پێنجەم رۆژی یۆرۆ.. رۆناڵدۆ و رووماڵی رووداو پڕبینەرترین بوون

19-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بەرنامەی یۆرۆی 2024 یۆرۆی 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژی پێنجەمی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024ـدا تەنیا دوو یاری بەڕێوەچوون، بەڵام لە هەموو رۆژێک گەرموگوڕتر و پڕبینەرتر بوو، چونکە رۆژی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو. تۆڕی میدیای رووداو وەک هەمیشە رووماڵێکی بەرفراوانی هەبوو، و زۆرترین زانیاری و گۆڕانکاریی تایبەت بە پاڵەوانێتییەکەی بە بینەران و بەشدارانی گەیاند.
 
رووماڵی پێنجەم رۆژی رووداو بۆ یۆرۆی 2024 بە بووڵتەنی کاژێر 8:30 دەستیپێکرد، کە سامان وڵاتژێری پێشکێشکرد و نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری لە رێگەی گرافیک و ڤیتی و پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیاوە بە بینەرانی رووداو گەیاند
 
لە پێنجەم رۆژدا، وێڕای سێ شرۆڤەکارەکەی رووداو، تەها قادری هونەرمەند میوانی تایبەتی رووماڵەکە بوو، کە بەشداری لە شرۆڤەکەی پەیج و بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا کرد و بەشێوەیەکی سەرکەوتوو شرۆڤەی یارییەکانی دەکرد.
 
دوو یاریی بەڕێوەچوون، کە لە یاریی یەکەمدا، لە گەڕی یەکەمی یارییەکانی کۆمەڵەی شەشەمدا، تورکیا و جۆرجیا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و تورکیا بە ئەنجامی 3-1 یارییەکەی بردەوە، کە تێیدا ئاردا گولەری یاریزانی لاوی یانەی ریال مەدرید سەرکردایەتی تورکیای کرد بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی گرنگ.
 
ئاردا یەکەم گۆڵی خۆی لە یۆرۆدا تۆمارکرد و بەباشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.
 

شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی ئەو یارییەیان کرد و پێیانوابوو، ئەو یارییە بەهێزترین یاریی پاڵەوانێتییەکە بوو تاوەکو ئێستا. ئەوان پێیانوابوو تورکیا تیپێکی بەهێز و رێکخراوە و دەتوانێت قسەی خۆی هەبێت لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
لە دوو بووڵتەندا، دڵنیا رەحمانی، نێردراوی رووداو لە ئەڵمانیا، نوێترین زانیاری بە بینەرانی رووداو دا و بۆچوونی هاندەرانی هەردوو یارییەکەی وەرگرت.
 
یاریی دووەم لەنێوان پۆرتوگال و چیک، بوو لە چوارچێوەی یارییەکانی هەمان کۆمەڵەدا، کە تێدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداری کرد و بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا بەشداری لە شەش یۆرۆدا بکات.
 
کریس و بۆچوونی جیاواز
 
یاریکردنی رۆناڵدۆ بۆ ماوەی 90 خولەک، بۆچوونی جیاوازی لەلایەن شرۆڤەکارانی رووداو دروستکرد، کە هەندێکیان پێیانوابوو کریستیانۆ توانای ئەوەی نەماوە 90 خولەک یاری بکات. هەندێکیش بەپێچەوانەوە، پێیانوابوو کە سەرەڕای ئەوەی رۆناڵدۆ لەم یارییەدا نەیتوانی گۆڵ بکات، بەڵام بوونی ئەو لە یارییەکەدا هاندەرێکی باشبوو بۆ هاوڕێکانی.
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بەسەرکردایەتی رۆناڵدۆ یەکێکە لە بەربژێرە هەرە سەرەکییەکانی بردنەوەی نازناوەکە.
 
ئەڵمان عارف، پێیوابوو کە رۆناڵدۆ توانای جارانی نەماوە، بەڵام بوونی ئەو زۆر گرنگ بوو، و بەشێوەیەکی گشتی رۆڵێکی کاریگەری لە سەرکەوتنەکەدا هەبوو. کامەران نەسرەدینیش پێیوابوو کە یاریزانانی پۆرتوگال وەک پێویست یارمەتی رۆناڵدۆیان نەدەدا.
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بەڕێوەچوو، کە تەها قادر، میوانی تایبەتی بەرنامەکە بوو. کە جگە لەوەی باسی کارە هونەرییەکانی و بەسەرهاتەکانی ژیانی خۆی دەکرد، زۆر بەباشی شرۆڤەی یارییەکانیشی دەکرد و نەیشاردەوە کە هاندەرێکی سەرسەختی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە.
 

لەم بەرنامەیەدا، پەیامنێری رووداو، ئەندام جەبار لە شاری سۆران لەگەڵ هاندەران سەیری یارییەکەی کرد و دواتر تیروپشکی بۆ بەشداربووانی پێشبڕکێی رووداو کرد، کە دیار دڵشاد خەڵاتی رووداوی بۆ دەرچوو، کە مۆبایلێکیی زیرەک بوو. ئەو براوەیە خەڵکی سۆران بوو، لە هەڵوێستێکی جواندا مۆبایلەکەی بەدیاری دایە هاوڕێیەکی کە مۆبایلەکەی تێکچووبوو.
 
لە هەر شەوێکی یۆرۆدا پەیامنێرێکی رووداو لە شارێکی کوردستان بۆچوونی هاندەران وەردەگرێت و دواتر ئەو خەڵاتە بە هەوادارانی یۆرۆ دەدرێت.
 
کاژێر 19:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، ئەحمەد حاجی، تەها قادر و سەرمەد سامح بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەی هەردوو یارییەکەیان کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی نێوان پۆرتوگال و چیک کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و حەسەن جەمال محەممەد، کە پێشمەرگە بوو، خەڵکی سەرقەڵا بوو، بووە براوەی لیرەیەکی زێڕ کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە. ئەو لەدایکبووی 1990 بوو.
 
حەسەن جەمالی براوەی لیرەی رووداو، بە رووداوی گوت، 20 کۆمێنتی کردبوو، و لە هەموویاندا پێشبینی بردنەوەی پۆرتوگالی کردبوو.
 
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا، دوای یارییەکە بۆچوونی هاندەرانی پۆرتوگال و چیکی وەرگرت.
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، وێڕای راگەیاندنی براوەی خەڵاتی لیرەی رووداو، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024 کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە براوەکەی ئاسۆ ئاراز، تەمەن 23 ساڵان بوو، پیشەی کارمەندی شارەوانی بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە