بێلینگهام سەرنجی جیهانی بەدەستهێنا و پێشمەرگەیەکیش خەڵاتی رووداوی بردەوە

01-07-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بەرنامەی یۆرۆی 2024 یۆرۆی 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دووەم رۆژی قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2024 گەرم و گوڕ بوو، دوو هەڵبژاردەی دیکە گەیشتنە قۆناخی 8 و دووانیش بەرەوە فڕۆکەخانە و لەوێشەوە بۆ ماڵەوە. دوو یاریی بەهێز بەڕێوەچوون و بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداویش تا دێت ژمارەی ئامادەبووانی هاندەرانی زیاتر دەبێت. 
 
ميوانی ئەمجارەی ستۆدیۆی یۆرۆی 2024، خانمە هونەرمەند دێرێ ئارام بوو، لەگەڵ هاندەران سەیری یاری کرد و خەڵاتی تەلەڤزیۆنی زیرەکی رووداوی بەخشییە براوەکە.
 
رووداو بەردەوامە لە بەخشینی خەڵاتە بەنرخەکانی بە بەشداربووانی رووماڵی رۆژانەی، کە یەکێک لە خەڵاتەکانی ئایپادی رووداو ئەمجارە بۆ پێشمەرگەیەک دەرچوو.
  
سامان وڵاتژێری بە بووڵتەنی 08:30 رووماڵی دووەم رۆژی قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2024ـی دەستپێکرد و هەموو زانیارییە پێویستەکان سەبارەت بە هەردوو یارییەکە بە بینەران و بەشداربووانی رووداو دا و کات و شوێنی یارییەکان بە گرافیک خرانەڕوو.
 
بووڵتەنی 13:30ـیش بەهەمانشێوە پێشکێشکرا و پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیاوە نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیاند و چەند هاندەرێکی هەڵبژاردەکان قسەیان بۆ مایکی رووداو کرد.
 
میوانی تایبەتی شرۆڤەی رووداو، دێرێ ئارام بوو، کە گۆرانیبێژ و میۆزیکژەنە. ئەو باسی لەوە کرد کە لە منداڵییەوە حەزی لە یاری باسکە بووە، ئێستاش وەرزشی یۆگا دەکات، بەڵام بەینی لەگەڵ تۆپی پێ خۆش نییە.
 

ئەو کچە هونەرمەندە، گوتیشی "من لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەناسم، بەڵام مێسیم خۆش دەوێت، هاندەری ئەوم، چونکە هەستدەکەم ئەو باشترینە".
 
دێرێ ئارام، زیاتر گوتی "ئەوکاتانەی هەست دەکەم ماندووم، یۆگا دەکەم بۆ ئارامبوونەوە، بەڕاستی ئەو وەرزشە ئێنێرجیم پێدەبەخشێت، بۆیە گرنگی پێدەدەم".
 
دێرێ گوتیشی "من لە منداڵییەوە لە زۆر بواردا خەون و ئاواتم هەبوو، بەڵام دواجار بۆم دەرکەوت کە بەهرەکانم لە بواری هونەردا باشترن، بەتایبەتی لە بواری گۆرانی و میۆزیک".
 
لە دووەم رۆژی یارییەکانی قۆناخی 16ـی یۆرۆدا دوو یاریی یەکلاکەرەوە بەڕێوەچوون، و لە یاریی یەکەمدا، کە لە کاژێر 19:00 بەڕێوەچوو، ئینگلتەرا و سلۆڤینیا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و ئەوەندە نەمابوو سلۆڤینیا گەورەترین سوپرایز بکات و ئینگلتەرا لە یۆرۆ دەربکات، بەڵام بێلینگهام لە خولەکی 90+5ـدا گۆڵی یەکسانبوونی بۆ ئینگلتەرە تۆمارکرد و لە دوو نیوەی زیادکراویشدا هاری کەین گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ ئینگلتەرا تۆمارکرد.

 

لە یاریی دووەمیشدا، کە کاژێر 22:00 بەڕێوەچوو، جۆرجیا بەرامبەر ئیسپانیا یاری کرد و لارۆخا کۆتایی بە خەون و سوپرایزەکانی جۆرجیا هێنا، دوای ئەوەی بە ئەنجامێکی گەورە 4-1 لێیبردەوە.
 
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، کامەران نەسرەدین، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی هەردوو یارییەکەیان کرد و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو، کە هەمووان سەرسام بوون بە ئیسپانیا و رەخنەیان لە ئاستی ئینگلتەرا هەبوو سەرەڕای ئەوەی گەیشتە قۆناخی 8ـی یۆرۆ.
 

کامەران نەسرەدین، زۆر سەرسام بوو بە ئاستی یاریزانانی ئیسپانیا و شێوازی یاریکردنیان، و گوتی "ئەمە تیپی راستەقینەیە، هەموو جیهانیان سەرسام کرد بە پاسەکانیان، ئەوان لێکتێگەیشتنێکی ئەوەندە زۆریان هەیە، لە کاتی پاسدان پێویست ناکات یەکدی ببینن".
 
ئەڵمان عارف، بەهەمانشێوە سەرسامبوونی خۆی بە ئیسپانیا نەشاردەوە و گوتی "ئیسپانیا باشترینە و دەتوانێت لە ئەڵمانیاش بباتەوە".
 
سەرمەد سامح، رەخنەبارانی ساوسگەیتی راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرای کرد و گوتی "بڕوام بەوە نەبوو ئینگلتەرا بگەڕێتەوە، بەتایبەتی لەو ساتە سەختەدا".
 
ئەو گوتی "بەڕاستی ئینگلتەرا دەرکرابووایە باشتربوو، چونکە دەرکردنی ساوسگەیت گرنگترە لەوەی ئینگلتەرا جامەکەش بباتەوە. تۆ لەگەڵ ئەو نەوە نازدارەدا نەتوانی تیپێکی بەهێز دروست بکەی".
 
سەرمەد زیاتر گوتی "ساوسگەیت راهێنەرێکی بێ پلان و بێ تاکتیکە، تەنانەت ئاستی یاریزانانیشی دابەزاندووە".
 
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵکردنی یۆرۆی 2024 لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا، لە شاری کۆڵن، لە دوای یارییەکە چووە نێو هاندەرانی جۆرجیا و چەند هاندەرێکی ئەو هەڵبژاردەیەی دواند. ئەوان قسەیان بۆ رووداو کرد و گوتیان شانازی بە هەڵبژاردەکەیان دەکەن.
 
هەروەها گوتیان "ئێمە سەربەرزین، بەرامبەر باشترین هەڵبژاردەی ئەوروپا دۆڕاوین، کە بەدڵنیاییەوە نازناوەکەش دەباتەوە".
 
کامێرای رووداو بەشێکی ئاهەنگەکانی هاندەرانی ئیسپانیای گواستەوە، کە لە دەرەوەی یاریگەدا بەبۆنەی بردنەوەی یاری و گەیشتن بەقۆناخی 8 ئاهەنگیان گێڕا.
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
 
دێرێ ئارام، میوانی تایبەتی بەرنامەکە بوو، باسی لە هەندێک لە کارە هونەرییەکانی و ژیانی تایبەتی خۆی کرد، و گوتی "لای من پیانۆ زۆر گرنگە. پیانۆ خۆشترین و خۆشەویستترین ئامێری مۆزیکە".
 
ئەو کچە هونەرمەندە، لەنێو ستۆدیۆی یۆرۆ 2024ـی رووداودا گۆرانی "بێ تۆ"ـی گوت و لەلایەن هاندەرانەوە چەپڵەی بۆ لێدرا.
 

وەک هەمیشە لەم رووماڵەدا، رووداو دوو خەڵاتی 'ئایپادی رووداو'ی بەخشییە بەشداربووانی، کە یەکێکیان لە رێگەی پەیامنێری رووداوەوە کە دەچێتە نێو هاندەران. یەکێکیشیان لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە، کە لە پەیجی رووداو سپۆرتەوە رۆژانە پرسیارێک دەکرێت و وەڵامەکەی بە کۆمێنت دەدرێتەوە و براوەکە ئایپادێک وەردەگرێت.
 
بۆ بەخشینی ئایپادی یەکەم، محەممەد کارێزی پەیامنێری رووداو لە قەزای خەبات چووە کافێیەک، کە ژمارەیەکی زۆر بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یۆرۆ کۆببوونەوە و تیروپشکی ئایپادی رووداوی راکێشا و خەڵاتەکە بووە بەشی گەنجێک بەناوی ئەحمەد خانێ.
 
دووەم ئایپادی رووداو، کە لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی رۆژانەی رووداوەوە دەدرێت، بووە بەشی گەنجێک لە ناحیەی گردەسێن بەناوی ئیدریس جاسم، کە پێشمەرگەیە و تەمەنی 32 ساڵە.
 
کاژێر 21:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، ئەڵمان عارف و کامەران نەسرەدین، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەیان بۆ یاریی یەکەم کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی دووەم لە نێوان ئیسپانیا و جۆرجیا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و خەڵاتەکە بۆ رەشید جەمیل دەرچوو، کە خەڵکی سەرسەنگە، تەمەنی 35 ساڵە و  براوەی ئەمشەوی لیرەی زێڕ بوو، کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە.
 
ئەو بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی "سوپاسی رووداو دەکەم. من زیاتر لە 100 کۆمێنتم نووسیبوو".
 
رەشید جەمیل، گوتیشی "من هاندەری بەرازیلم، بەڵام لە یۆرۆ حەزدەکەم پۆرتوگال بباتەوە، ئەگەرچی زەحمەتە".
 
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بەخت یاوەری ئەژی عەبدوڵڵا بوو، تەمەنی 17 ساڵە، پیشەی خوێندکاری خوێندنی ئێوارانە و هاندەرێکی سەرسەختی بارسێلۆنا و ئەرجەنتینە، بەشداری لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداودا کردبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە