رووداو دیجیتاڵ
پاپا فرانسیس 266ەمین پاپای ڤاتیکان، کە بە پاپا فرانسیسی یەکەمیش دەناسرێ، لە رۆژی 3ی 3ی 2013 پاش ئەوەی پاپا بێنێدیکتی شانزەهەم بەهۆی بەساڵاچوونی و لاوازیی جەستەیی، دەستی لە کار کێشایەوە، بە زۆرینەی دەنگی کاردیناڵەکانی کەنیسەی کاسۆلیک، لە کەنیسەی سیستیەنی ڤاتیکان بە رێبەری پایتەختی کاسۆلیکەکانی جیهان هەڵبژێردرا.
پاپا فرانسیسی یەکەم ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگۆلیۆ- یە لە شاری بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین لە دایکبووە.
خۆرخێ ماریۆ لە خێزانێکی بە ڕەچەڵەک ئیتاڵی لە دایکبووە، کە لە کۆنەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەرجەنتین، بەڵام بە یەکەم پاپای خەڵکی کیشوەری ئەمریکا و، لە دوای گریگۆریی سێیەم کە لەدایکبووی سووریا بوو، بە دووەم پاپای نائەوروپی و هەروەها یەکەم ئەندامی کۆمەڵەی یەسووعی ئەژمار دەکرێ، کە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە ئەو پلەیە لە کەنیسەی کاسۆلیکدا.
خۆرخێ ماریۆ یەکەم بڕوانامەی زانستیی خۆی لە بواری کیمیا لە زانکۆی بۆینس ئایرس وەرگرت و دواتر دەستی بە خوێندن لە بواری زانستە ئایینییەکان کرد.
لە مارسی 1958، بووە ئەندامی کۆمەڵەی یەسووعی, کە بە سەربازان و هێزی پیادەی مەسیح دەناسرێن. دواتر بەکالۆریۆسی لە بواری فەلسەفە وەرگرت و لە زانکۆکانی سانتافێ و سلڤادۆر دەستی بە گوتنەوەی وانەکانی ئەدەبیات و دەروونناسی کرد.
ساڵی 1967 خوێندنی ئیلاهییاتی تەواوکرد و لەلایەن مەتران رامۆن خۆزە کاستلانۆ- وە بە قەشە دەستنیشان کرا. پاشان بۆ توێژینەوە و پێشکەشکردنی تێزی دۆکتۆراکەی لە بواری ئیلاهیات و فەلسەفە چووە خوێندنگەی یۆرگن لە ئەڵمانیا و پاش گەڕانەوەی بۆ ئەرجەنتین نازناوی رێبەری رووحانیی پێدرا .
ساڵی 1992 وەک یاریدەدری مەترانی بۆینس ئایرس دەستنیشانکرا. شەش ساڵ دواتر لە 28ی شوباتی 1998 بووە مەتران و بەرپرسی کەنیسەی کاسۆلیکی رۆژهەڵات لە ئەرجەنتین. لە 2002 وەک کاردیناڵ هەڵبژێردرا و دواتریش لە 3ی 3ی 2013 بووە پاپا و نازناوی فرەنسیسی بۆ خۆی هەڵبژارد، ئەویش بەهۆی خۆشەویستی و هۆگریی بۆ قەدیس فرەنسیس ئاسیزیی ئیتاڵی، کە لە سەدەی سێزدەیەمی زایینی دەژیا و بە پشتیوانی گەورەی هەژاران بەناوبانگ بوو.
حەزی لە سەمای تانگۆیە
تەنیا بە یەک سی هەناسە دەدات و لە کاتی منداڵی بەهۆی نەخۆشییەکی هەوکردن، یەکێک لە سییەکانی لە دەستداوە.
زمانەکانی ئیتاڵی، ئیسپانی و ئەڵمانی بە باشی دەزانێت و شارەزایی لە زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕەنسی و پورتۆگالیش هەیە. حەزی لە سەمای تانگۆیە کە سەمایەکی نەریتی و رەسەنی ئەرجەنتینە و خۆی دەڵێت لە گەنجیدا بە باشی سەمای تانگۆی کردووە. هەروەها ئەندامی ناوەندی هەوادارانی یانەی تۆپی پێی سەن لۆرێنزۆیە.
پاپا فرانسیس لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتی ئەرژەنتین ژیاوە، سەردەمێک کە پێیدەگوترێت سەردەمی شەڕی قێزەون. لەو سەردەمەدا هەزاران کەس بێسەروشوێنکراون، ئەو کاتەی بە قسەی خۆی هەندێکجار یارمەتی کەسانێکی داوە لە دەستی سوپای ئەو وڵاتە هەڵبێن. کاتێک بە ئۆتۆمبێل خەڵکی لە بن بەتانییەکەوە شاردووەتەوە و بە بازگەکانی پشکنیندا دەربازی کردوون.
سەربازی خودا
لە ئەرژەنتین، پاپا فرانسیس سەرۆکی گروپێک بووە بە ناوی جێسویت، واتە سەربازانی خودا. ئەو گروپەش بەشێکە لە دامەزراوەی ڤاتیکان و لە سەدەی شازدە دامەزراوە. هەرکەسێک کە دەبێتە ئەندامی ئەو گروپە سوێند دەخوات ئامادەبێت بەرگەی هەژاری و ترس بگرێت و داوێنپاک بێت، گرنگیش نییە لە کوێ و کەی پێویستیان پێیەتی.
پاپا فرانسیس ماوەی 76 ساڵ لە ئەرژەنتین ژیاوە، پاش ئەوە روویکردووەتە ڤاتیکان و دەڵێت تاوەکو کۆتایی ژیانی هەر لە ڤاتیکان و وەک پاپا دەمێنێتەوە.
لە بارەی ئەرژەنتینیش دەڵێت بیری ناکات، بەڵام خەمبارە کە دۆخی ئابووری لە وڵاتەکەی لێوانلیوە لە قەیران
حەزی لە ژیانی شاهانە نییە
پاپا فرانسیس، کە پێش بوونی بە پاپا و دوای وەرگرتنی ئەو پۆستەش بە کەسایەتییەکی چالاک و پشتیوانێکی مافەکانی مرۆڤ، مافی ژنان و ژینگە بەناوبانگ بووە، بەراورد بە پاپاکانی پێش خۆی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جیاوازی هەیە، لەوانە کەمتر لەوانەی پێش خۆی گرینگی بە تەشریفات و باق و بریق لە کاروباری پەیوەندیدار بە پاپا دەدات. بۆ نموونە ئەو شەوەی کە وەک پاپا دەستنیشان کرا، ئامادە نەبوو بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی پاپا بگەڕێتەوە بۆ هوتێل و هەر بە پاس لەگەڵ کاردیناڵەکان گەڕایەوە.
ماوەی سەدەیەکە هەر کەس بووەتە پاپای ڤاتیکان خاوەنی کۆشک و شوێنی مانەوەی تایبەتە، بەڵام پاپا فرانسیس هەر زوو پشتی لە کۆشک کرد و ئێستا لە کاروانسەرایەک دەمێنێتەوە.
هەروەها بە پێچەوانەی زۆربەی رێبەران و رەوتە ئایینییەکان، بڕوای وایە کە بیردۆزی بینگ بەنگ یان تەقینەوە گەورەکە کە باس دروستبوونی گەردوون دەکات و بیردۆزی پەرەسەندنی چارلز داروین، پێچەوانەی پەروەردە ئایینییەکان نین و دەشڵێ نابێ خودا بە ساحیرێک بزانین، کە بە گۆچانێکی جادوویی دەتوانێت هەموو شتێک بکات.
پاپا فرانسیس لە بارەی مەرگ و ژیان، دەڵیت بیر لە مردن دەکاتەوە، بەڵام لە مردن ناترسێت. بۆیە سەرەڕای ئەو مەترسیانەی لەسەر ژیانی دروست دەبن، سوورە لەسەر سەردانەکەی بۆ عێراق.
دژی هاوڕەگەزخوازان نییە
پاپا فرانسیس هەروەها بەڕوانگە جیاوازەکانی بەتایبەت بەرامبەر مافی هاوڕەگەزخوازەکان بووەتە مایەی سەرسووڕمانی هەموو جیهان بۆ نموونە پێشتر گوتویەتی دەبێت کەنیسە داوای لێبووردن لە هاورەگەزخوازان بکات، وەک لەوەی بڕیاریان لەسەر بدات.
ئەو تەنانەت لە کاتی سەردانی بۆ بۆلیڤیا داوای گەڵای کۆکای کرد بۆ جووین، کۆکا هەمان ئەو رووەکەیە کە کۆکایینی لێ بەرهەم دێت و لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان، بە ماددەیەکی نایاسایی ناسێندراوە. هەر لەبەر ئەم جۆرە تایبەتمەندییانە و هەڵوێستە دژەباوەکانی، هەندێ کەس بە هیپی-ترین رێبەری ئایینیی جیهان و لیبراڵترین پاپای مێژوو ناوی دەبەن.
یەکێکی دیکە لە بۆچوونەکانی کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە ئەوە بوو کە لە 2013 رایگەیاندبوو هەر کەس لاپەڕەی ئەو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر فاڵۆ بکات، ئەوا ماوەی مانەوەی لە بەرزەخ واتە لە گۆڕەوە تاوەکو قیامەت، کەمتر دەبێت.
لە هەڵوێستێکی دیکەیدا لە ساڵی 2016 و لە سەردانێکی سێ رۆژەیدا بۆ یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا لە رێورەسمی یادکردنەوەی قوربانیانی ئەرمەن لە سەردەمی تورکیای عوسمانیدا بەشداریی کرد و وەک یەکەم پاپا لە مێژوودا ئەو رووداوەی بە جینۆساید ناوبرد.
بۆ یەکەمجاریش لە کەنیسەی کاسۆلیکدا ئەو یاسایەی کەنیسەی هەڵوەشاندەوە کە رێگەی بە ژنان نەدەدا رێوڕەسمەکانی کەنیسە بەڕێوەببەن و لە میحرابدا خزمەت بکەن، بەڵام ئەویش لەسەر هەمان بۆچوونە کە دەڵێ پلەی قەشەیی پلەیەکی پیاوانەیە.
پاپا و سکانداڵی سێکسیی قەشەکان
لەو کاتەوەی بووەتە پایا، کەنیسەی کاسۆلیک لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کەوتە ژێر گوشاری سکانداڵی تووندوتیژی سێکسی.
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە لایەن کەنیسە و دامەزراوەی سەربەخۆش کراون، کەنیسە بەردەوام تاوانی سێکسی قەشە و مەترانەکانی پەردەپەپۆش کردووە
لە فەرەنسا بە نمونە، گومان دەکرێت لە ماوەی 70 ساڵدا، بەرپرسانی کەنیسە تاوانی سێکسیان لە دژی 10 هەزار منداڵ کردبێت.
بە بڕیاری پاپا فرانسیس و لە ژێر گوشاردا، ڤاتیکان یاسایەکی دەرکرد کە بەرپرسانی کەنیسە پابەند دەکات کە سەرووی خۆیان لەهەر کەیسێکی سێکسی ئاگادار بکەنەوە، بەڵام یاساکە کەنیسە ناچار ناکات حکومەت لەو تاوانانە ئاگادار بکەنەوە.
هەرچەندە، پاپا فرانسیس دەڵێت منداڵبازی لە نێو کەنیسەدا شوێنی نییە، هەندێک لە قوربانییەکان باوەڕیان وایە تائێستا ڤاتیکان ئامادە نییە گەورە قەشەکان سزا بدات. هەربۆیە لەکاتی سەردانی پاپا بۆ پۆڵەندا، هەندێک لە قوربانییەکان خۆپێشاندانیان کرد.
پاپا فرانسیس بەراورد بە پاپاکانی پێش خۆی پەیوەندیی لەگەڵ ئایینەکانی دیکە و بەتایبەت ئیسلامیش باشترە و پێشوازی لە دیالۆگی نێوان ئایینەکان دەکات، هەمیشە خۆی بە هاوڕێ و برای کۆمەڵگە ئیسلامییەکان نیشان داوە و رێزگرتن لە پیرۆزییەکانی ئایینەکانی دیکە بە پێویستیەکی گرینگ دەزانێ لە پێناو برەوپێدانی ئاشتی و مەعنەوییەت لە جیهاندا.
پێشتر لە ساڵی 2014 پاپا فرانسیس بۆ یەکەمجار سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە و چووەتە ئوردن و کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین و دواتر لە بەیت لەحم چاوی بە رێبەرانی فەلەستینی و ئیسرائیلی کەوت.
لە 2017 چووەتە میسر و لە 2019 سەردانی ئیماڕاتی عەرەبیی کردووە و لە ئەبووزەبی لە دیداری لەگەڵ شێخ ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر بەڵگەنامەیەکی مێژووییان واژۆ کرد بە ناوی برایەتیی مرۆڤانە. هەر بەو بۆنەوە لە ساڵی دوای ئەو دیدارەوە رۆژی 4ی شوبات، وەک رۆژێکی جیهانی بە ناوی رۆژی برایەتیی مرۆڤانە لە رۆژمێری جیهاندا تۆمارکرا.
پاپا فرانسیس دەبێتە یەکەم پاپا کە سەردانی عێراق بکات، ئەو دەڵێت پێشتر عێراقییەکان چاوەڕێی پاپا جۆن پۆلی دووەم بوون، بەڵام ئەو کاتە وەها سەردانێک رێگەپێدراو نەبووە، بەڵام ئەو ئێستا دەیەوێت پەیامی برایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ سەرجەم پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکانی عێراق بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ