رووداو دیجیتاڵ
میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەیەوە هاوژینەکەی سەرۆکی پێشووی سووریا ناتوانێت بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە. بەهۆی رۆڵیشی لە کارەکانی سەرۆک دا، بەرپرسانی بەریتانیا نایانەوێت کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی بکەن و بگەڕێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، میدیای بەریتانیا راپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و هۆکاری نەگەڕانەوەی ئەسما ئەسەد، هاوژینی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بۆ بەریتانیا بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەسمای تەمەن 49 ساڵ، بەهۆی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەیەوە نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بەریتانیا بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت. ئایاری ئەم ساڵ، ئەسما تووشی شێرپەنجەی خوێن بوو و، تەندروستیی خراپە.
خراپیی تەندروستی لەم چەند رۆژەی رابردووی ئەسما دوای ئەوە ئاشکرابوو کە فەواز ئەخراس، باوکی ئەسما کە هاوکات پزیشکی دڵیشە، کلینیکەکەی لە شەقامی هارلی لە لەندەن جێهێشتووە. ئەمەش وەکو هەوڵێک لێکدەدرێتەوە بۆ سەردانی کچەکەی و چاودێریکردنی بارودۆخی.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەسما ئەسەد وڵاتینامەی سووریا و بەریتانیای هەیە، بەڵام لە ساڵی 2020ـەوە پاسپۆرتە بەریتانییەکەی بەسەرچووە.
بەرپرسانی بەریتانیا نایانەوێت ئەسما بگەڕێتەوە
ئڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەسما ئەسەد بۆ ئەو وڵاتە دەڵێت، حکومەت رێگە بە گەڕانەوەی نادات. دەشڵێت، "ناکرێت بڕیارەکە (بڕیاری گەڕانەوە) تەنیا بە هۆکاری تەندروستی بدرێت".
ئەو گوتانەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دوای ئەوە هاتن کە رۆژی 24ـی ئەم مانگە دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە پەرلەمانی بەریتانیا گوتی، ئەسما لە لەندەن لەدایکبووە و گەورە بووە، بەڵام چی دیکە لێرە "پێشوازی لێکراو نییە".
ساڵی 2000، ئەسما هاوسەرگیری لەگەڵ بەشار ئەسەد کرد. ئەو ساڵە ئەسما بووە خانمی یەکەمی وڵاتەکە دوای ئەوە حافز ئەسەد، باوکی بەشار ئەسەد و سەرۆکی پێشووتری وڵاتەکە لە هەمان ساڵ و لە تەمەنی 69 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.
ئەسما تۆمەتبارکراوە بەوەی بەشداربووە لە تاوانەکانی هاوسەرەکەیدا دژی گەلی سووریا. ئەو دەستی هەبووە لە وەرگرتنی هاوکارییە بیانییەکان و داڕشتنی سیاسەتی ئابووریی وڵاتەکەدا. بەو هۆیەوە، ساڵی 2012 و دوای دروستبوونی شەڕی نێوخۆ لە سووریا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا سزای دارایی ئەسمایان دا و قەدەخەی هاتووچۆیان لەسەر دانا.
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، حکومەتەکەی ئەسەد دوای 24 ساڵ رووخا. ئەسەد و خانەوادەکەی بە 270 کیلۆگرام زێڕ و دوو ملیار دۆلارەوە رایانکردە رووسیا، بەڵام راپۆرتە بەریتانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لەوێ هیچ جۆرە ئازادییەکیان نییە و جووڵە و کارەکانیان لە مۆسکۆ سنووردار کراون.
تەندروستیی ئەسما ئەسەد
ساڵی 2018، ئەسما ئەسەد تووسی شێرپەنجەی مەمک بوو، ساڵێک دواتر چاکبوونەوەی راگەیێندرا، ئەمە بەهۆی وەرگرتنی چارەسەرە کیمیاییەکانەوە بوو، بەڵام ئایاری ئەم ساڵ تووشی شێرپەنجەی خوێن بوو.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی میدیای بەریتانیا، "ئەسما ئێستا تەندروستی زۆر خراپە و پزیشکەکان چانسی مانەوە لە ژیانیان بە 50٪ داناوە."
هەفتەی رابردوو، سەرچاوەیەکی نزیک لە خێزانی ئەسما بە رۆژنامەی تەلەگرافی راگەیاند، "ئەسما خەریکە دەمرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ