رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی کوردانی ئێزدی بە سەرۆکایەتی میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە. ئەندامێکی شاندەکەش دەڵێت، ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رزگارکردنی رفێندراوان کرا.
د. خەڵەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدییان و ئەندامی شاندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆشکی سپی لەگەڵ تێری وۆڵف، راوێژکاری باڵا لە کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبوونەوە و دۆخی ئاوارەکان و پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ گەڕانەوەیان و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، کرا.
د. خەڵەف شنگالی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکاندا، دانانی کاتێک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و جێبەجێکردنی یاسای رزگاربووانی ئێزدی و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووەکان دووپاتکرایەوە، لەو روانگەیەوە هەوڵە بێوچانەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رزگارکردنی رفێنراوەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال باسکرا.
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکراوە و رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانە (پەکەکە)ـیە لە شنگال؛ لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام تائێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
راوێژکاری سوودانی بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی هەروەها گوتی لە کۆبوونەوەکاندا باسی ئازادیی ئایین و پێکهاتەکان کرا و، لەم رووەوە پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو پێکهاتە ئایینییەکان لە عێراق بە گرنگ وەسفکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ