پەرلەمانی ئەوروپا پڕکرا لە وێنەی ژینا ئەمینی و خەڵاتی ساخارۆڤ بە نوێنەرانی بنەماڵەکەی بەخشرا

13-12-2023
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ
بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا پڕ بووە لە وێنەی کچە کوردی سەقزیی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، بەهۆی ئەوەی خەڵاتی ساخارۆڤی ساڵی 2023 لەلایەن ئەو پەرلەمانەوە دەدرێت.
 
پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینی گوتارێکی بە ناوی دایکی ژینا ئەمینی بە زمانی فەرمیی ئێران پێشکێش کرد و، چەند کۆپلە شیعرێکی سوارە ئیلخانیزادەی بە کوردی خوێندەوە.
 
سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ هەرسێ وەرگری خەڵاتەکە هاتە بەردەم کامێراکان و نێردراوی رووداو لێی پرسی "خانمی سەرۆکی پەرلەمان، من پرسیارێکم لێت هەیە، زۆر خەڵک نەوەک تەنیا لەنێو ئێران بەڵکو دیاسپۆرای ئێران رەخنە لە یەکێتیی ئەوروپا و دامەزراوەکانی دەگرن تەنانەت تەنانەت دەڵێن، هیچ گۆڕانێک لە واقعی ئێران دروست نەبووە."
 
رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا گوتی "پێویستە کاری زیاتر بکرێت و باسی نیگەرانییەکانیشمان کرد سەبارەت بە پاڵپشتینەکردن بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا، بەڵام من ئێستا شانازی بەوەوە دەکەم کە لەو پەرلەمانەوە بە روون و ئاشکرایی پاڵپشتی لەو دۆزە دەکرێت، تۆ باست لەو چوار بڕیارنامانە کرد کە هەموویان بەشێوەیەکی زۆر تووند سەرکۆنە کراون، هەروەها سەبارەت بەو سیاسەتەی دژ بە ژنان دەگیرێتەبەر لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. ئێمە دەمانەوێت، کاری زیاتری لەسەر بکەین لە راستیدا ئێمە داوامان لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا کردووە بۆ ئەوەی سزاکانیان زیاتر بکەن لەسەر ئەو بەرپرسە ئێرانییانەی بەرپرسن لەو سەرکوتکارییە تووندوتیژانە.''
 
گەلێک پرسیار هەن، لە پارێزەری ئەو کچەی مردنەکەی لە سەرانسەری جیهان دەنگیدایەوە، بکرێن و پشتگوێخستنی کەیسەکە لەلایەن سازیی دادوەریی ئێرانەوە گازەندەی سەرەکیی ماڵباتەکەیەتی.
  
د. ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینی دەڵێ "راستییەکە ئەوەیە؛ هیچ کارێک لەسەر ئەو دۆسییەیە نەکراوە، ئەوان زۆریان پێخۆشە مەسەلەی ژینا فەرامۆش بکرێت، چونکە هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان نەکردووە تەنانەت لەگەڵ ئەو ژنانەش کە ژینایان دەستگیرکرد و بردیانە پۆلیسی ئەخلاقی.''
 
مێرسێدە یەکێکە لە چالاکڤانە ژنە ئێرانییەکان، کە بە نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی خەڵاتی وەرگرت.
 
مێرسێدە شاهینکار، وەرگری خەڵاتی ساخارۆڤ بە رووداوی گوت "بێگومان ئەم خەڵاتەی ئەمساڵ بۆ بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی بوو و پێشکەشە بە خێزانی ژینا ئەمینی. ئەم خەڵاتە بۆ ئێمەش بووە، کە زەرەرمەند بووین و قوربانیمان داوە، وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بۆ ئێمە زۆر مانادارە و بۆ ئەوە بووە دەنگمان بگاتە هەموو جیهان، ئەو بزووتنەوەیە هەرگیز ناکوژێتەوە، تازە سەرەتای رێگەکەیە.''
  
بۆ جاری سێیەمە خەڵاتی ساخارۆڤ لەلایەن پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاوە دەبەخشرێتە کوردان، جاری یەکەم لە ساڵی 1995 لەیلا زانا وەریگرت، دواتر نادیا موراد و لەمیا بەشاری رزگاربووی دەستی داعش لە ساڵی 2016 خەڵاتەکەیان وەرگرتووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە