گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: گرووپەکانی نێو عێراق رۆڵیان لە ناسەقامگیریی وڵاتەکەدا هەیە

03-10-2024
تەنیا ئەحمەد
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان لەبارەی ئەو گرووپانەی لە عێراقن و ئێران پاڵپشتییان دەکات نیگەرانن، چونکە ئەو گرووپانە "رۆڵیان لە ناسەقامگیرکردنی عێراقدا هەیە." راشیگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای عێراق لەوێن، بۆیە دەبێت عێراق لێپرسینەوە لەو گرووپانە بکات، کە دەبنە هۆی هەڕەشە.
 
رۆژی چوارشەممە 02-10-2024 ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "نیگەرانین لەو گرووپانەی لە ناوچەکە و عێراقدا هەن کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ و پاڵپشتیدەکرێن. ئەو گرووپانەی لە ئێرانەوە نزیکن رۆڵێکی گەورەیان لە ناسەقامگیریی عێراقدا هەیە."
 
دیار کوردە پرسیاری ئەگەری هێرشی گرووپەکانی عێراقی کرد بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، میڵەر گوتی: "نابێت هیچ گرووپێک لە ناوچەکە ئەم بارودۆخە بۆ بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکاربهێنێت، چونکە ئێمە بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانمان دەکەین. هەروەها، ئەو هێزانەی لە عێراقن لەسەر بانگێشتی حکومەتی عێراقی لەوێن، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق لێپرسراوییەتی یەکەم بەرامبەر کۆنتڕۆڵکردنی هەر گرووپێک بگرێتە ئەستۆ کە دەیانەوێت ئەو کارانە بکەن."
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
 
رووداو: سوپاس مات، لەدوای کوژرانی حەسن نەسروڵڵا، کەشی عێراق کەشێکی توڕەیی و تازییە بارییە، هەروەها رێک لەدوای هێرشەکەی دوێنێش، گرووپی مقاوەمەی عێراقی رایانگەیاند، ئەگەر ئەمریکا لەم هێرشەوە تێوەبگلێیت، هەموو بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەبنە ئامانجی هێرشەکانیان، ئێوە ئەم دۆخە چۆن دەبینن، هەروەها دەتانەوێت چۆن وەڵامی گرووپەکانی مقاوەمە بدەنەوە؟
 
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: "چەند شتێکمان روونکردووەتەوە، یەکەمیان، نابێت هیچ گرووپێک لە ناوچەکە ئەم بارودۆخە بۆ بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکاربهێنێت، چونکە ئێمە بەرگریی لە بەرژەوەندی و کارمەندانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەین. هەروەها، ئەوەشمان رونکردووەتەوە کە ئەو هێزانەی لە عێراقن لەسەر بانگێشتی حکومەتی عێراق لەوێن، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق لێپرسراویێتی یەکەم بەرامبەر کۆنتڕۆڵکردنی هەر گرووپێک بگرێتە ئەستۆ کە دەیانەوێت ئەو کارانە بکەن." 
 
رووداو: هەندێک لە گرووپەکانی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێران لە عێراق لەم شەڕە تێوەگلاون، لەگەڵ حووسییەکان و حیزبوڵڵاش لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەشداربوونە  هاوکات ترسێکی زۆر هەیە لە عێراق و لە ناوچەکەش رەنگە عێراق ببێتە وێستگەی داهاتووی ئەم شەڕە، ئێوەش هەمان ترستان هەیە، ئەمریکا چی دەکات تاوەکو رێگری لە فروانبوونی ئەم شەڕە و تێوەنەگلانی عێراق بکات؟
 
ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: "بەردەوام دەبین لەو پلانەی کە بۆ کەمکردنەوە و رێگریی لە فراوانبوونی شەڕەکە هەمانە، بەڵام بەدڵنیاییەوە، چەند جارێک نیگەران بووین لەو گرووپانەی لە ناوچەکە و عێراق هەن کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ و پاڵپشتیدەکرێن. ئەو گرووپانەی لە ئێرانەوە نزیکن و لە عێراقن رۆڵێکی گەورەیان لە ناسەقامگیریی عێراقدا هەیە. بەردەوام دەبین لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان لەوێ و بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کاردەکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە رۆڵی ئەو گرووپانە لە عێراق نیگەرانین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە