بریکاری وەزیری ژینگەی عێراق: چوار دەیەیە پلەی گەرمای لەو جۆرەمان بەخۆمانەوە نەبینیوە

13-11-2024
هێمن عەساف
جاسم فەلاحی، بریکاری وەزیری ژینگەی عێراق
جاسم فەلاحی، بریکاری وەزیری ژینگەی عێراق
نیشانەکردن کۆپ29
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزیری ژینگەی عێراق پێی وایە وڵاتەکە چوار دەیەیە پلەی گەرمای لەو جۆرەی بەخۆیەوە نەبینیوە و دەڵێت: لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا دواکەوتین، لەو رێگەیەوە ژێرخانەکانیان تۆکمەتر دەکەن.

سەنگەر عەبدولڕەحمان لە چوارچێوەی کۆنفرانسی کۆپ29 هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ جاسم فەلاحی، بریکاری وەزیری ژینگەی عێراق کردووە و ئەو بەرپرسە رایگەیاند، "عێراق زیاتر لە چوار دەیەیە شەڕ و جەنگ تێیدا دەکرێت، ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسیی تێیدا بەردەوامە، رووبەڕووی قەیرانی ئابووری زۆر بووەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاری تیرۆر، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ پاشەکشەی ژێرخانەکان."
 
بریکاری وەزیری ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەگەر بێت و پلان و تێڕوانینێکی نیشتمانیی ستراتیژی گشتگیرمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ژینگە نەبێت و هاوئاهەنگیی لەگەڵ سیستمی هەرێمی و جیهانیی نەبێت، ناتوانین لە پرۆسەی سەرکەوتن بەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە سەرکەوتوو بین."
 
جاسم فەلاحی پێی وایە لە حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی-دا "پاڵپشتییەکی فراوان و بەهێز فەراهەم کراوە [بۆ ژینگە] و لە کارنامەی حکومیدا بابەتی ژینگەپارێزی و کەشوهەوا یەکێکە لە تەوەرە هەرە سەرەکییەکان و تەنانەت بۆ یەکەمجار بودجەشی بۆ تەرخان کرد کە خۆی لە 8-10 ملیار دۆلار دەگرێتەوە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جاسم فەلاحی، بریکاری وەزیری ژینگەی عێراق
 
رووداو: گرنگی بەشداریکردنی شاندی عێراق لەم کۆنگرەیە چییە؟ دەتانەوێ چی بکەن؟ 
 
جاسم فەلاحی: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بەدڵنیاییەوە رووداو هەمیشە لە هەموو شوێنێک بەدوامانەوەیە و لەگەڵمانە، ئێمەش شانازی بە بوونتان و ئامادەییتان دەکەین لێرە، کە 29یەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوایە لە باکوو، کە ئەمەش وێستگەیەکی یەکجار زۆر گرنگە لە پرسی ژینگە و کەشوهەوا. هەروەها پێشتریش چەند وێستگەی دیکەشی هەبووە. دوبەی بە کۆپ 28 یەکێک بوو لە وێستگە زۆر گرنگەکان. ئیدی ئەم جۆرە چالاکییانە درێژەپێدەری یەکەمین کۆنفرانس بوو کە لە 2015 لە پاریس دەستیپێکرد. لەبارەی گرنگی بەشداریکردنی عێراق لەم کۆنفرانسە، من سەرۆکایەتیی شاندی تەکنیکی عێراق دەکەم. تیمێکی تەکنیکی شارەزای عێراقی هەیە، تیمەکە جێگیرە و نوێنەری لە هەرێمی کوردستانیش هەیە. لە 24 کەس پێکهاتووە، نوێنەرایەتی زۆربەی وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات. ئەم شاندە بەرگریی لە دوو تەوەری سەرەکیی دەکات. لە تەوەری خۆگونجاندن و کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاردەکەین. هاوکات بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی داهاتووی عێراق کاردەکەین کە بەشێکیان پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئابووریشەوە هەیە. وەک ئاگادارن، ئاراستەیەکی جیهانیی هەیە بۆ کەمکردنەوەی پشت بەستن بە نەوت و هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ ئەوەی روو لە وزەی نوێبووەوە بکرێت و سروشت بپارێزرێت و کێشە قووڵەکانی ژینگە بۆ هەمیشە چارەسەر بکرێت. باوەڕمان بە بەرپرسیارێتیی هاوبەش هەیە. زیاتر لە 300 کۆمپانیای پیشەسازیی زۆر گەورەی وڵاتە زڵهێز و پێشکەوتووە پیشەسازییەکان هۆکاری قەتیسبوونی گەرمان کە بووە دیاردەیەکی مەترسیدار. ئیدی ئەم وڵاتانە بە سیاسەتی بانێک و دوو هەوا مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی ئابووریی و خۆشگوزەرانیی گەلەکانیان. داوا لە قوربانییەکانیش دەکەن کە بەهۆی زیادبوونی رێژەی قەتیسبوونی گەرما زیانی زۆریان بەرکەوتووە، خۆیان لەگەڵ دەردانەکان بگونجێنن. بەدڵنیاییەوە پلانی نیشتمانیی ستراتیژی تایبەت بەخۆمان هەیە کە بریتییە لە بەڵگەنامەی پشکداری نوێکراوی نیشتمانییە. بڕیارە 36 پانێڵ و دانیشتنی تایبەت بکرێت، ئێمەش ستاندی تایبەتی خۆمان هەیە بە هەرێمی کوردستانیشەوە کە خۆی لە تیمی عێراقیدایە. پێمان باش بوو پێکەوە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە. بە دڵنیاییەوە کەمئاوی، وشکەساڵی، بە بیابان بوون، خراپی کوالیتی خاک، تێکچوونی چینەکانی زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەرزبوونەوەی زۆری پلەکانی گەرما، زیادبوونی رێژەی بە هەڵمبوون، کەمی بارانبارین، نەمانی پارێزبەندی رووەکەکان، سووتانی دارستان و سەوزاییەکان، پیسبوونی ژینگە هەموو ئەمانە فاکتەری زۆر گرنگی مژاری تیمەکەمان دەبێت لەم کۆنفرانسەدا. 
 
رووداو: عێراق یەکێکە لەم وڵاتانە بەشێوەیەکی خێرا کەوتە ژێر کاریگەری زۆری گۆڕانی ژینگە، چی دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییە خێرایانە؟
 
جاسم فەلاحی: بەڕێزت ئاماژەت پێدا، عێراق لە پۆلینی پێنج یەکەمەکانی جیهان هەژمار دەکرێت کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە زیانی زۆری بەرکەوتووە. رەنگە بەلای بەڕێزت و بینەرە ئازیزەکانیش سەیر بێت، بۆچی عێراق؟ لە راستیدا عێراق زیاتر لە چوار دەیەیە شەڕ و جەنگ تێیدا دەکرێت، ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسیی تێیدا بەردەوامە، رووبەڕووی قەیرانی ئابووری زۆر بووەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاری تیرۆر، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ پاشەکشەی ژێرخانەکان. ئەو وڵاتانەی کە لە هەموو روویەکەوە سەقامگیرن، بەشێوەیەکی سرووشتی دەست بۆ زیادکردن و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دەدەن بۆ گەشەسەندنی وڵاتەکەیان لە هەموو روویەکەوە بەتایبەتیش ژێرخانەکانیان. بەمەش ناوەستن، پشت بە تەکنۆلۆژیای نوێ دەبەستن و بەمەش ژێرخانیان تۆکمەتر دەکەن. بەڵام عێراق لەم بوارەدا زۆر دواکەوت و بووە هۆی ئەوەی زیانی زۆر پێبگات و هەموو ئەو کێشانە کەڵەکە ببێت. چەندین دەیەیە ئەم ئاستە بەرزەی پلەی گەرمامان نەبینیووە. ئێوەش دەزانن لە هەر 100 ساڵ جارێک یەک پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە، بەڵام لە 50 ساڵی رابردوودا، عێراق 4-5 پلەی گەرما زیادیکرد. ستاندەردەکە دەبێت لە هەر 100 ساڵ جارێک یەک پلەی گەرما بەرز ببێتەوە، بەڵام لە 50 ساڵدا واتە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا 4-5 پلەی گەرما بەرز بووەتەوە. ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە زیادبوونی رێژەی وشکەساڵی، کەمی شێ هەیە. بۆیە ئێمە لە دۆخێکی خراپی بەرکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەداین. کاتێک دەنگمان بەرزکردەوە بۆ زیادکردنی هۆشیاری لەسەر ئاستی بڕیاربەدەستەکان و هاووڵاتییان بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردن و زۆرکردنی ئاستی نەمام و دار چاندن و رووبەڕووبوونەوەی پیس بوونی هەوا و ژینگە، هەموو ئەمانە وەبەرهێنانن بۆ جیهان. هەمیشە گوتوومانە ئەگەر بێت و پلان و تێڕوانینێکی نیشتمانیی ستراتیژی گشتگیرمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ژینگە نەبێت و هاوئاهەنگیی لەگەڵ سیستمی هەرێمی و جیهانیی نەبێت، ناتوانین لە پرۆسەی سەرکەوتن بەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە سەرکەوتوو بین. 
 
رووداو: لوتکەی وڵاتانی بەخشەر بۆ عێراق تا چەند هاوکاری عێراق دەکەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە؟
 
جاسم فەلاحی: بە ئەمانەتەوە دەڵێم، ئەم جۆرە لوتکانە و ئەم جۆرە کۆنفراسانەی ساڵانە کە لەم کاتانەدا دەکرێن، بە لوتکەی زەوی دەناسرێن. زیاتر لە 80 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهان تێیدا بەشدار دەبن و زیاتر لە 180 وەزیر ئامادەی دەبن کە وەزیرەکانی وزە، ژینگە و دەرەوەن. ئەمانە جموجۆڵی سیاسیی، دیپلۆماسی باڵایە و بابەتێک کۆیان دەکاتەوە کە بایەخی هاوبەشی هەمووانە و ئامانجی هەموویان بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەیە. لێرەوە دەیڵێم، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پشتیوانی هەوڵەکانی عێراق دەکات لەسەر ئاستی تەکنۆلۆژی و پیادەکردنی بنەماکانی بەرزکردنی توانای کارمەندەکانمان. شاندی دانووستاندنکاری عێراقی مایەی شانازییە و زۆر پسپۆڕ و شارەزان لە بواری دانووستاندن. بەدڵنیاییەوە ئەمەش بەرهەمی هاوئاهەنگی وەزارەتەکەمانە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان. 
 
رووداو: لە لوتکەی دوبەی، وڵاتە زڵهێزەکان بڕیاریاندا هاوکاری ئەو وڵاتانە بکەن کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا زیانیان بەرکەوتووە، ئایا عێراق لە سندووقی هاوکارییەکان سوودمەند بووە؟ 
 
جاسم فەلاحی: بەڵێ، ئەمە پێی دەگووتریت، سندووقی ژینگەی سەوز. دوای ئەم هەڤپەیڤینەم لەگەڵ بەڕێزتان، لەژێر سەرپەرشتی بەڕێز سەرۆککۆماری عێراق بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەکەین لەگەڵ سەرۆکی سندووقی ژینگەی سەوز. ئەم سندووقە میکانیزمێکی قەرەبووکردنەوەیە کە لە رێککەوتننامەی پاریس دامەزرا بۆ هاوکاریکردنی ئەو وڵاتانەی زیانیان بەرکەوتووە یان ئەو وڵاتانەی لە هەوڵی گەشەسەندندان. عێراق یەکەم هاوکاری دارایی وەرگرت بۆ پاڵپشتیکردن و باشکردنی ئاستی بژێوی و گەشەپێدانی ئەو پارێزگایانەی کە زیانی زۆر گەورەیان بەرکەوتووە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا وەک پارێزگای بابل، کەربەلا و نەجەف. بڕی هاوکارییەکەش 30 ملیۆن دۆلار بوو. بەدڵنیاییەوە هاوکارییەکانمان لە چوارچێوەی پلانی خۆگونجاندن و داڕشتنی پلانی گەشەپێدان خەرجکرد. لە بەشێکی پلانی خۆگونجاندنی خۆماڵیدا، هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە کە پێکەوە بۆ پەرەدانی زیاتر بە پلانی ستراتیژی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا کار دەکەین. ستراتیژییەتی نیشتمانیی بۆ پاراستنی ژینگەمان دەرکرد، هەروەها ستراتیژییەتی نیشتمانی بۆ پاراستنی پیسبوونی هەوامان دەرکرد. دەستکەوتی زۆر چاکمان بەدەستهینا، بەڵام هاووڵاتیی ئاسایی جا لە هەرێمی کوردستان بێت یان پارێزگاکانی دیکەی عێراق پرسیار دەکات ژینگە لە کوێیە؟ لە راستیدا ئاڵنگارییەکان زۆر گەورەن بەڵام ئەو میکانیزمانەی دامانناوە، هاووڵاتیی بە شەو و رۆژێک هەستیان پێناکات و گۆڕانکارییەکان نابینێت. بەڵکو پێویستی بە کار و کات و شەونخونی زۆر هەیە لەپێناو جێبەجێکردنی پێوەرە نیشتمانیی و نێودەوڵەتییەکان. وەک دەشزانن، سستی و لاوازی لە جێبەجێکردنی یاسا بەردەستە. هەروەها سستی و لاوازیش لە ناچارکردنی ئەو لایەنانە هەیە کە ژینگە پیس دەکەن و بەهۆیەوە دەردانی گازەکان هۆکارێکە بۆ هەموو ئەم گۆڕانەی ژینگە. 
 
رووداو: لە کارنامەی حکومیدا بایەخ بە ژینگە و کەشوهەوا دراوە؟
 
جاسم فەلاحی: دەتوانم بڵێم، تا رادەیەک پاڵپشتی و هاندان هەبوو. بەڵام لە حکومەتی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی-دا پاڵپشتییەکی فراوان و بەهێز فەراهەم کرا و لە کارنامەی حکومیدا بابەتی ژینگەپارێزی و کەشوهەوا یەکێکە لە تەوەرە هەرە سەرەکییەکان و تەنانەت بۆ یەکەمجار بودجەشی بۆ تەرخان کرد کە خۆی لە 8-10 ملیار دۆلار دەگرێتەوە و بەسەر سێکتەری جیاواز دابەشکرا هەر لە نەهێشتنی دیاردەی گازی هاوەڵ و گۆڕینی بۆ وزەی دۆستی ژینگە و کارکردن بە کارەبا و نەهێشتنی بەکارهێنانی گازی پیس بۆ کەمکردنەوەی دەردانە زیانبەخشەکان. چوار گرێبەست واژۆکراوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی تیشکی خۆر بە قەبارەی حەوت هەزار مێگاوات. هەروەها پرۆژەیەکی پێنج ساڵی دیکەشمان هەیە بە بڕی 100 ملیار دینار بۆ ئەوەی کارەبای باڵەخانە حکومییەکان لەم ماوەیەدا تەنیا بە تیشکی خۆر کارەبا دابین بکات. هەروەها دەستپێشخەری نیشتمانییمان هەیە بۆ کەمکردنەوەی دەردانەکان کە یەک ترلیۆن دینار لە بانکی ناوەندی قەرز کردووە بۆ هاندانی خەڵک لە بەکارهێنانی کارەبای تیشکی خۆر. لێرەوە زۆر زۆر سوپاسی کەناڵە بەڕێزەکەتان دەکەم بۆ تیشکخستنە سەر گرنگی کەرتی ژینگە و بەشداریکردنتان لە پلاتفۆڕمە جیهانییەکان. ئێوە وەک مێزگردێکی رەسەنی میدیایی کاری زۆرباشتان کردووە و هیوادارین لەسەر ئاستێکی باشتریش کار بکەن بۆ هۆشیاری زیاتری خەڵک لەبارەی ژینگەپارێزی و پرسی گۆڕانی کەشوهەوا. ئێوەش ئاپۆڕای سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بۆ کات بەسەربردن نەهاتوونەتە ئێرە، بەڵکو بۆ گرنگی ئەم بابەتە هاتوون و بەشدارییان کردووە. 
 
رووداو: دوایین پرسیارمان دکتۆر، لەمبارەیەوە هاوئاهەنگیتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە؟
 
جاسم فەلاحی: 100٪ هەرێم بەشێکە لە ئێمە. شەرەفمەندم سەرۆکایەتیی شاندی عێراقی دەکەم کە برا و هاوڕێی خۆشەویستمان لە هەرێمی کوردستانیش لەخۆ دەگرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە