شاندی سه‌رۆكايه‌تیى هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ژمارەیەک سيناتۆر و كۆنگرێسمانی ئەمریکا كۆبووەوه

08-02-2024
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی سه‌رۆكايه‌تیى هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ژمارەیەک سيناتۆر و كۆنگرێسمان كۆبووە‌وه.‌ لەباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزی پێشمەرگە گفتوگۆ کراوە.
 
شاندى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، به‌ جيا له‌گه‌ڵ هه‌ر يه‌كه‌ له‌ ‌سیناتۆر بیڵ هاگەرتی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سینات، مایک تێرنەر، سەرۆكی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران، سیناتۆرتێدبەد، ئەندامی لیژنەی كاروباری سەربازی لە سینات، سیناتۆر جۆ مەنچین، ئەندامی لیژنەی كاروباری سەربازی لە سینات، سیناتۆر كریس ڤان هۆڵن، ئەندامی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە سینات و سیناتۆر جۆنی ئێرنست، ئەندامی لیژنەی كاروباری سەربازی لە سینات كۆبووە‌وه‌.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ ديدار و كۆبوونه‌وه‌كاندا شاندى سه‌رۆكايه‌تى دۆخى گشتيى هه‌رێمى كوردستان و عێراقيان خستووەتەڕوو، هه‌روه‌ها لەباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزی پێشمه‌رگه‌، ‌گفتوگۆيان كردووە.
 
شاندەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان فه‌وزی هه‌ریری، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان سەرۆکایەتی دەکات و فه‌لاح مسته‌فا، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و نیاز ساڵح مسته‌فا، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و دیپلۆماسی له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانی ئەندامانی شاندەکەن.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان، پشتگيريى كۆنگرێسى ئه‌مريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان بووە و سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستان دەڵێت: "لايه‌نى ئه‌مريكى ستايشى‌ دۆستایەتی و هاوبه‌شيی هەرێمی کورستانیان لەگەڵ ئەمه‌ریکا کرد و بە گرنگییەوە باسی ئازاديى ئايينى و پێكه‌وه‌ژيانى پێكهاته‌ جیاوازەکانیان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و كولتوورى فره‌يى و هه‌مه‌ڕه‌نگییان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رزنر خاند."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، تاوتوێكردنى دۆخى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى لايه‌نێكى ديكه‌ى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كان بووە، هەروەها بۆ ئێواره‌ش شاندى سه‌رۆكايه‌تى، بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لە عێراق، بانگهێشتى خوانێک كرا كه‌ له‌لايه‌ن ژوورى بازرگانيى ئه‌مريكييه‌وه‌ بۆ شانده‌كه‌ ساز كرابوو. 
 
رۆژی 05-02-2024 شاندی هەرێمی کوردستان بەرەو واشنتن بەڕێکەوتن و تاوەکو ئێستا شاندەکە له‌گه‌ڵ ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مريكا و کۆنگرێسی ئەمریکا كۆبوونه‌تەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە