رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی سێشەممە 11ی حوزەیران لە کۆشکی کرملن لەلایەن ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێشوازیی لێکرا و باسیان لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکانی هەردوو وڵات کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی کرملن، پووتین ئاماژەی بەوە داوە، هیوادارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ئاستانە لەگەڵ ئەردۆغان کۆببنەوە.
پووتین بە هاکان فیدانی گوتووە، "دەمەوێت باشترین هیواکانم بگەیێنیت بە سەرۆک ئەردۆغان. ئەوەندەی من بزانم، ئەردۆغان لە چوارچێوەی بۆنەیەکی نێودەوڵەتی لە رۆژانی 3 - 4ی تەممووز لە ئاستانە دەبێت و دەرفەتی کۆبوونەوە و گفتوگۆمان لەسەر هەموو پرسەکان دەبێت."
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش داوە، پێشوازی لە پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا دەکات و رایگەیاندووە، "هەموو پێشهاتەکان بە سەرکردایەتی و پاڵپشتیی راستەوخۆی دۆستەکەم، سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان روودەدەن."
پووتین بە ئاماژەدان بەوەی کە هاکان فیدان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەندامانی بریکس لە نیژنی نۆڤگۆرۆدی رووسیا کۆبووەتەوە، گوتی، "ئێمە پێشوازی لە گرنگیدانی تورکیا دەکەین بۆ کارەکانی بریکس. بە دڵنیاییەوە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە خواستی تورکیا دەکەین بۆ پێکەوەبوون لەگەڵ ئەم وڵاتانەی یەکێتییەکە."
پووتین ئاماژەی بەوەش داوە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی قەبارەی بازرگانی لە ساڵی رابردوودا، له ئەم ساڵدا قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات کەمبووەتەوە، هۆکاری سەرەکیی ئەمەش راستکردنەوەی نرخی کاڵای هەناردەکراو و هاوردەکراوه و هیوادارن قەرەبووی ئەو دۆخە بکەنەوە.
ڤلادیمیر پووتین بە ئاماژەدان بەوەی رووسیا و تورکیا رۆڵێکی گرنگیان لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریادا هەبووە، گوتی، "بە دروستی دەزانم بەشداریی خۆمان بکەین بۆ پاراستنی فۆرماتی ئاستانە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دڵنیابوون لەوەی دۆخەکە بەم ئاراستەیە ئاسایی دەبێتەوە، ئەمەش گرنگترینە بۆ ئێمە. بەگشتی دۆخەکە بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا گەشە دەکات."
هەروەها سەرۆکی رووسیا باسی قەیرانی ئۆکراینای کرد و گوتی، "ئێمە پێشوازی لە ئیرادەی دۆستانە تورکەکانمان دەکەین بۆ بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی بارودۆخی قەیرانەکان، لەوانەش قەیرانی ئۆکراینا. دەمەوێت سوپاستان بکەم بۆ پاڵپشتیتان لە دابینکردنی سەکۆی ئیستەنبووڵ بۆ دانوستاندن لەسەر چارەسەری قەیرانی ئۆکراینا."
پووتین جەختی لەوەش کردەوە، ئەردۆغان رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ئەنجامدانی رێککەوتنی رێڕەوی دانەوێڵە لەنێوان تورکیا، ئۆکراینا، رووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە 22ی تەممووزی 2022 لە ئیستەنبووڵ و گوتی، "بەداخەوە رێککەوتنەکە درێژ نەکرایەوە و ئەمەش تاوانی ئێمە نییە."
پووتین ئەوەشی خستەڕوو، ئەردۆغان دەستپێشخەریی کردووە سەبارەت بە دۆخی دەریای رەش، "ئێمە پشتیوانیی ئەم دەستپێشخەرییەمان کرد، بەڵام بەداخەوە لایەنی ئۆکراینی لە کۆتا خولەکدا ئەم ئۆفەرەی رەتکردەوە. سەرەڕای ئەوەش هەموو دەستپێشخەرییەکانی کۆماری تورکیا بەم ئاراستەیە بە وردی و بە رێزێکی زۆرەوە هەڵدەسەنگێنین و لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئێوە لە پەیوەندیی بەردەوام دەبین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ