رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هاوکاریی دارایی حکومەتی ئەمریکای بۆ دامەزراوە میدیاییەکان راگرت.
رۆژی هەینی، 15ـی ئاداری 2025، سەتان رۆژنامەڤان و ستافی ئەو دەزگە میدیایانەی لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە هاوکاری دارایی دەکرێن، لەوانەش دەنگی ئەمریکا، رادیۆی ئازادیی ئاسیا، رادیۆی ئەورووپای ئازاد، ئاگادارکرانەوە کە کەرەستەکانیان رادەستی دەزگەکانیان بکەنەوە و چیدیکەش نەچنە سەر کار.
کۆشکی سپی لەبارەی راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو دەزگە میدیایانە رایگەیاند: "بڕیارەکە بۆ ئەوەیە چیدیکە باجدەرانی ئەمریکا نەبنە کەرەستەی پڕوپاگەندەی تووندڕۆکان."
مایکڵ ئابرامۆویتز، بەڕێوەبەری گشتیی دەنگی ئەمریکا رایگەیاند، لەو هەزار و 300 کارمەندەی دەزگەکەیە کە رۆژی شەممە نەچووەتە سەر کار و گوتیشی: "دەنگی ئەمریکا پێویستی بە ریفۆرمێکی گشتی و سەرتاسەرییە و، ئێمە لەو بوارەوە پێشڤەچوونمان هەبوو، بەڵام بڕیارەکە دەزگەکە ناچار دەکات نەتوانێت ئەرکە گرنگەکەی جێبەجێ بکات."
بەڕێوەبەری گشتیی دەنگی ئەمریکا رایگەیاند، خزمەتگوزاریی میدیاکەیان بە 48 زمانی جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا بڵاودەکرایەوە و، هەفتانە دەگەیشتە نزیکەی 360 ملیۆن کەس.
هەر لەبارەی بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ، ستیفن کاپەس، بەڕێوەبەری رادیۆی ئازادیی ئەورووپا رایگەیاند، ئەو بڕیارە "دیارییەکی گەورەیە بۆ دووژمنانی ئەمریکا" و گوتی، دەزگەکەیان "بەشێکی گرنگ بوو لە رووبەڕووبوونەوەی جەنگی هەواڵی ناڕاستی رووسیا و چین. ئایەتوڵڵاکانی ئێران. سەرکردە کۆمیونیستەکانی چین و تاکڕۆکانی مۆسکۆ و مینسک، دوای 75 ساڵ خۆشحاڵ دەبن بە نەمانی رادیۆی ئازادی ئەورووپا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ