رووداو دیجیتاڵ
چیرۆکی زیادکردنی رۆژنامەڤانێک بۆ نێو گرووپێکی تایبەت بە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، بووەتە رۆژەڤێکی گەرمی ئەو وڵاتە.
لە واشنتن دی سی، لەو بارەیەوە پرسیار لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرا. ئەویش گوتی"نازانم لە گرنگیی شت کەمبکەمەوە، بەڵکو ئەوە میدیایە شتەکەی گەورە کردووە."
ترەمپ پێیوایە "ئەو بابەتە زیاتر جۆریکە لە ململانێ" و دەڵێ "من بەشێک نەبووم لەمە، بۆیە هیچی لێنازانم."
لەو گرووپەی سیگناڵدا زانیاری پێشوەختە لەسەر هێرشێکی 15ـی ئەم مانگەی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن بڵاوکرابووەوە.
رۆژی چوارشەممە، گۆڤاری ئەتڵەنتیکی ئەمریکی ژمارەیەک نامەی دیکەی نێو گرووپەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژە بە کاتی هێرشەکە، جۆری ئەو درۆن و فڕۆکانەی تێیدا بەکاردەهێندرێن، کردووە.
بەرپرسانی ئەمریکا لەنێو خۆیاندا لەسەر دیاریکردنی کەسی بەرپرسیار لەم دۆخە، دابەش بوون.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ "ئاشکرایە؛ کەسێک هەڵەیەکی کردووە. کەسێک هەڵەیەکی گەورەی کردووە کە رۆژنامەڤانێکی هێناوەتە نێو گرووپەکە. ئەمە لە دژی رۆژنامەڤانەکە نییە، بەڵام پێویست نەبوو ئەو لەنێو ئەوێدا بێت."
لەبەرامبەردا جاسۆن کرۆو، ئەندامی دیموکراتی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ "کەس نایەوێت بێت و بڵێت؛ هەڵەکە ئەوەیە. بڵێت، ئەوە دزەکردنێکی ئەمنییە و دووبارەی ناکەینەوە. ئەمە زۆر خراپە و شکستی سەرکردایەتییە. بەو هۆیانەوە وەزیر هێگس کە زانیارییە هەستیارەکانی لە رێگەی ئەو تۆڕەوە ناردووە، پێویستە دەستبەجێ دەستلەکار بکێشێتەوە."
بەشێکی کۆمارییەکانیش پێیانوایە دیموکراتەکان ئەو بابەتە بۆ لێدان لە ترەمپ بەکاردەهێنن.
جۆن کەنەدی، سیناتۆر کۆماری گوتی "چۆن دڵنیایی بدەین کە ئەوە دووبارە نابێتەوە؟ دیموکراتەکان ئەمە بەکاردەهێنن. بابەتەکە پەیوەندیی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە نییە، بەڵکو هەوڵدەدرێت وەکو خاڵێک دژی سەرۆک بەکاربهێندرێت."
دۆخەکە پێدەچێت خراپتر بێت، چونکە بەگوێرەی میدیای ئەڵمانی، ئەگەر بە چەند رێگەیەکی تایبەت بە ئینتەرنێتدا بگەڕێیت، دەتوانیت ژمارەی مۆبایل، ئیمەیڵ و ئەو وشە نهێنیانەی لەلایەن بەشێکی بەرپرسانی ئەمریکاوە، لەوانە وەزیری بەرگریی و بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی بەکارهێندراون بدۆزیتەوە، ئەمەش ئەگەری هاککردن و هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەریان زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ