زیلینسکی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی گەیشتە سعودیە

19-05-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئۆکراینا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سعودیە و بەشداری لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبیدا دەکات کە لە شاری جەدە بەڕێوەدەچێت.  
 
رۆژی هەینی، 19ـی ئایاری 2023، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە سەردانێک گەیشتە سعودیە بۆ ئەوەی بەشداری لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبیدا بکات. ئەوەش دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆکی ئۆکراینا بۆ سعودیە.
 
پێش گەیشتنی بە سعودیە، زیلینسکی لە تویتێکدا رایگەیاند کە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەهێز دەکات و گوتیشی: "لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی گوتارێک پێشکەش دەکەم و لەگەڵ شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان کۆدەبمەوە و کۆبوونەوەی دیکەشم دەبێت." 
 
زیلینسکی گوتیشی: "کاری هەرە لەپێشینەم باسکردنی پرۆسەی ئاشتی دەبێت کە لە جێبەجێکردنیدا پێویستە زۆرترین وڵات بەشداری تێدا بکەن."
 
هاوکات، باسی لەوەشکرد، "زیندانیانی سیاسی لە کریمیا، ناوچە داگیرکراوەکان، گەڕانەوەی ئاوارەکان، و هاوئاهەنگی لە کەرتی وزەدا" لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی گفتوکۆی لەبارەوە دەکرێت. 
 
سعودیە، بەگوتەی زیلینسکی، رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت و هەردوو لایەنیش ئامادەن هاوکارییەکانیان بەرەوپێش ببەن. 
 
هاوکات، ئەناتۆلی پێترینکۆ، باڵیۆزی ئۆکراینا لە سعودیە رایگەیاند: "ئەو سەردانەی سەرۆک زیلینسکی بۆ لووتکەی کۆمکاری عەرەبی، هەنگاوێکی گرنگە لە پەیوەندی نێوان ئۆکراینا و جیهانی عەرەبی."
 
بەرپرسانی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی رایانگەیاند کە بەشداریکردنی زیلینسکی لەسەر داوای کۆمکارەکە نەبووە، بەڵکو سعودیە ئەوی بۆ لووتکەکە بانگهێشتکردووە. 
 
ئەو سەردانەی زیلینسکی بۆ سعودیە لە کاتێکدایە کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ئۆکراینا لەگەڵ رووسیا لە جەنگدایە.
 
لووتکەی ئەمجارەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی کە لە شاری جەدەی سعودیە بەڕێوەدەچێت، 32مین لووتکەی کۆمکارەکەیە و لە دوای ساڵی 2011 یەکەمجارە بەشار ئەسەد بە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی بەشداری لە لووتکەکەدا بکات. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە