رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان گەیشتە باکوی پایتەختی ئەو وڵاتە، هەردوو سەرۆک کۆبوونەوە.
پێش ئەوەی بەفەرمی کۆبوونەوەکەیان دەستپێبکات، ئیلهام عەلیێڤ بە نێچیرڤان بارزانی گوت، "بیرەوەریی زۆر باشم هەن سەبارەت بە کۆبوونەوەکەمان لە میونشن"، نێچیرڤان بارزانیش پێی راگەیاند "زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم، زۆر خۆشحاڵم کە لەکۆتاییدا هاتمە ئێرە".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆکی ئازەربایجان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت "گفتوگۆی باشمان دەبێت بۆ دیاریکردنی بابەتەکانی هاوبەشیمان لەماوەی سەردانە دوو رۆژییەکەتدا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 18-7-2023) گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەیدەر عەلیێڤ لە باکو و، لەلایەن عەلی ئەحمەدۆڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئازەربایجان، هەروەها باڵیۆزی عێراق لە ئازەربایجان و باڵیۆزی ئازەربایجانیش لە عێراق پێشوازیی لێکرا.
سەردانە مێژووییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان جگە لە گرنگیی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا، هەروەها لەلایەن کوردانی ئازەربایجانیشەوە بە گرنگ سەیر دەکرێت، وەک زابیت مەمەدۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان بە رووداوی گوت "ئێمە وەکو کوردانی ئازەربایجان، پێمانوایە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان زۆر گرنگە، ئەم پەیوەندییەش کە لەنێوان ئازەربایجان و کوردستان دروست دەکرێت زۆر گرنگە، چونکە ئێمەش کێشەمان هەیە و لەو رێگەیەوە دەکرێت چارەسەر بکرێن".
سەردانەکە لەدوای ئەوە دێت، لە شوباتی ئەمساڵدا و لەچوارچێوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی و ئیلهام عەلێیڤ کۆبوونەوە و، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئازەربایجان بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ وڵاتەکەی.
عەلیێڤ لە کۆبوونەوەی رابردوویدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و بازرگانی کردبوو، لەگەڵ دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی ئابووری بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ