بەرپرسی مافی مرۆڤ لە پارتی لیبراڵەکان لە ئەڵمانیا: ئاسایشی باکووری عێراق و مەشقی پێشمەرگە بۆ ئێمە گرنگە

19-09-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤین لەگەڵ پیتەر هایت، بەرپرسی دۆسیەی مافی مرۆڤ لە پارتی لیبراڵی ئەڵمانیا
هەڤپەیڤین لەگەڵ پیتەر هایت، بەرپرسی دۆسیەی مافی مرۆڤ لە پارتی لیبراڵی ئەڵمانیا
نیشانەکردن کوردانی ئێزدی ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو - بەرلین

پیتەر هایت، بەرپرسی دۆسیەی مافی مرۆڤ لە پارتی لیبراڵی ئەڵمانیا، رایگەیاند پەناخوازان لە ئەڵمانیا نانێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان، جگە لەوانەی تاوان و پێشێلکاریی یاساییان کردووە. 
 
پیتەر هایت کە ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیایە و پارتی لیبراڵەکان بەشێکە لە هاوپەیمانیی پێکهێنەری حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە بەرلین قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند هیچ جیاوازییەک لەنێوان پەناخوازێکی خەڵکی عێراق و هیچ وڵاتێکی دیکەدا ناکرێت لە ئەڵمانیا. 
 
پارتی لیبراڵ 92 ئەندامی هەیە لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، پیتەر هایت ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ و لیژنەی پەروەردە و تەکنەلۆجیایە.
 
دوای پەسەندکردنی بڕیاری مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پڕۆژە بڕیارەکە دەچێتە پەرلەمان و، بەرپرسی دۆسیەی مافی مرۆڤ لە پارتی لیبراڵی ئەڵمانیاش دەڵێ باوەڕ دەکات هەموو پەرلەمانتارانی حیزبەکەی دەنگی پێدەدەن، هەروەها دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت بەمە پەیامێک بگەیێنین کە ئاسایش، بەتایبەتیش لە باکووری عێراق چەند گرنگە بۆ ئێمە". 

دەقی هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ پیتەر هایت، بەرپرسی دۆسیەی مافی مرۆڤ لە پارتی لیبرالەکان لە ئەڵمانیا:

رووداو‫:‬ کەسانێکی زۆر پرسیارمان لێدەکەن، کوردانی ئێزدی و زۆر عێراقی هەن کە دەیانەوێت بزانن چارەنووسیان چی لێدێت. کێ مافی پەنابەری وەردەگرێت، بۆچی زۆربەیان دیپۆرت دەکرێنەوە؟ ‬‬‬
 
پیتەر هایت: ئێمە لە کۆتایی ساڵی رابردوو یاسای چانسی مانەوە لە ئەڵمانیامان دەرکرد بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆرە لە ئەڵمانیان، تاوەکو رادەیەکی باش خۆیان گونجاندووە و دەتوانن بە زمانەکە قسە بکەن، رەنگە پیشەیەکیش فێربووبن یان کارێکیان هەبێت لە ئەڵمانیا، مافی مانەوەیەکی مسۆگەر بەدەستبێنن، بەڵام پێویستە بەپێی ئەم یاسا نوێیە داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن‫.‬ بۆیە من لەو باوەڕدام خەڵکێکی زۆر هێشتا نازانن، لەبەرئەوە من تەنیا دەتوانم لێرەوە ریکلام بکەم کە دەمەوێت خەڵک ئەم یاسایە قبوڵ بکەن‫،‬ داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن‫.‬ هەروەها ئێمە بە بەرپرسانی فەرمانگەی کۆچبەرانمان گوتووە؛ تکایە زۆر بە ئەرێنی وردبینی بۆ داواکارییەکان بکەن و بە ئەرێنی بڕیار بدەن بۆ ئەوەی بە جۆرێک هەوڵنەدرێت داواکان رەتبکرێنەوە، تکایە بەشێوەیەکی ئەرێنی داواکارییەکان پەسند بکەن و مافی مانەوەی مسۆگەر بدەنە ئەو کەسانە‫.‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
 
رووداو: بەڵام ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر هەن کە کار دەکەن، یاخود فێری پیشەیەک دەبن، بەڵام مافی پەنابەریان وەرنەگرتووە؟
 
پیتەر هایت: رەنگە پێویست بکات داواکارییەکی نوێ پێشکێش بکەن، چونکە یاسای کۆن باش نەبوو، ئێستا گۆڕانکاریمان کردووە و باشترمان کردووە، بۆیە باشتر وایە لە سەرەتاوە داواکارییەکی نوێ پێشکێش بکەن بۆ ئەوەی بتوانن مافی مانەوەیەکی  مسۆگەر بەدەستبێنن. ‬‬‬‬‬‬
 
رووداو: کاتێک سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەڵمانیای کرد، راوێژکاری ئەڵمانیا خۆی داوای لێکرد ئەو عێراقییانەی مافی مانەوەیان نییە لە ئەڵمانیا وەریانبگرنەوە؛ ئەوانە کێن؟ 
 
پیتەر هایت: ئەوانە، لەوانەیە ئەو خەڵکانەبن لێرە تاوانێکیان کردووە، ئێمە دەمانەوێت ئەو خەڵکانەی دێنە ئەڵمانیا بنەما بنەڕەتییەکانی ئازادی و دیموکراسییەکەمان قبوڵ بکەن. هەروەها هیچ تاوانێک نەکەن. لەمەدا پرسەکە ئەوە نییە پێشێلکارییەکی یاسایی هاتووچۆبێت یاخود بە نموونە جارێک لە ترافیکلایتی سوور تێپەریبێت، بەڵکو بەڕاستی تاوانی کردبێت و دادگا ئەوانەی بە تاوانێک حوکمدابێت، ئەم جۆرە کەسانە مافی مانەوە وەرناگرن؛ ئەمەش بۆ هەموو کەسێکە نەک تەنیا عێراقییەکان، بەڵکو هیندییەک و کەسێکی خەڵکی ئەمریکای باشووریش دەگرێتەوە… هتد. هەر کەسێک تاوانێکی کردبێت، رێگەی پێنادرێت لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە. ‬‬
رووداو: بەڕێزتان بەرپرسیاری دۆسیەی لیژنەی مافی مرۆڤن لە پەرلەمانی فیدراڵ و سەر بە پارتی لیبراڵەکانن، ئەڵمانیا دەیەوێت ئێزدیان دیپۆرت بکاتەوە؟ 
 
پیتەر هایت: رێگە نادرێت ئێزدییە ئاساییەکان دیپۆرت بکرێنەوە، تەنانەت ئەگەر مافی مانەوە ‫(‬ئیقامە‫)‬یێکی هەمیشەیشیان نەبێت، بەڵام ئەو ئێزدییانە دیپۆرت دەکرێنەوە کە لە راستیدا بە یاسا بەرکارەکان، سەلمێنراوە تاوانێکیان کردووە؛ لێرەدا قسە لەسەر ژمارەیەکی زۆر کەم دەکرێت کە بەڕاستی ئەوانە دەگرێتەوە. ‬‬‬‬‬‬‬‬
 
رووداو: ژمارەی ئەو کۆچبەرە عێراقییانەتان لایە کە لە لیستی دێپۆرتکردنەوەدا ناویان تۆمارکراوە؟
 
پیتەر هایت: ئێمە لە ناوەند، هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەمە نییە، چونکە مژاری دیپۆرتکردنەوە بەرپرسیاریێتی هەرێمە فیدراڵییەکانە؛ بۆ نموونە ئێستا هەرێمی هێس یان بادن-ڤورتمبێرگ؛ پێویستە لە هەر یەکێک لەوانە بپرسێت، چەند کەس لەلایان هەن کە پێویستە دیپۆرت بکرێنەوە. 
 
رووداو: ئەو کۆچبەرە کوردانەی بە ئێزدیشەوە کە لە ئەڵمانیا دەژین و مافی پەنابەرییان وەرنەگرتووە و هیچ تاوانێکیشیان نەکردووە، ئەوانە چارەنووسیان چی دەبێت؟ 
 
پیتەر هایت: دەزانی؛ ئێمە ناتوانین وەک ئەندام پەرلەمان بە تەنیا یارمەتی تاکە کەسەکان بدەین، بەڵام بێگومان هەمیشە گرنگە پەیوەندی بکەن، نامە بنێرن کە بزانین دەتوانین یارمەتیان بدەین، یان بۆ لیژنەی مافی مرۆڤ و لیژنەی داواکاری لە پەرلەمان بنووسن، چونکە بێگومان دەکرێت هەڵە لە ئیدارەیەکدا کرابێت. لە ئەڵمانیاش ئەمە هەیە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت هاوکاری یاسایی وەربگرێت؛ پارێزەری باش لە ئەڵمانیا هەن کە دەتوانن پشتگیری بکەن. هەروەها لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندی راوێژکاری ئێزدیان بەڕێز ئۆرتاج لە پەیوەندیداین؛ هەفتەی داهاتوو یاخود هەر لەم هەفتەیەدا دێتە بەرلین بۆ ئەوەی قسەمان لەگەڵدا بکات. لەگەڵ من و هەروەها لەگەڵ هاوکارەکەم دەریا تورک-ناخباوەر لە پارتی سۆشیال دیموکراتەکان قسە بکات، چونکە دەمانەوێت ئاڵوگۆڕیێکی نزیکمان هەبێت، ئەو دەیەوێت سەردانی عێراق بکات لەگەڵماندا. دەمانەوێت بزانین ئێمە لە ناوەندەوە دەتوانین چ بکەین بۆ یارمەتیدانی کورد و ئێزدییەکان لێرە لە ئەڵمانیا. 
 
رووداو: بڕیارە لەگەڵ شاندێک سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی بزانن رێککەوتنی شنگال گەیشتووەتە کوێ. ئێوە چۆن دەتوانن هاوکاربن بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت؟
 
پیتەر هایت: لە ساڵانی رابردوودا ئەڵمانیا نزیکەی دوو ملیار یۆر و پاڵپشتی عێراقی کردووە، دەمانەوێ ئەوە فراوانتر بکەین. ئەمساڵ پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژی ئێزدییانی بە جینۆساید ناساند، ئەم بڕیارە زۆر خاڵی تێدایە، بۆیە من لەگەڵ هاوپیشەکانم لە هاوپەیمانی پارتەکانی نێو حکومەت سەردانی عێراق دەکەین. بەڕێز فرانک شواب سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات و دەمانەوێت بزانین بە کۆنکرێتی چ کێشەیەک لەسەر ئەرزی واقعدا هەیە و، ئێمە وەک ئەندامێکی پەرلەمانی فیدرال دەتوانین بە حکومەت بڵێین 'ئێوە دەتوانن ئەمە و ئەوە بکەن'. ئێمە هەروەها دەمانەوێت لەگەڵ کورد لەوێ قسە بکەین و بزانین لە کوێ دەتوانین پشتگیریان بکەین، چونکە پێمانوایە دەبێت دەرفەت بدرێتە ئێزدییەکان بتوانن بە دڵنیاییەوە لە زێدی خۆیان نیشتەجێ ببنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی بژین، هەروەها دەبێت ئاسۆیەکیان بۆ ژیانی خۆیان هەبێت. ئەوە ئامانجمانە، بۆیە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر و سەرەتای نۆڤەمبەر بڕیارە سەردانەکەمان بکەین. 
 
رووداو: بەرێزتان ئاگادارن حکومەتی ئەڵمانیا گلۆپی سەوزی بۆ درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵکرد. ئێوە لە پەرلەمان کەی دەنگی پێدەدەن و ئایا ئەو بڕیارە پەسند دەکەن؟ 
 
پیتەر هایت: ئێمە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا یاخود دوو هەفتەی دیکە بڕیارەکە دەردەکەین؛ دوو هەفتە کاتمان لە بەردەستە بۆ ئەمە، پێویستە تەماشا بکرێت بۆ کەی و لە کوێ شوێنی بۆ دادەنرێت. ئێستا  کار بۆ وردەکارییەکانی کارنامەی پەرلەمان دەکرێت. لەبەر ئەوەشە کە زۆر گرنگە و ئێمە دەمانەوێت پەیامێک بنێرین، وەک هەمیشە، بەرژەوەندییەکی گەورەمان لە گەشەسەندنی ئاشتییانەی عێراقدا هەیە، کە دەمانەوێت پشتگیریی عێراق بکەین و دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی ئارامی لەوێ بەرقەرارە و لە هەمان کاتیشدا ئەمە پەیامێکە بۆ ئێران، کە بەردەوام ئێمە سەقامگیری عێراقمان لەلا گرنگە. ئێمە هەست دەکەین ئێران هەندێکجار بە خراپی کاریگەری لەسەر عێراق دروست دەکات.
 
رووداو: پارتەکەی بەڕێزتان دەنگی پێدەدات؟ 
 
پیتەر هایت: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە پەسەندی دەکەین، بەدڵنیاییەوە لەنێو پەرلەمان فراکسیۆنەکان دەبێت دەنگی پێبدەن. من، بڕوایەکی زۆرم بەوە هەیە کە هەموو هاوکارەکانم لە فراکسیۆنەکەم رازی دەبن بە 'بەڵێ' دەنگ بدەن، چونکە ئەمە بۆ منیش وەک کەس زۆر گرنگە. مەشق و راهێنانی پێشمەرگە، شتێک بووە، هەمیشە لای ئێمە جێگەیەکی گرنگی هەبووە و بۆ ئەوەش کارمان کردووە. هاوڕێیەکم، کاتی خۆی لە عێراق گیانی لەدەستداوە، مردنێکی سرووشتی بوو، سەرەڕای ئەوەش زۆر کاریگەری لە من دەکات. هەفتەی رابردوو سەردانی مۆنۆمێنتێکی سوپای ئەڵمانیام کرد لە شڤیلۆزێ (Schwielowsee). ناوی ئەویش لەوێ هاتووە. من باوەڕم وایە، ئێمە دەمانەوێت بەمە پەیامێک بگەیێنین کە ئاسایش، بەتایبەتیش لە باکووری عێراق چەند گرنگە بۆ ئێمە. ئێمە بەرپرسیاریێتیمان لەسەر شانە و ئێمە لە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ زۆر زۆر بە خۆشحاڵییەوە ئەو بەرپرسیاریێتییە جێبەجێ دەکەین.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆن بۆڵتن.

جۆن بۆڵتن: ئەگەر ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، نێوبانگی لەکەدار دەکات

جۆن بۆڵتن لە ساڵانی 2018 بۆ 2019 وەک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاری کردووە و کەسێکی نزیک بووە لە دۆناڵد ترەمپ، دواتر لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سووریا، مافی کورد و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.