رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئازەربایجان و ئەمڕۆ سێشەممە، 18-7-2023 کۆبوونەوەکانی دەستپێدەکات کە سەرەکیترینیان لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتەیە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان کۆدەبێتەوە و هەردوو سەرۆک پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، برەودان بە هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاکاندا تاوتوێ دەکەن.
سەردانەکە لەدوای ئەوە دێت، لە شوباتی ئەمساڵدا و لەچوارچێوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی و ئیلهام عەلێیڤ کۆبوونەوە و، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئازەربایجان بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ وڵاتەکەی.
عەلیێڤ لە کۆبوونەوەی رابردوویدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و بازرگانی کردبوو، لەگەڵ دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی ئابووری بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ