ئەگەری هەیە مۆرینیۆ ببێتەوە راهێنەری مانچێستەر یونایتد

31-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی و پێشووی یانەی رۆمای ئیتاڵی دوای بەجێهێشتنی یانەکەی، تاوەکو ئێستا بڕیاری نەداوە کاروانی داهاتووی لە کام یانە دەبێت، راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش وردەکاری نوێ لەسەر پلانی ئەو راهێنەرە ئاشکرا دەکات.
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، لە نوێترین پێشهاتدا لەبارەی جۆزێ مۆرینیۆوە دەڵێت "ئەو راهێنەرە پلانی ئەوەی هەیە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە یانەی مانچێستەر یونایتد و راهێنەرایەتیی ئەو یانەیە وەربگرێتەوە."
 
بەپێی سەرچاوەکە، مۆرینیۆ ویستی کارکردنی لەگەڵ مان یونایتد هەیە، پێیوایە کە هەندێک شت لەگەڵ ئەو یانەیە تەواونەکراون و دەبێت تەواویان بکات، بۆیە بیر لەوە دەکاتەوە بگەڕێتەوە ئەو یانەیە.
 
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە، پێشتر لە 2016 تاوەکو 2018 لە یانەی مانچێستەر یونایتد کاریکردووە، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانیی لەگەڵ ئەو یانەیە 3 نازناوی جیاواز بباتەوە، کە یەکێکیان بردنەوەی یۆرۆپالیگی وەرزی 2016-2017 بوو.
 
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر مۆرینیۆ، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو جیابوونەوەی لە یانەی رۆمای ئیتاڵی راگەیاند، تاوەکو ئێستا روون نییە داهاتووی سپێشەڵ وەن لەگەڵ کێ دەبێت.
 
پێشتر راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لە سعودیەوە دەستەوارەی گەورەی پێشکێشکرابوو، بەڵام مۆرینیۆ رەتیکردبووەوە، هەرچەند خۆی رایگەیاندبوو، رۆژێک لە سعودیە دەیبینن، بەڵام دیار نییە ئەو رۆژە کەیە.
 
جۆزێ مۆرینیۆ، تەمەنی 61 ساڵە، لە 2000ـەوە کاری راهێنەرایەتی دەکات، پێشتر لە پۆرتوگال، ئینگلتەرا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا کاریکردووە و خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لە کاروانی راهێنەرایەتییدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە