پێنتاگۆن دیمەنی فڕۆکەی B-52 لە کەنداو بڵاودەکاتەوە و زەریف دەڵێت هەرچی رووبدات ئەمریکا بەرپرسیارە

01-01-2021
لهۆن نەسرەدین
فڕۆکەیەکی بی 52ی ئەمریکی. وێنە: AFP/US Air Force
فڕۆکەیەکی بی 52ی ئەمریکی. وێنە: AFP/US Air Force
نیشانەکردن B-52 ئێران ئەمریکا کەنداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دیمەنی نوێی تایبەت بە گەورە فڕۆکەی جەنگیی بی-52ی بە ئاسمانی ناوچەی کەنداو بڵاوکردەوە. لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێت کە ئەو فڕۆکە جەنگییە لەلایەن فڕۆکەی ئێف-16وە سووتەمەنیی تێدەکرێت. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند "واشنتن بەرپرسیارە لە هەر رووداوێکی نەخوازراو لە ناوچەکەدا".
 
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت "گومانمان لە جموجۆڵەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو هەیە، واشنتن بەرپرسیارە لە هەر رووداوێکی نەخوازراو لە ناوچەکەدا".
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی فڕینی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداو و نزیک لە سنوورە ئاوییەکانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، هەوڵەکەی ئەمریکا شەڕخوازانەیە و ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، دەتوانێ گرژییەکان بۆ ئاستی زۆر مەترسیدار بەرزبکاتەوە.

لە نامەکەیدا، نوێنەرایەتی ئێران رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی خوازیاری شەڕ نییە لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام ئەگەر هێرشیان بکرێتەسەر وەڵام دەدەنەوە.
 
کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت دژی هەوڵێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی فڕۆکەهەڵگری نیمیتز لە کەنداوی فارس بڕیاری دا و لە ناوچەکەی دوورخستەوە، ئەمەش وەکو ئاماژەیەکی روون بۆ ئێران بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
 
رۆژی چوارشەممە 30ی کانوونی یەکەمی 2020 ئەمریکا فڕۆکەی بی 52ی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە توانای هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمیی هەیە.
 
گەیشتنی فڕۆکەی جەنگی بی-52 بۆ ناوچەی کەنداو لە چوارچێوەی پرۆسەی بڵاوەپێکردنی هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکی لە ناوچەکە دێت کە گەڕاندنەوەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یوو ئێس ئێس نەمتیز لە دەریاکانی ئاسیاوە بۆ ناوچەی کەنداوی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2020 لەخۆگرتبوو.
 
بڵاوکردنەوەی دیمەنەکان لەکاتێکدایە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ بەدوای پاساوێکدا دەگەڕێت تاوەکو شەڕێك دژ بە ئێران بەرپابکات.
 
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش دەڵێن، ناردنی فڕۆکەی بی-52 بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو هۆشدارییەکە بۆ تاران بۆ رۆژانی پێش و پاش 3ی کانوونی دووەم کە قاسم سولەیمانیی تێدا کوژرا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هێرشکردنە سەر بەرژەوەندی و سەربازانی ئەمریکا.
 
تۆم نیکۆلس، شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت، جوڵاندنی فڕۆکەی جەنگیی B-52 میتۆدێکی باوی ئەمریکییە بۆ "دووژمنێک" کە ئەو وڵاتە لەگەڵیدا لە کێشەدایە.
 
بەرپرسانی ئێران لە ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی بەردەوامن لە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە، ترەمپیش چەند رۆژێک بەر لە ئێستا هەڕەشەی تووندی کرد و گوتی "ئامۆژگارییەکی دۆستانەی" بۆ ئێران هەیە و "هەر ئەمریکییەک لە عێراق بکوژرێت، ئێمە تۆڵە لە ئێران دەکەینەوە".
 
هۆشدارییەکەی ترەمپ بۆ ئێران لەکاتێکدا بوو، رۆژی چوارشەممە 23-12-2020 بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و لەسەر هەندێک بژارە بۆ رێگەگرتن و وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆسەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق رێککەوتن.
 
دوو بەرپرسی ئاگادار لە دۆخەکە بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، واشنتن چاو بەو بژارەیە دەخشێنێتەوە کە باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دابخات، ئەمە یەکێکە لەو چەند بژارەیەی کە بەرپرسانی ئەمریکی خستوویانەتە بەردەم ترەمپ بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران و گرووپە شیعییەکانی سەر بە وڵاتەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شارۆچکەی سانتا کلۆس.

ئەم ساڵ لە شارۆچکەکەی سانتا کلۆس بەفر نەباریوە

شارۆچکەی رۆڤانیمی لە هەرێمی لاپلاند لە باکووری فینلاند ئەو شارۆچکەیە بە ماڵی سانتا کلۆس ناسراوە و بەردەوام ناوچەیەکە بەهۆی بەفرەوە سپیپۆشە.