رووداو دیجیتاڵ
دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، دۆناڵد ترەمپ لەلایەن جۆ بایدنەوە لە کۆشکی سپی پێشوازیی لێکرا. بایدن بە ترەمپی گوت لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا هاوکاریی تەواوی دەکرێت. ترەمپیش گوتی: "ئەمڕۆ سیاسەت جیهانێکی جوانە."
رۆژی چوارشەممە 13-11-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لە واشنتن دی سی، پێشوازیی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد و بەخێرهاتنی کرد.
بایدن تەوقەیەکی گەرمی لەگەڵ ترەمپ کرد و گوتی "جەنابی سەرۆکی هەڵبژێردراو، دۆناڵد ترەمپ بەخێربێیت، هەرچییەکمان لەدەستبێت دەیکەین بۆ ئەوەی لە هەموو پێداویستییەکان هاوکاریت بکەین و دەسەڵاتت رادەست بکەین."
دۆناڵد ترەمپ سوپاسی بایدنی کرد و گوتی، "سیاسەت قورسە و لە زۆر دۆخدا جیهانێکی جوان نییە؛ بەڵام ئەمڕۆ سیاسەت جیهانێکی جوانە و سوپاست دەکەم."
کۆبوونەوەی بایدن و ترەمپ دوای ئەوە دێت؛ سێشەممەی رابردوو 05-11-2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو. دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان دیارترین دوو بەربژێر بوون. ترەمپ لە 538 ئەندامی کۆمەڵەی هەڵبژاردن، 301ـیانی بردەوە.
شەوی 07-11-2024 کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری سەرنەکەوتووی دیموکراتەکان یەکەم گوتاری لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکان پێشکێش کرد و، گوتی "بە ترەمپم گوت، هاوکاریت دەکەم لە رادەستکردنی دەسەڵات."
"ئەمە بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسییە لە ئەمریکا کە لە هەڵبژاردن شکستمان هێنا، قبووڵی بکەین." جێگرەکەی سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێرەکەی کۆمارییەکان وای گوت.
بڕیارە رۆژی 20-01-2025 دۆناڵد ترەمپ وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی بخوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ