وان 12 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکران

22-12-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای وان ـی باکووری کوردستان 12 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکران.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی وان رایگەیاند، تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی مادەی هۆشبەر سەر بە پارێزگاکە لە رۆژانی 15-21ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئۆپەراسیۆنیان دژی فرۆشیاران و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر کردووە و 12 کەسیان دەستگیرکردووە. 
 
بەگوێرەی ئاسایشی وان، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستگیراوە بەسەر 234 گرام مادەی هۆشبەری دەستکرد و  4.73 گرام حەشیش. 
 
لەو 12 کەسەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستگیرکراون و رێکاری یاساییان لە بەرامبەر گیراوەتەبەر، یەک کەس بە "بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر" و 11 کەسەکەی دیکەش بە "بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر" تۆمەتبارکراون.
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر زیادیکردووە. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 21-12-2023، رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 21ـی کانوونی یەکەم  لە 47 پارێزگا بەڕێوەچوو، 376 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەرکراون، هەروەها یەک تۆن و 156 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و 14 ملیۆن و 200 هەزار حەبی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە