نوێنەری یوئێن دی پی بۆ رووداو: هاوئاهەنگی هەولێر و بەغدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا گرنگە

13-11-2024
نیاز مستەفا
نیشانەکردن کۆپ29
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یوئێن دی پی) بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق کاری باشی بۆ رووبەرووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هاوئاهەنگیی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەو بوارەدا زۆر گرنگە.

رۆژی چوارشەممە، 13ی تشرینی دووەمی 2024، ئۆک لوتسمان، نوێنەری یو ئێن دی پی لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە؛ بۆیە زۆر گرنگە بۆ وڵاتێکی وەک عێراق لە کۆنفرانسێکی لەم جۆرەدا بەشداربێت. پار لە کۆپ 28 کە لە دووبەی بەڕێوەچوو و ئەم ساڵیش لە کۆپ29 لە باکۆ، ئامادەن."
 
ئۆک لوتسمان گوتی، کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا "کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتییە کە عێراق پێویستە هەڵوێستی خۆی بە روونی تێدا بگەیەنێت، بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی بکات و هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە چۆن دەتوانێت هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا". 
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە دەرفەتەکانی بەردەم عێراق کرد و گوتی، "عێراق بە وڵاتێکی خاوەن خورمای ناوازە و کوالێتیی بەرز ناسراوە. لە مێژوودا عێراق بەوە ناسراوە کە خورمایەکی زۆری هەناردەی وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوە کردووە. دەکرێت زیادکردنی بەرهەمهێنانی خورما بکرێتە دەرفەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، چونکە ئەو کارە دەرفەتی ئابووری دەرەخسێنێت و دژی خۆڵبارین و قەیرانی ئاوە. هەروەها کارێکی لەو جۆرە دەکرێت ببێتە هۆی پاککردنەوەی ئاوی ژێرزەوی، بەتایبەت لە ناوچەکانی خوارووی عێراق کە ئاوەکەی سوێر بووە". 
 
سەبارەت بە چارەسەری کێشە ژینگەییەکانی عێراق، نوێنەرەکەی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "پێم وایە پێش هەموو شتێک، هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق زۆر گرنگە، چونکە هەردوولایان لە هەمان ناوچە و ژینگەدان".
 
کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) تاوەکو 22 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و سەرکردە، شاند و نوێنەری نزیکەی 200 وڵات، رێکخراو و هەرێم تێیدا بەشدارن. 
 
سەرنجێکی سەرەکی کۆنفرانسەکە لەسەر پارەدارکردنی ئەو وڵاتەنەیە داهاتیان کەمە تاوەکو بتوانن لە بواری رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوادا هەنگاو بنێن.
 
دەقی گوتەکانی ئۆک لوتسمان، نوێنەری یو ئێن دی پی بۆ رووداو
 
رووداو: ئەم لووتکەیە چەندە گرنگە بۆ عێراق کە بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە؟
 
ئۆک لوتسمان: وەک دەزانیت، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، بۆیە زۆر گرنگە بۆ وڵاتێکی وەک عێراق لە کۆنفرانسێکی لەم جۆرەدا بەشداربێت. عێراق پار لە کۆپ 28 کە لە دووبەی بەڕێوەچوو، و ئەم ساڵیش لە کۆپ 29 لە باکۆ، ئامادەیە. ئەمە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتییە کە عێراق پێویستە هەڵوێستی خۆی بە روونی تێدا بگەیەنێت، بەرگری لە بەرژوەندییەکانی بکات و هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە چۆن دەتوانێت هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بکات.
 
سەرۆک لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ ئاماژەی بەو راستییە کرد کە گۆڕانی کەشوهەوا لە سنوور و ناوچەیەکدا نامێنێتەوە و رووبەڕووبوونەوەی پێویستی بە پابەندبوونی هەمووانە، ئەوەش پێویستی بە هاوئاهەنگی وڵاتان هەیە. نموونەیەکی روون، ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فوراتە. خۆم لە بەغدا دەبینم کە ئاوەکە بەنێو شارەکەدا دەڕوات و رۆژ بە رۆژ کەم دەبێتەوە. رووبارەکە سەرچاوەکەی لە عێراق نییە، بەڵکو لە تورکیا و بەنێو سووریاشدا دێت. لەبەر ئەوەشە کە هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتان پێویستە. ئەوەش نموونەیەکی دیارە کە پێویستە کار لەسەر ئەم جۆرە کێشانە بکرێت. لە هەمان کاتدا، پێم وایە گۆڕانی کەشوهەوا ژمارەیەک هەلیش دەڕەخسێنێت، لەوانە دەرفەتی وەبەرهێنان، دەرفەتی ئابووری سەوز (دۆستی ژینگە) و دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکە جگە لە نەوت. 
 
لێرە دەرفەتی ئەوەش هەیە کە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دیکە بکرێت کە بەدوای وەبەرهێناندا دەگەڕێن (لە وزەی نوێبووەوەدا). یەکێک لەو لایەنانەی دەمەوێت لێرە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە عێراق بە وڵاتێکی خاوەن خورمای ناوازە و کواڵیتی بەرز ناسراوە. لە مێژوودا عێراق بەوە ناسراوە کە خورمایەکی زۆری هەناردەی وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوە کردووە. لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا، دەکرێت زیادکردنی بەرهەمهێنانی خورما بکرێتە دەرفەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی، چونکە دەرفەتی ئابووری دەرەخسێنێت و دژی خۆڵباران و قەیرانی ئاوە. هەروەها کارێکی لەو جۆرە دەکرێت ببێتە هۆی پاککردنەوەی ئاوی ژێرزەوی، بەتایبەت لە ناوچەکانی خوارووی عێراق کە ئاوەکەیان سوێر بووە. لەو روانگانەوە پێم وایە تێکەڵکردنی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرەوپێشبردنی ئابووری زۆر گرنگە. 
 
دوایین خاڵ ئەوەیە کە عێراق خۆی کار لەسەر پابەندبوونەکانی بۆ رێگری لە گۆڕانی کەشوهەوا دەکات. بۆ نموونە، عێراق لە رێگەی پرۆگرامێکەوە هەوڵ دەدات بەهەدەرچوونی گازی هاوەڵ کەمبکاتەوە و بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکاریبهێنێت. ئەمەش هاوکاردەبێت لە کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان.
 
رووداو: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چی بکەن بۆ ئەوەی رێگری لە زیادبوونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بکەن؟
 
ئۆک لوتسمان، نوێنەری پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق: پێم وایە پێش هەموو شتێک، هاوئاهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق زۆر گرنگە، چونکە هەردوولایان لە هەمان ناوچە و ژینگەدان. پرسەکە تەنیا پەیوەندی بە کشتوکاڵ و ئاوەوە نییە، بەڵکو گرنگە کە بیر لە فرەزیندەییکردن بکرێتەوە؛ ئەمە پرسێکی هەمەلایەنەیە، نەوەک تەنیا بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتووش. پێم وایە هاوئاهەنگی سیاسی و ستراتیژییەت بۆ وەبەرهێنان لەو بوارانەدا وەکو یەک گرنگە. ویستی بەردەوام لە هەردوولایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەبینم بۆ کارکردن (لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا) و ئێمەش هاوکار دەبین.
 
رووداو: نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەم کۆنفرانسە ئابوورییە کە تێیدا وڵاتانی دەوڵەمەند هاوکاری وڵاتە هەژارەکان دەکەن. چەند پرۆژەتان هەیە بۆ هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا؟
 
ئۆک لوتسمان، نوێنەری پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق: بەهۆی ئەوەی عێراق کارێکی باشی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا ئەنجام داوە، پێم وایە بووەتە ناوچەیەکی لەبار بۆ رێکخراوە ژینگەییەکان بۆ دابینکردنی هاوکاری و دەستکردن بە پرۆژە (ی ژینگەیی) لە عێراق و هەرێمی کوردستان. وەک رێکخراوەکەمان، هاوکاری عێراق دەبین لە بەکارهێنانی ئەو پارەیە بۆ وڵاتەکە و جێبەجێکردنی ئەو جۆرە پرۆژانە بۆ وڵاتەکە. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە