رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەی نێوان بایدن و سوودانیدا، گفتوگۆ لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال و دابینکردنی هەلی کار بۆ کەمینەکان کراوە.
رۆژی سێشەممە، 16-04-2024 خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق میوانی نوورۆژی رووداو بوو کە سورەیە سدیق و زانایا کایانی پێشکەشیان کرد، گفتوگۆیان لەبارەی سەردانی سوودانی بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی وڵاتەکە کرد.
خەلەف شنگالی دەڵێت، بابەتی هەرە گرنگی کۆبوونەوەکە رێکخستنەوە و پاڵپشتیی ئابووری عێراق بوو لەلایەن ئەمریکاوە، هەردوولا رێککەوتن کە هاوبەشییەکی ستراتیژی لە نێوانیان هەیە و پێویستە پێوەی پابەندبن.
بە گوتەی راوێژکارەکەی سوودانی، ئەمریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ سەقامگیریی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانی شنگال لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی بایدن و سوودانی بوو؛ خەلەف شنگالی دەڵێت، باس لەوە کراوە هەوڵبدرێت هەلی کار بۆ ئێزدییەکان و کەمینەکان بە گشتی دابین بکرێت و هەردوو وڵات هاوکاربن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
جگە لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، بە گوتەی خەلەف شنگالی بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان چەند لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات پێکهێنراون.
ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان داوایان کردووە ئەمریکا بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی ئابووریی شنگال و کار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوارە و قوربانییەکان بکات و هەوڵ بۆ رزگارکردنی ئەو کچ و ژنە ئێزدییانە بدات کە ژمارەیان نزیکەی 2600 بۆ 3000 کەسن و تاوەکو ئێستا رزگارنەکراون.
زیاتر لە ساڵێکە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. خەلەف شنگالی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکان باس لەوەکراوە راگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوت کاریگەری نەک تەنیا لەسەر هەرێمی کوردستان بەڵکو لەسەر ئابووری هەموو عێراقیش هەبووە.
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، لەوبارەوە کراوە جەخت لە گرنگی هەناردەکردنەوەی نەوت و بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بەغدا مووچەی مانگی شووبات و ئاداری 2024ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نارد.
خەلەف شنگالی دەڵێت، باس لە خاڵە ئەرێنییەکانی حکومەتی سوودانی کراوە، یەکێک لەوانە بابەتی ناردنی مووچە بووە بۆ هەرێمی کوردستان کە بە هەنگاوێکی زۆر باش دانراوە.
رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە. ماجد شنگالی دەڵێت، عێراق و ئەمریکا جەختیان لەوەکردەوە هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی دیموکراسی گرنگە و دەبێت بکرێت و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش باسی لەوە کرد کە زۆر گرنگە پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەشداری بکات.
بابەتێکی دیکە کە خەلەف شنگالی باسی کرد، پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا رۆژی چوارشەممەی سەرساڵی ئێزدییان ببێتە پشووی فەرمی بۆ کوردانی ئێزدی کە بۆ ئەم ساڵ دەکاتە 17ـی مانگی نیسان.
دەشڵێت، "ئەمڕۆ پەیوەندیمان بە وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا کرد، بڕیارە ئەوانیش رۆژی 3ـی ئاب وەکو رۆژی جینۆسایدی ئێزدییان بناسێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ