پووتین: لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان، وەڵامێکی گونجاومان دەبێت

22-11-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ، وەڵامی گونجاویان دەبێت. هەروەها لەبارەی بەکارهێنانی مووشەکی دوورمەودا لەلایەن ئۆکرایناوە دەڵێت، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر جەنگ نابێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 21-11-2024، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کەناڵی فەرمیی وڵاتەکەیەوە گوتارێکی پێشکێشکرد. پووتین گوتی: "لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ، بەشێوەیەکی گونجاو وەڵاممان دەبێت."
 
سەرۆکی رووسیا باسی ئەو مووشەکە دوورمەودا ئەمریکییانەی کرد کە ئۆکراینا بە ئاراستەی رووسیا تەقاندنی و گوتی: "بەکارهێنانی مووشەکی دوورمەودای رۆژئاوا لەلایەن ئۆکرایناوە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر جەنگەکە نابێت."
 
رۆژی سێشەممە، 19-11-2024، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، "دووژمن بە شەش مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر رووسیا. بەگوێرەی زانیاریی پشتڕاستکراوە، مووشەکەکان لە جۆری ATACMS (ئەتاکمس)ـی ئەمریکی بوون. هێرشەکە کرایە سەر دامەزراوەیەکی سەربازیی هەرێمی بریانسک لە باشووری رۆژئاوای رووسیا."
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی: "بێگومان ئەمە ئاماژەیەکە کە ئەوان دەیانەوێت گرژییەکان زیادبن. ئێمە ئەم ئاماژەیە وەک قۆناخێکی نوێی جەنگ لێکدەدەینەوە کە وڵاتانی رۆژئاوا دژی رووسیا دەیکەن."
 
سەرۆکی رووسیا لە گوتارەکەی هەروەها گوتی: "مافی ئەوەمان هەیە کە چەک لە دژی پێگە سەربازییەکانی ئەو لایەنانە بەکاربهێنین، کە چەک لە دژمان بەکار دەهێنن. رووسیا لە وەڵامی شەڕەنگێزییەکانی رۆژئاوا، مووشەکێکی نوێی تاقیکردەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2024، هێزی ئاسمانی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "رووسیا لە شاری ئەستراخانی وڵاتەکەیەوە بە مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕ هێرشی کردووەتە سەر شاری دنیپرۆ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. مووشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکە ژێرخانی گرنگی کردووەتە ئامانج".
 
ئەمە یەکەمجار بوو سوپای رووسیا ئەمجۆرە مووشەکە لە دژی ئۆکراینا بەکاربهێنێت. خێرایی مووشەکە بالیستییە کیشوەبڕەکانی رووسیا 19 هەزار کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و دەتوانێت لە دووری 18 هەزار کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت و توانای هەڵگرتنی چەندین کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، رۆژی 17-11-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بڕیارێک کرد کە رێگە بە ئۆکراینا دەدات لە بەرامبەر "بردنی هەزاران سەربازی کۆریای باکوور بۆ وڵاتەکەی"، چەک و مووشەکی دوورمەودا بۆ بەئامانجگرتنی ئامانجەکانی لەنێو رووسیا بەکاربهێنێت. 
 
رۆژی 18-11-2024 دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند: "ئاشکرایە کە ئیدارەی ئێستای واشنتن دەیانەوێت ئەو هەنگاوانە بنێن کە دەبنە هۆی خۆشکردنی ئاگرەکە و دنەدانی زیاتری تەنگژە و گرژی."
 
ئەیلوولی ئەم ساڵ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەگەر ئۆکراینا لە لایەن ئەمریکاوە رێگەی پێبدرێت هێرش بکاتە نێو قووڵایی رووسیا، "ئەوکات رووسیا بە گوێرەی هەڕەشەکان بڕیاری گونجاو دەدات."
 
پێشتر ئیدارەی بایدن دژی ئەوە بوو کە رێگە بە ئۆکراینا بدرێت چەک و مووشەکی دوورمەودا لەنێو رووسیا بەکاربهێنێت و هۆشداری دابوو لەوەی کە ئەو هەنگاوە خزمەت بە ئۆکراینییەکان ناکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە