رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا رێککەوتنێک کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە ناردنی ئیمام لە تورکیاوە بۆ ئەڵمانیا.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رۆژی پێنجشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2023 رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا رێککەوتوون کۆتایی بهێنن بە رێکاری ناردنی ئیمام لە تورکیاوە بۆ ئەڵمانیا، لەمەودوا هەر لە ئەڵمانیا راهێنان بە ئیمامەکان دەکرێت.
ئامانجی ئەو رێککەوتنە کە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا و یەکێتیی کاروباری ئایینی ئیسلامی - تورک کراوە کە سەر بە سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینی تورکیایە ئەوەیە کە ساڵانە 100 ئیمام لە ئەڵمانیا رابهێنرێت و وردە وردە جێگەی ئەو ئیمامانە بگرنەوە کە لە تورکیاوە بۆ ئەڵمانیا دەنێردرێن.
نانسی فایزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا سەبارەت بە رێککەوتنەکە رایگەیاند، خۆشحاڵە بەوەی بۆ یەکەمجار گەیشتووەتە رێککەوتن، کە رێکاری ناردنی ئیمام لە تورکیاوە وەک فەرمانبەری حکومی کۆتایی پێبهێندرێت.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا، رێککەوتنەکە لە ئەنجامی دانوستاندنی درێژخایەن بووە و گوتی، "ئەمە بڕگەیەکی گرنگە لە رووی بەشداریکردن و تێکەڵکردنی پێکهاتە موسڵمانەکان لە ئەڵمانیا لەگەڵ کۆمەڵگادا و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە پەیوەندیدارەکانی ئیمان لە کۆمەڵگاکەماندا".
یەکێتیی کاروباری ئایینی ئیسلامی - تورک گەورەترین رێکخراوی موسڵمانە لە ئەڵمانیا و نزیکەی 900 مزگەوتی هەیە. تائێستا ئەو ئیمامانەی لە تورکیاوە نێردرابوون، لە ئەڵمانیا وەک فەرمانبەری حکومی سەر بە وەزارەتی کاروباری ئایینی تورکیا کاریان دەکرد.
لە کاتی دیداری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە بەرلین لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، دۆخی ئەو ئیمامانەی لە تورکیاوە رەوانەی ئەڵمانیا کرابوون، لە بەرنامەی کاردا بوو.
شۆڵتز و ئەردۆغان گەیشتنە رێککەوتن لەسەر فراوانکردنی خێرای راهێنانی ئیمامەکان لە ئەڵمانیا و وردە وردە کۆتاییهێنان بە رێکاری ناردنی ئیمام لە تورکیاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ