رووداو دیجیتاڵ
لە شەوێکی ساردی مانگی شوبات بۆ 74ـەمین جار بەرلین، فەرشی سووری راخست بۆ ئەستێرەکانی سینەما و بەرلینالە بە فەرمی کرایەوە. چەندین ئەستێرەی جیهانی بە جلی سەرنجڕاکێشەوە بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕبوون. تۆڕی میدیایی رووداویش وەکو تاکە کەناڵی کوردی، لەڕیزی میدیا جیهانییەکان رووماڵی فێستیڤاڵەکە دەکات.
کیلیان مێرفی ئەستێرەی ئێرلەندی، پاڵەوانی فیلمی ئۆپنهایمەر و زنجیرەی پیکی بڵایندەرس، لە نێو قیژە و هاواری هەوادارانی وێنەی بەکۆمەڵی گرت لەگەڵ ستافی فیلمێکی نوێ، کە فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکەیە بە ناوی Small things like these کە کیلیان پاڵەوانییەتی، مات دەیمن، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئەمریکیش وەک پرۆدیوسەر لەم فیلمە کاری کردووە.
مات دەیمن، پرۆدیوسەری فیلمی Small things like these بە رووداوی گوت، "بەرلینم خۆشدەوێ ماوەیەکی زۆر لێرە ژیاوم، 20 ساڵ لەمەوبەر لێرە لە هەندێک فیلمی گرنگ بەشداربووم، لە دوای ئەو چەندین جار هاتوومەتەوە، سڵاوم بۆ هەوادارانم لە هەرێمی کوردستان هەیە، سوپاس کە سەیرمان دەکەن و ئێمە پێوستمان بە بینەرەکانمانە بۆ ئەوەی بەردەوام بین."
لەم خولەی بەرلینالە 230 فیلم لە 80 وڵاتەوە بەشدارن، تاوەکو 25 شوبات فێستیڤاڵەکە بەردەوام دەبێت.
لارس ئیدینگەر، ئەکتەری ئەڵمانی گوتی، "زۆر بەپەرۆشم، من لێرەم بۆ ئەوەی سەیری زۆرترین فیلم بکەم."
ویلکێت بۆنخ، ئەکتەرێکی ئەفریقییە لەبارەی بەرلینالەوە باس لەوە دەکات، "من لە پانێڵێک بەشدارم کە رۆژی شەممە کاژێر 9بەیانی ئەنجامدەدرێت، تاوەکو کاژێر 7 ئێوارە، من پێموایە ئەوە زۆر گرنگە، چونکە دەبێتە هۆی گەیاندنی دەنگی ئەفریقییەکان."
بەرلینالە جیا لەلایەنە هونەرییەکەی، لە هەموو خولێکدا مژارێکی سیاسیی گەرمی جیهانیش دەکات بە تەوەری سەرەکی فێستیڤاڵەکە، ساڵی رابردوو پاڵپشتیکردن لە ئۆکراینا بوو و ئەم ساڵیش ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەت جەنگی ئیسرائیل و غەززە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
کلاودیا رۆت، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری کولتوور و میدیا رایگەیاند، "پێم وایە ئێستا کاتێکی سەختە، کاتی قەیران و ناکۆکییەکان و شەڕە رۆڵی کولتوور لە هەموو کاتێک بۆ ئێستا گرنگە."
لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەوە بە سەتان کەس بۆ بینینی ئەستێرەکان هاتوونەتە بەرلینالە، ئەمساڵ بۆ رۆژی کردنەوەی فێستیڤاڵی بەرلینالە 78 هەزار بلیت فرۆشراوە.
ئارسین باریک، یەکێکە لە هەوادارانی فێستیڤاڵەکە و دەڵێت، "زۆر دڵخۆشم کە بەشێک بووم لەو قەرەباڵخییە بۆ بینینی ئەستێرەکان و سیاسییەکان."
تۆڕی میدیایی رووداو وەک تاکە میدیای کوردی لە ریزی میدیا جیهانییەکان، رووماڵی ئەم خولەی بەرلینالە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ