رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا رایانگەیاند لە شەوی شەممەوە، رووسیا زنجیرەیەک مووشەکی ئاراستەی شاری کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا کردووە. رووسیاش رایگەیاند 11 درۆنی ئۆکراینایان تێکشکاندووە.
رۆژی یەکشەممە، 05ـی نیسانی 2025، ڤیتالی کلیتچیکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، لە شەوی شەممەوە، رووسیا زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ئەو شارە، ئەمەش تەنیا دوو رۆژ لەدوای هێرشەکانی مۆسکۆ دێت بۆ سەر شارەکەی سەرۆکی ئۆکراینا، کە بووە هۆی کوشتنی 18 کەسی سڤیل.
سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ ئاماژەی بەوە کرد، هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی تەندروستی رەوانەی دوو ناوچەی جیاوازی کیێڤ کردووە، دوای ئەوەی بە مووشەک کرانە ئامانج، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا سێ کەس برینداربوون و چەند باڵەخانەیەکیش زیانیان پێگەیشت.
ئەو بەرپرسەی ئۆکراینا لە پەیامێکیشدا بۆ خەڵکی شارەکە دەڵێت: "لەنێو شێڵتەرەکان بمێننەوە؛ هێرشەکان بەردەوام دەبن."
ئەو هێرشانەی رووسیا لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەدوای زیاتر لە سێ ساڵ جەنگ، لە هەوڵدایە بۆ نزیککردنەوەی رووسیا و ئۆکراینا و گەیشتن بە ئاگربەست.
لە بەرامبەردا رۆژی شەممە، سوپای رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان توانیوویانە، 11 درۆنی سوپای ئۆکراینا لە ئاسمانی رووسیادا تێکبشکێنن.
رۆژی شەممەش، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، رەخنەی تووندی لە بەیاننامە "لاوازەکەی" باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کیێڤ گرت کە رووسیای تاوانبار نەکردووە بۆ ئەو هێرشە مووشەکییەی کرایە سەر شاری کریڤۆی رۆگ، لەنێوەڕاستی ئۆکراینا کە شاری زیلینسکییە و بووە هۆی کوشتنی 18 کەس و 9ـیان منداڵ بوون.
دوای هێرشەکە و کاردانەوەی ئەمریکا، زیلینسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "بەداخەوە، کاردانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا چاوەڕواننەکرا بوو، وڵاتێکی ئاوا بەهێز و خەڵکێکی ئاوا بەهێز، بەڵام کاردانەوەکەیان زۆر لاواز بوو. ئەوان ئێستا دەترسن وشەی رووسیا بەکاربهێنن کاتێک باس لە هێرشی مووشەکی دژی منداڵان دەکەن. ئەمە تەنیا رێگە بۆ مۆسکۆ خۆش دەکات، لە جەنگ بەردەوام بێت و دیپلۆماسییەت پشتگوێ بخات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ