خێزانێکی کورد لە هۆڵەندا چەندین کیلۆ کولیچەیان بۆ جەژن دروستکردووە

20-04-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
 لە هۆڵەندا چوار ژنی کورد خەریکی دروستکردنی کولیچەن بۆ جەژن
لە هۆڵەندا چوار ژنی کورد خەریکی دروستکردنی کولیچەن بۆ جەژن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خێزانێکی کوردی دانیشتووی هۆڵەندا چەند رۆژێک پێش جەژن دەستیان کردووە بە دروستکردنی کولیچە، ئەمە وەکو ئامادەکارییەک بۆ جەژن. ئاڵا، جوانە، ئەمینە و ساکار هەرچواریان چەندین ساڵە لەو وڵاتەدا دەژین و دەڵێن، هەموو رەمەزانێک بە رۆژوو دەبن و خۆیان بۆ جەژن ئامادە دەکەن. 
 
ئاڵا عومەر، هاونیشتمانی بە رووداوی گوت، "بەڕاستی ئەم رەمەزانە بەلامەوە زۆر خۆش و ئاسان بوو، ئەمە جەژنێکی زۆر سەرەکییە بۆمن، خواردنێکی خۆش دەکەم و چەرەسات و میوەی جوان دەکڕم و حەزم لێیەتی کە داینێم لەسەر مێز و بیڕازێنمەوە بە مۆمی جوان و بۆنخۆش، هەروەها ئەو کولیچە جوانەش دادەنێم."
 
ئەو خێزانە 23 ساڵە لە هۆڵەندا دەژین، جوانە دایکی سێ منداڵە و دەڵێت، هەموو ساڵێک جەژنە ئایینی و نەتەوەییەکان پیرۆز دەکات و منداڵەکانیشی بە جەژنەکان ئاشنان.
  
جوانە ئەحمەد، هاونیشتمانیی دانیشتووی هۆڵەندا بە رووداوی گوت، "منداڵەکانم هەموو ساڵێک لەسەر ئەو کولتوورە جەژنەکان پیرۆز دەکەین، جەژنی نەورزۆ پیرۆز دەکەین و ئاگریان بۆ دەکەمەوە لە باخەکەماندا، هەروەها جەژنی قوربان و رەمەزان نانی بەیانیانم دروستکردووە هەرچۆن دایکم نانی بەیانیانی دروستکردووە، هەموو جەژنێک هەستاوم نانی بەیانیم دروستکردووە. هەموو جەژنێک جلی جوانیان بۆ دەکڕم بۆ ئەوەی هەست بە جەژنەکە بکەن ئینجا جەژنانەش وەردەگرن."
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، 5٪ـی دانیشتووانی هۆڵەندا موسڵمانن. بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش، نزیکەی 100 هەزار لە هۆڵەندا دەژین. 
 
ئەمینە حوسێن، دایکی چوار منداڵە و دەڵێت، بەوپەڕی شانازییەوە رێز لە رەمەزان دەگرین و خۆشمان بۆ ئامادەکردووە و خۆشم و منداڵەکانم و هاوسەرەکەشم بە رۆژوو بووین، ئەوە پەردە و شتمان بۆ ششتووە و ئامادەکاریمان بۆ کردووە، شیرینی و کولیچەمان کردووە و دووبارە ئیجازەم بۆ منداڵەکان وەرگرتووە نەچن بۆ مەکتەب و خۆشم ناچم بۆ ئیش بۆ ئەو رۆژە پیرۆزە."
 
دوای چەند کاژێرێک لە دروستکردنی چەندین کلیۆ کولیچە، ئەو خێزان کوردە بە دڵێکی خۆشەوە خۆیان و سەرمێزیان بۆ جەژنی رەمەزان ئامادەکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە