جیهان
نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر ئەم هەواڵە دانراوە: AP
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری دەزگای لووتکە لە یۆنان دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ دوو بەلەمی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی کریتی نقوومبوون؛ بەلەمی یەکەم لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا رۆیشتووە و بەلەمی دووەمیش دیار نییە لە کوێوە چووە.
رۆژی چوارشەممە 14-06-2023، حوسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لووتکە لە یۆنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەران کە لە لیبیاوە بەرەو وڵاتی ئیتاڵیا بەرێککەوتبوو، لە نزیک دوورگەی کریتی یۆنان نقوومبوو. دیار نییە چەند کۆچبەری تێدا بووە، بەڵام دەگوترێت 86 کۆچبەر لە سەرنشینانی ئەو بەلەمە رزگارکراون."
بە گوتەی نوێنەرەکەی دەزگای لووتکە، ئەو کۆچبەرانە دوای رزگارکردنیان گوێزراونەتەوە بۆ ناوچەی کەڵاماتای یۆنان.
بەگوتەی حوسێن حەمەساڵح، دەوروبەری کاژێر 2:30ـی بەیانیی ئەمڕۆش بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی کریتی نقوومبووە. دەشڵێت، "بەلەمی دووەم هێشتا دیار نییە لە کوێوە بەڕێککەوتووە، بەڵام دوای لەکارکەوتنی لە نزیک دوورگەی کریتی پەیوەندی بە هێزی دەریاوانی یۆنانەوە کراوە و 70 بۆ 80 کەسی تێدا رزگارکراون."
نوێنەرەکەی دەزگای لووتکە دەشڵێت، ئەو کۆچبەرانەی لە بەلەمی دووەم بوون گوێزراونەتەوە بۆ کالۆلێمنیس.
بەرپرسانی یۆنان دەڵێن، لە ئەنجامی نقومبوونی ئەو بەلەمەی لە لیبیاوە بەڕێکەوتبوو 59 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.
بەلەمەکە نیازی هەبووە بۆ ئیتاڵیا بڕوات. پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا دەڵێت، لە رۆژی سێشەممەوە ئاژانسی فرۆنتێکسی پاراستنی سنووری ئەوروپا لە بەڕێکەوتنی بەلەمەکە ئاگادارکراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ