ماڵپەڕێکی نێودەوڵەتی: عێراقییەکان لە زیرەکیدا لە پلەی 93ی جیهاندان

03-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی ماڵپەڕێکی نێودەوڵەتی کە کار لەسەر دیاریکردنی ئاستی زیرەکی دانیشتووانی وڵاتان دەکات، عێراقییەکان لە رووی زیرەکییەوە لە پلەی 93ی جیهان و 12ی وڵاتانی عەرەبیدان.
 
ئاماری 2025ـی ماڵپەڕی تاقیکردنەوەی ئای کیووی نێودەوڵەتی International IQ Test، تایبەت بە پلەبەندیی زیرەکی دانیشتووانی وڵاتانی جیهان دەریدەخات، چینییەکان بە 107.19 خاڵ، لە پلەی یەکەمی ریزبەندییەکەدان و دوایەمینیشیان خەڵکی  گابۆنن لە کیشوەری ئەفریقا، کە لە پلەی 85.08دان.
 
بە گوێرەی ئەو ماڵپەڕە، لە کۆی 126 وڵاتی جیهان؛ عێراقییەکان بە 93.99 لە ریزبەندیی 93 و لە نێو وڵاتە عەرەبییەکانیشدا پلەی 12ـەمینی گرتووە.
 
لە نێو وڵاتە عەرەبییەکاندا، لوبنان بە رێژەی 99.39 بە پلەی یەکەم هاتووە و یەمەنییەکانیش بە 93.03 لە کۆتا پلەی وڵاتانی عەرەبیدان لە ئاستی ژیریدا. 
 
پلەبەندییەکە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پرسیاری هزرییە، لەو کەسانە دەکرێت بەشداری لە تاقیکردنەوەی ماڵپەڕەکەدا دەکەن.
 
لە International IQ Test، تێکڕای رێژەی ژیری بە 100 دیاریکراوە، بەپێی ماڵپەڕەکە، ئەو وڵاتانەی لە 100 زیاترن، بەو واتایەیە کە ژیرییان لە لوتکەدایە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، ئەو هۆکارانەی کە وادەکەن رێژەی ژیری لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە بگۆڕێت، پەیوەندییان بە بۆماوەیی مرۆڤەکان، سیستمی خۆراکی رۆژانە، چالاکی مێشک و نەخۆشییەکانەوە هەیە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە