رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری فەرمانگەی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا، لە ساڵی 2023 ـدا 62 هەزار و 624 هاووڵاتی تورکیا داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە. بەگوێرەی میدیای وڵاتەکەش، زۆربەی ئەو کۆچبەرانە کوردی باکووری کوردستانن.
فەرمانگەی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا ئاماری کۆچبەران و پەنابەرانی ساڵی 2023 بڵاوکردەوە؛ بەپێی ئامارەکان 351 هەزار و 915 کەس داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە، لەو ژمارەیەش 261 هەزار و 601 داواکاری وەڵام دراونەتەوە و 51.7٪ ـیان وەرگیراون، هەروەها داواکاری 62 هەزار کەس رەتکراوەتەوە، داواکاری 65 هەزار کەسیش بە هۆکاری جۆراوجۆر راگیراوە.
بەگشتی لە ماوەی شەش بۆ هەشت مانگدا وەڵامی داواکارییەکان دراونەتەوە و پرۆسەکە تەواو کراوە.
لە نێو ئەو 261 هەزار و 601 کەسەی کە داواکاریی مافی پەنابەرییان وەڵام دراوەتەوە، 23 هەزاریان ئەو منداڵانەن کە لە ئەڵمانیا لەدایکبوون.
بەگوێرەی ئامارەکە، لە ساڵی 2023 ـدا زۆرترین ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرییان کردووە هاووڵاتیی وڵاتانی سووریا، تورکیا، ئەفغانستان، عێراق و هەرێمی کوردستان و ئێران بوون.
هاووڵاتیانی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا بە 104 هەزار و 561 داواکاری لە پلەی یەکەمدان، هاووڵاتیانی باکووری کوردستان و تورکیا بە 62 هەزار و 624 داواکاری لە پلەی دووەمدان، هاووڵاتیانی ئەفغانستان بە 53 هەزار و 582 داواکاری لە پلەی سێیەمدان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە 12 هەزار و 360 داواکاری لە پلەی چوارەمدان، هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش بە 10 هەزار و 206 داواکاری لە پلەی پێنجەمدان.
لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023 ـدا بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2022 داواکاری پەنابەری لە ئەڵمانیا 34.8٪ کەمیکردووە. لە مانگی کانوونی یەکەمدا 24 هەزار و 457 کەس داوای مافی پەنابەرییان کردووە، شەش هەزار و 562 کەس هاووڵاتی رۆژئاوای کوردستان و سووریان و پێنج هەزار و 728 کەسیش هاووڵاتی باکووری کوردستان و تورکیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ