رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەک کە 181 کەسی لە تایلاندەوە بۆ کۆریای باشوور هەڵگرتبوو، لە کاتی نیشتنەوەی کۆنترۆڵی لەدەستدا و تێکشکا. جگە لە دوو کەس، هەموو سەرنشینانی نێو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی بەرپرسانی کۆریای باشوور، لە ئاسمان پۆلێک باڵندە بەر فڕۆکەکە کەوتوون و بووەتە هۆی تێکشکانی فڕۆکەکە.
وەک لە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەدا دەردەکەوێت، فڕۆکەی جۆری جێجو ئێیەر بۆینگ 737-800، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موان بە ناتەواوی لەسەر سکی نیشتەوە، پێش ئەوەی خۆی بە دیوارێکی کۆنکریتیدا بکێشێت، دووکەڵ لە یەکێک لە بزوێنەرەکانی دەردەچوو. دوای ئەوەی خۆی بە دیوارەکە کێشا، فڕۆکەکە ئاگری گرت و تەقییەوە.
شاری موان 288 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای سیئۆلی پایتەختەوە دوورە.
رۆژی یەکشەممە 29-12-2024، ئاژانسی ئاگرکوژێنەوەی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە: "لەو 179 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، 65 کەسیان ناسراونەتەوە و بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەوانی دیکە، پشت بە پشکنینی DNA دەبەستێرێت."
لەنێو تێرمیناڵی فڕۆکەخانەکە، چەندین خێزان بە چاوی فرمێسکەوە چاوەڕێی هەواڵ بوون. بەرپرسێکی فڕۆکەخانەکە دەستی بە خوێندنەوەی لیستە 65 ناوییەکە کرد و لەگەڵ خوێندنەوەی هەر ناوێک گریان و هاواری کەسوکاری قوربانییەکان زیاتر دەبوو.
بەگوێرەی ئاگرکوژێنەوەی وڵاتەکە، ئەو دوو کەسەی لە رووداوەکە رزگاریان بووە لە ستافی فڕۆکەوانیدا بوون.
بەرپرسێکی ئاگرکوژێنەوە رایگەیاند: "لەگەڵ پێداکێشانی فڕۆکەکە بە دیوارەکە، زۆربەی سەرنشینەکان لە شوێنی خۆیان دەرپەڕیون و دەرفەتی مانەوەیان لە ژیان نەبووە."
جوو جۆنگوان، جێگری وەزیری گواستنەوەی کۆریای باشوور رایگەیاند: "ئامێری تۆمارکەری داتای فڕین و ئامێری دەنگ تۆمارکردنی فڕۆکەکە دۆزراونەتەوە."
"خوشکم چووەتە بەهەشت"
بەگوێرەی بەرپرسان، جگە لە دوو تایلاندی، هەموو سەرنشینەکانی دیکە خەڵکی کۆریای باشوور بوون. بە تەمەنترین سەرنشین تەمەنی 78 ساڵ و بچووکترینیش کوڕێکی سێ ساڵان بوو.
پیاوێکی بەتەمەن کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "کوڕێکم لەنێو فڕۆکەکە بوو."
ژنێکی 65 ساڵەش گوتی: "خوشکم لەنێو فڕۆکەکە بوو، ئێستا ئەو لە بەهەشتە."
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپی کۆری بڵاویکردەوە، دوو رزگاربووەکە بۆ دوو نەخۆشخانەی جیاوازی شاری سیئۆل گوازراونەتەوە.
جوو ونگ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ژنانی سیئۆل گوتی، یەکێک لە رزگاربووەکان بە دکتۆرەکانی گوت: "کاتێک بەهۆش خۆم هاتمەوە، رزگار کرابووم."
میدیای کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، هەردوو رزگاربووەکە کارمەندی نێو فڕۆکە لە بەشی خزمەتگوزاری سەرنشینان بوون. یەکێکیان پیاوە و ئەوی دیکە ژنە. پیاوەکە چەند ئێسکێکی شکاوە. ژنەکەش تەمەنی 25 ساڵە و گۆزینگ و سەری بریندارە.
پێش نیشتنەوەی، فڕۆکەوانەکە راپۆرتی لەبارەی باڵندەکان دابوو. لی جیۆنگ هیون، سەرۆکی فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی موان رایگەیاند: "پێدەچێت رووداوەکە بەهۆی پێداکێشانی پۆلێک باڵندەوە بووبێت، بەڵام زانیاریی ورد دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان بڵاودەکرێتەوە."
"داوای لێبوردن دەکەین"
کۆمپانیای جێجو ئێیەر، کە خاوەنی فڕۆکەکەیە رایگەیاند: "داوای لێبووردن دەکەین." بەرپرسانی کۆمپانیاکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، سەریان نەوی کرد و گوتیان: "بەڵێن بێت هەرچییەکمان لە توانادا بێت دەیکەین."
کۆمپانیای بۆینگ، کە دروستکاری فڕۆکەکەیە رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای جێجو لە پەیوەندیدا بوون و "ئامادەین پشتیوانییان بکەین."
چۆی سانگ مۆک، سەرۆکی کاربەڕێکەری کۆریای باشوور کۆبوونەوەیەکی لەناکاوی رێکخست و دواتر سەردانی شوێنی تێکشکانی فڕۆکەکەیان کرد. کۆریای باشوور حەوت رۆژ ماتەمینیی گشتی راگەیاند.
کۆمپانیای جێجو لە ساڵی 2005ـەوە دامەزراوە و یەکێکە لە کۆمپانیا فڕکەوانییە زۆر گەورەکانی کۆریای باشوور، کە بە نرخی هەرزان بەنێوبانگە. لە مێژووی کۆمپانیاکە ئەمە یەکەم رووداوە کە خەڵکی تێیدا گیان لەدەست بدەن.
لە 12-08-2007 فڕۆکەیەکی کۆمپانیایەک لە جۆری بۆمباردیەر کە 74 کەسی هەڵگرتبوو، لەکاتی نیشتنەوە بەهۆی بای بەهێزەوە کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا و چەند کەسێک تێیدا برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ