رووداو دیجیتاڵ
کچە کوردێکی کۆچبەری تەمەن 10 ساڵ لە رووبارێکی نێوان سلۆڤینیا و کرواتیادا خنکا.
بە گوێرەی "پەیمانگەی ئۆ بی سی ترانز ئەوروپا" کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە کاروباری باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا، کچەکە لەگەڵ دایکی و خوشک و براکانیدا هەوڵیاندابوو لە رووباری دراگۆنیا بپەڕنەوە، بەڵام کەوتووەتە نێو رووبارەکە.
دوو رۆژ تیمەکانی فریاگوزاری بە دوای تەرمەکەیدا گەڕان تاوەکو ئەمڕۆ لە قووڵایی دوو مەتر دۆزیانەوە و هێنایانە دەرەوە. رووبارەکە بچووکە و هەریەکە لە سلۆڤینیا و کرواتیا لە یەک جیادەکاتەوە و هەردوو وڵاتیش ناکۆکییان لەسەرییەتی.
رووداوەکە دەستیپێکرد کاتێک ژنێکی کوردی تەمەن 47 ساڵ هەوڵیدا لەگەڵ چوار منداڵەکەی لە رووبارەکە بپەڕنەوە و بچنە نێو سلۆڤینیا.
دووان لە منداڵەکانی ئەو ژنە کە کوڕێکی تەمەن 18 ساڵ بوو لەگەڵ یەکێکی دیکەی پێنج ساڵان توانییان لە رووبارەکە بپەڕنەوە و بگەنە سلۆڤینیا.
دایکەکە کچە 10 ساڵانەکەی لەسەر شانی خۆی دانا، بەڵام لە نێوەڕاستی رووبارەکە گیری خوارد؛ ئاوی رووبارەکە بەهۆی بارانبارینەوە زیادیکردبوو، کچەکەی لەسەر شانی دایکەکەی فڕێدا و لەگەڵ خۆی بردی، لە کاتێکدا کە دایکەکە خۆی بە لقی رووەکێکەوە گرت.
هاوکات کوڕێکی دیکەی 13 ساڵانی کە هێشتا لەنێو کرواتیا بوو هانای بۆ ماڵێکی نزیک لەو ناوچەیە برد و بەو وشە ئینگلیزییانەی دەیزانی "help, help" داوای یارمەتی کرد.
ئەو خێزانە یەکسەر چوونە شوێنی رووداوەکە، ماوەیەکی کەمیش دوای ئەوە، پۆلیسی کرواتیا گەیشتە شوێنەکە. هەر لەو کاتەدا، پۆلیسی سلۆڤینیاش چوونە ئەوێ و پەتێکیان بۆ دایکەکە فڕێدا بۆ ئەوەی خۆی پێوە بگرێت، دواتر پەیژەیەکی درێژیان لەم دیو بۆ ئەودیوی رووبارەکە دانا و ژنەکەیان رزگارکرد.
خێزانە کوردەکە درانە دەست کرواتییەکان، ئەوانیش یەکەمجار بردیانن بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری پولا، دواتریش گوێزرانەوە بۆ ناوەندێکی کۆچبەران لە شاری زاگریب و لەوێ داوای مافی پەنابەرێتییان کرد.
حکومەتی کرواتیا ئامادەیی پێشانداوە یارمەتیدەر بێت بۆئەوەی تەرمی کچە 10 ساڵانەکە بگەڕێندرێتەوە باکووری کوردستان بۆ ئەوەی لە شوێنی لەدایکبوونی بە خاکبسپێردرێت.
بە گوێرەی پەیمانگەکە، لە چوار ساڵی رابردوودا 23 کۆچبەر لە سلۆڤینیا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ