رووداو دیجیتاڵ
ماتس هۆمێڵز، بەرگریکەری یانەی رۆمای ئیتاڵی، هەڵسوکەوتی یانەی ریال مەدریدی بەرامبەر ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر بەهاوشێوەی هەڵسوکەوتەکانی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکا ناوبرد. ئەو دەڵێ، ئەوەی ریال مەدرید کردی، بێڕێزی بوو بەرامبەر ئەوانیدیکە.
ریال مەدرید، پاشئەوەی یەکلابووەوە خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، بە ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی نادرێت، بایکۆتی ئاهەنگەکەی پاریسی کرد و هیچ کەسێک لە یانەکە نەچووە ئەو ئاهەنگە.
میدیای نزیک لە ریال مەدرید هێرشی تووندیان کردە سەر گۆڤاری 'فرانس فوتبۆڵ'ی بەخشەری خەڵاتەکە و کارەکەیان بەدزی لە ڤینیسیۆس ناوبرد، پاشئەوەی رۆدری، خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی 2024ی درایە.
هۆمێڵز، لە پۆدکاستێکدا هەڵسوکەوتی بەرپرسانی ریال مەدریدی بە "ترەمپی" ناوبردووە، دەڵێ هەردوولا (واتە ریال مەدرید و ترەمپ) رێزی بەرامبەر ناگرن.
ئەو زیاتر دەڵێ، "دەستەواژەی بێڕێزی بەکاردەهێنم" چونکە بیڕێزی ئەوەیە کە تۆ لە هەڵبژاردندا بدۆڕێیت و رێزی بۆچوونی خەڵک نەگریت کاتێک هەڵتنابژێرن، "ئەمە هاوشێوەی هەڵسوکەوتەکانی دۆناڵد ترەمپە و ناشرینە".
هۆمێڵز کە یەکەم ساڵیەتی لەگەڵ رۆما یارییدەکات، پاشئەوەی لە هاوینی رابردوودا لە بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانییەوە رووی لەو یانەیە کرد، زیاتر دەڵێ، "گومان لەوەدا نییە کە یاریزانێکی ریال مەدرید شایستەی بردنەوەی خەڵاتەکە بوو، بەڵام یاریزانانی دیکەش لە یانەکانی دیکە ئاستی زۆر باشیان هەبوو، هەندێک تیپ زۆر بێبەشکران لە رێوڕەسمەکەدا".
هۆمێلزی 35 ساڵ، لەگەڵ ئارتیم دۆڤپیکی هێرشبەری رۆما، پلەی 35ی ریزبەندی لیستی باشترینەکانی باڵۆن دۆریان بەدەستهێنا. ئەو بەرگریکەرە لەبارەی ئەو پێگەیەوە دەڵێ، ئەوە باشترین شوێنی جیهانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ