رووداو دیجیتاڵ
دەم پارتی "پێشێلکارییەکان"ی هەڵبژاردنی 31ـی ئادار و دۆخی دەمیرتاش و کاڤاڵا لەگەڵ فەرەنسییەکان تاوتوێ دەکات.
شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان - دەم پارتی سەردانی فەرنسایان کرد، رۆژی پێنجشەممە، 18ـی نیسانی 2024، لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لەگەڵ سکرتێری گشتیی کۆنسەی ئەورووپا کۆبوونەوە.
بەردان ئۆزتورک، هاوگوتەبێژی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی؛ سەڤیلای چەلەنک، پەرلەمانتاری دەم پارتی و فایەق یاگیزای، نوێنەری دەم پارتی لە ستراسبۆرگ بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.
دەم پارتی رایگەیاندووە لە کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ ماریژا پەژجینۆڤیج، سکرتێری گشتیی کۆنسەی ئەورووپا بارودۆخی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورک تاوتوێ کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەم پارتی، "پێشێلکارییەکان"ی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری ئەم ساڵ و بارودۆخی سیاسیی تورکیا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراوە.
دەمیرتاش لە ساڵی 2016ـەوە لە چوارچێوەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ بە تۆمەتی پەکەکەبوون دەستگیرکراوە. کاڤاڵاش 2017 ـەوە بە تۆمەتی ''رۆڵگێڕان لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەممووزی 2016، ھاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و دژایەتیکردنی دەسەڵات و سپۆنسەرکردنی خۆپیشاندەرانی رووداوەکانی پارکی گەزی'' لە ئیستەنبووڵ بەندکراوە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش و کاڤاڵای داوە، بەڵام تورکیا جێبەجێ ناکات.
بەپێی مادەی 46ـی رێککەوتننامەی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا پابەندکەرن بۆ دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان.
تورکیا 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ی دەستووری وڵاتەکەیەوە. بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری تورکیا بێت، دەبێت ئەنقەرە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەکو خۆی جێبەجێ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ