ئەمریکا سزای بەسەر پێنج کۆمپانیا و هاووڵاتییەکی تورکیادا سەپاند

15-09-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی سەر رووسیا، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا سزای بەسەر پێنج کۆمپانیا و هاووڵاتییەکی تورکیادا سەپاند. 
 
ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، بە هۆکاری پێشێلکردنی سزاکانی سەر رووسیا، بڕیاری دا سزا بەسەر پێنج کۆمپانیا و هاووڵاتییەکی تورکیادا بسەپێنێت.
 
ئەو پێنج کۆمپانیا و هاووڵاتییەی تورکیا بەوە تۆمەتبار کراون، هاوکاربوونە لە شکاندنی گەمارۆکانی سەر رووسیا و لە شەڕی رووسیا دژی ئۆکراینا هاوکاریی رووسیایان کردووە، هەروەها هاوکاربوونە لە چاککردنەوەی کەشتییە سزادراوەکانی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و بازرگانیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی رووسیا.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "وەزارەتەکانی دەرەوە و بازرگانیی ئەمریکا لە وەڵامی شەڕی رووسیا لە ئۆکرانیا، بڕیاریانداوە پەیوەست بە داگیرکاریی نایاسایی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سزای گەورەتر بەسەر زیاتر لە 150 کەس و رێکخراودا بسەپێنن کە بەشدارییان کردووە لە پێشێلکردنی ئەو سزایانەی لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر رووسیادا سەپێندراون و بەرپرسیارن لە بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی وزەی داهاتووی رووسیا."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاندووە، زیاتر لە 70 کەس و لایەنی پەیوەندیدار بە فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی وزەی رووسیا و کارکردن لە کەرتەکانی کانزا و کانزاکانی رووسیا و یارمەتیدانی رووسیا بۆ خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەکان، سزاداوە. 
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا نزیکەی 100 کەس و دامەزراوە لە رووسیا سزا دەدات، لەوانە چینی نوخبە و پیشەسازی، دامەزراوە داراییەکان و دابینکەرانی تەکنەلۆژیا.
 
سزاکانی ئەمریکا دژی پێنج کۆمپانیا و هاووڵاتییەکی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ قۆناخێکی هەستیار لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا. لەم ماوەیەدا، واشنتن هیوادارە پەرلەمانی تورکیا کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا کە خولی نوێی یاسادانانی دەستپیدەکاتەوە، ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ پەسند بکات.
 
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوول لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نیگەران نییە لەوەی سزاکانی واشنتن لەسەر پێنج کۆمپانیا و هاووڵاتییەکی تورکیا بەهۆی یارمەتیدانی رووسیا بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان و پشتگیریکردنی مۆسکۆ لە شەڕەکەی دژی ئۆکرانیا، هەوڵەکانی سوێد بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ لە رێڕەو دەربهێنێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەبیری هێنایەوە کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لەم دواییانەدا کۆبوونەتەوە. جەختی لەوەشکردەوە کە ئەمریکا بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی سوێد ببێتە ئەندامی ناتۆ و "پێویستە بە زووترین کات ئەمە رووبدات" و لەسەر ئەم پرسە دڵنیاییان لە ئەردۆغان وەرگرتووە.
 
میلەر ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتن پەیوەندییەکی بونیادنەر و گەرمی لەگەڵ ئەنقەرەدا هەیە و لەدوای راگەیاندنی سزاکانیشدا هیچ فیدباکێکیان لە حکومەتی تورکیاوە پێنەگەیشتووە.
 
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە