رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پەیامێکدا پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دەکات و رایدەگەیەنێت: "دەبووایە پێشتر ئەو هەواڵە ببیستین"، سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو بەریتانیانەش کرد، کە لەکاتی هێرشەکانی حەماسدا لە ئیسرائیل کوژران.
رۆژی چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2025، کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پەیامێکی لەبارەی رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگی غەززە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان کار دەکەن تاوەکو "کۆتایی بە شەپۆلی شەڕ و تووندوتیژی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بهێنن و ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێیوایە راگەیاندنی ئاگربەست درەنگ کەوت و گوتی: "لەدوای چەندین مانگ لە خوێنڕشتن و کوژرانی خەڵکێکی بێشومار، ئەمە هەواڵێکە دەبووایە زۆر لە مێژ بێت گوێبیستی بین و ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان لە مێژە چاوەڕێن."
لەدرێژەی پەیامەکەیدا، ستارمەر کە تەنیا پێنج مانگە لەسەر دەسەڵاتە گوتیشی: "دەبێت لە قۆناخی داهاتوو سەرنجمان لەسەر بەدەستهێنانی ئاگربەستی درێژخایەن بێت، تاوەکو داهاتوویەکی پڕشنگدار بۆ خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل بەدەست بهێنین، بشبێتە بنەمایەک بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی کە ببێتە هۆی گارانتی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ ئیسرائیل، لەتەنیشت دەوڵەتێکی زیندوو و سەربەخۆی فەلەستین."
دوای 15 مانگ لە جەنگ، شەوی چوارشەممە 15-01-2025 سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسی راگەیاند، رێککەوتنەکە لە 19-01-2025 جێبەجێ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ