جیهان
دوو پیاوی بەساڵاچوو لەسەر پاشماوەی خانوویێکی رووخاو بەهۆی بوومەلەرزە دانیشتوون لە پاکستان، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەفغانستان دەڵێت، بەهۆی ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی رۆژی شەممە رۆژئاوای ئەفغانستانی هەژاند، زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
بیلال کەریمی، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، "بەداخەوە، ژمارەی قوربانیان زۆر بەرزە. ئاماری گیانلەدەستدان زیاتر لە هەزار کەسە."
بوومەلەرزەکە رۆژی شەممە بە گوڕی 6.3 پلەی رێختەر پارێزگەی هیراتی هەژاند کە دواتر چەندین پاشلەرزەی بەهێزی بەدواداهات.
ئەو بوومەلەرزەیە ناوچەیەکی دوورەدەستی گرتەوە کە 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی هیراتەوە دوورە و، بووە هۆی رووخانی خانووی هاووڵاتییان.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، لە 12 گوند، زیاتر لە 600 خانوو بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و چوار هەزار و 200 کەسیش زیانمەندبوون.
بوومەلەرزەکە لە کاتێکدایە، ئەفغانستان بەدەست قەیرانێکی مرۆیی تووندەوە دەناڵێنێت لە ئەنجامی وەستاندنی یارمەتییە بیانییەکان دوای ئەوەی ساڵی 2021 تاڵیبان گەڕایەوە سەر دەسەڵات.
پارێزگەی هیرات 1.9 ملیۆن کەس لێی دەژین و دەکەوێتە سەر سنووری ئێران، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە دەست وشکەساڵییەوە ناڵاندوویەتی، کە ئەوەش بووەتە هۆی پەککەوتنی ژیان لە ژمارەیەکی زۆری ئەو کۆمەڵگانەی پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ