پیدەرسن: کەناڵی دیالۆگ لەنێوان دەسەڵاتی نوێی سووریا و هەسەدە دروست بووە

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، کەناڵی دیالۆگ لەنێوان دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" دروست بووە، بەڵام هێشتا گفتوگان نەگەیشتوونەتە قۆناخی رێککەوتن.
 
رۆژی چوارشەممە 08ـی کانوونی دووەمی 2025، گییەر پێدەرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە نیویۆڕک، لەسەر دۆخی ئێستای سووریا، گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا و هەسەدەی کرد و رایگەیاند، هیوادارن ئەو گفتوگۆیانە بەردەوام بن. 
 
گییەر پێدەرسن ئاماژەی بەوەدا، "کەناڵی دیالۆگ لەنێوان دەسەڵاتی کاتی و هەسەدە دروست بووە، کە هەفتەی رابردوو لە دیمەشق کۆبوونەوە، لێدوانەکان ئاماژەن بەوەی نەخشەڕێگەیەک دیاریکراوە، بەڵام هێشتا ئاماژەیەک نییە رێککەوتن نزیک بێت."  
 
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد پەرە بەو کەناڵی دیالۆگانە بدرێت و گوتی: "هانی سەرجەم لایەنەکان دەدەم کە رێگەی پێشڤەچوون بدۆزنەوە، بەبێ پەنابردنە بەر رووبەڕووبوونەوەی سەربازی." 
 
پێدەرسن باسی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیای لە ناوچەکانی دەوروبەری منبج و بەنداوی تشرین کرد و گوتی: "لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەتی بەشێک لە شاری حەلەب، لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و یەپەگە دایە، بەڵام سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی لەلایەن ئەمریکاوە هاتە ئاراوە، لەنزیک منبج لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، راپۆرتەکان باس لە پێکدادان لەنێوان هەسەدە و سوپای نیشتمانیی سووریا دەکەن. هەروەها تورکیاش بەڕوونی ئاماژەی بەوەداوە رەنگە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە باکووری رۆژهەڵات چڕتر ببنەوە." 
 
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە هەڕەشەکانی داعش لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی سووریا دا و گوتی: "هێشتا داعش مایەی نیگەرانییە بەتایبەتی جموجۆڵەکانی کە رەنگە بۆشایی ئەمنی لە هەندێ ناوچە بقۆزێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش بەردەوامە، دیاریترینیان هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و فەرەنسان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە