رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی فینلاند دەڵێت، پار سەرپێچی هاتووچۆ بەراورد بە 2019 نزیکەی 73٪ کەمیکردووە، بەو هۆیەوە ئەم ساڵ بەشێکی زۆری کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلیان کوژاندوونەتەوە.
پۆلیسی فینلاند بڵاویکردەوە، پار 137 هەزار سەرپێچی هاتووچۆ لە وڵاتەکەیان تۆمارکران، لەکاتێکدا ساڵی 2019 ژمارەکە 500 هەزار سەرپێچی بوو. واتە سەرپێچییەکان بە رێژەی 73٪ کەمبووەتەوە.
بە گوتەی پۆلیسی فینلاند لە هەندێک ناوچە، لەوانە شاری ئیسپۆ کە 321 هەزار کەسی تێدا دەژی، سەرپێچی هاتووچۆ 99٪ کەمیکردووە.
بەهۆی کەمی ژمارەی سەرپێچی و نەبوونی کارمەندی پێویست بۆ راییکردنی مامەڵەی ئەو شۆفێرانەی سەرپێچی دەکەن، بەشێکی زۆری کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچییان کوژاندوونەتەوە. پۆلیسی فینلاند وا دەڵێت.
لە فینلاند، نزیکەی هەزار و 100 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی هەن و تەنیا 200 دانەیان نوێن و بە ئۆتۆماتیکی سەرپێچییەکان تۆماردەکەن و بۆ سەرپێچیکارانی دەنێرن، بەڵام کامێرا کۆنەکان ئەو سیستمەیان تێدا نییە و زۆرینەشیان ژمارەیەکی زۆر کەم سەرپێچی لە ساڵێکدا تۆمار دەکەن.
بە گوێرەی یاسای فینلاند ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا سەرپێچیکار ئاگادارنەکرێتەوە، ئەوا سزاکەی بەتاڵ دەبێتەوە.
بەرپرسانی هاتووچۆی فینلاند بەنیاز نین ئەو کامێرایانەی دەیانکوژێننەوە، هەڵیانبگرنەوە، چونکە پێیانوایە شۆفێران ناتوانن جیاوازی لەنێوان کامێرایەکی چالاک و کوژاوەدا بکەن، بەمەش کاریگەرییەکەی وەکو خۆی لەسەر کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ دەمێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ