لە دوورگەی کۆس لە یۆنان 37 کۆچبەر رزگار کران

20-07-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ 37 کۆچبەر، کە کوردی رۆژئاوای کوردستانیشیان تێدا بووە، دوای لەکارکەوتنی بەلەمەکەیان لە دوورگەی کۆس رزگار کراون و ئێستا بۆ کەمپێک لە هەمان دوورگە گواستراونەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023 پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو 37 کۆچبەرە هاووڵاتیی فەلەستینی و کوردی رۆژئاوای کوردستانن، کە لەنێو بەلەمێکی چووپ بوون و دوای لەکارکەوتنی چووپەکەیان لەلایەن هێزی دەریاوانیی یۆنانەوە هەموویان رزگار کراون."
 
بە گوتەی پێشڕەو عەبدوڵڵا، ئەو 37 کۆچبەرە، چواریان منداڵن و ئافرەتێکیشیان لەگەڵدا بووە و دەڵێت، "چوار لەو کۆچبەرانە تەندروستییان تێکچووە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکدان."
 
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو 37 پەنابەرە دوای رزگار کردنیان گواستراونەتەوە بۆ کەمپێک لە هەمان دوورگە (کۆس).
 
میدیای یۆنان ئاماژەی بەو رووداوە کردووە و دەڵێت، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 34 کۆچبەر لە کەناراوەکانی دوورگەی کۆس لە یۆنان لەلایەن پاسەوانی دەریاوانیی یۆنانەوە رزگار کران."
 
بەگوێرەی میدیای یۆنانی، 26 لەو کۆچبەرانە پیاون، چواریان ئافرەتن و چواریشیان منداڵن. سەرجەم کۆچبەرەکان گواسترانەوە بەندەری کۆس و چوار منداڵەکە رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی لە کۆس کران و دوای پشکنین بۆ بارودۆخی تەندروستییان، بەڕێکراون.
 
کۆس، یەکێکە لە نزیکترین دوورگە گەشتیارییەکانی یۆنان لە دەریای ئیجە لە نزیک سنوورە ئاوییەکانی تورکیا، کۆچبەران هەر کە لە بۆدڕووم بەڕێدەکەون، یەکەم شوێن دەگەنە ئەو دوورگەیە، کە رووبەرەکەی 295.3 کیلۆمەتر دووجایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە