پلانێکی گەورە بۆ گواستنەوەی مێسی و رامۆس

30-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیونێل مێسی سێرخیۆ رامۆس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی پلانی یانەی هیلالی سعودی بۆ گواستنەوەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمان ئاشکرا دەکات.
 
گرێبەستی لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە پاریس سانجێرمان نییە.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان پێشبینی ناکات گرێبەستی مێسی نوێبکەنەوە، لەکاتێکدا مووچەیەکی زۆر بە یاریزانەکە دەدەن و لەم دۆخەی ئێستای یانەکەدا پێدانی ئەو مووچە بەرزە بە یاریزانەکە ئەگەری هەیە رووبەڕووی کێشەیان بکاتەوە."
 
سەرچاوەکە دەڵێت "پاریس سانجێرمان دەیەوێت لە قۆناخی داهاتوودا لە رووی داراییەوە هاوسەنگی بپارێزێت بۆ ئەوەی خۆی لە یاسای یاریی خاوێن بپارێزێت، بۆ ئەوەش پێویستە مووچەی بەرز نەداتە یاریزانەکانی، کە هەریەکە لە ئێمباپێ، مێسی، نەیمار و رامۆس پارەی زۆر لە یانەکە وەردەگرن."
 
رۆژنامەی لێکیپ ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، یانەی هیلالی سعودی دەستەوارەیەکی بۆ مێسی ئامادەکردووە و ئامادەیە لە ساڵێکدا 200 ملیۆن یۆرۆ بداتە یاریزانەکە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، بەرپرسانی یانەکەش ئامانجیان ئەوەیە کە یاریزانەکە رازیبکەن ئەگەر بەوەش بێت کە مووچەیەکی بەرزتر لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە یاریزانەکە بدەن بۆ ئەوەی رووبکاتە خولی سعودیە.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەکە کاردەکات بۆ ئەوەی سێرخیۆ رامۆسیش لە پاریس سانجێرمانەوە بباتە ریزەکانی، کە ئەویش بەهەمان شێوەی مێسی لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی کۆتاییدێت.
 
بۆ رامۆس یانەی هیلال ئامادەیە 30 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە بداتە یاریزانەکە، کە ئەمە 4 هێندەی ئەو مووچەیەیە کە سێرخیۆ لە ماوەی ساڵێکدا لە یانە فەرەنسییەکە وەریدەگرێت.
 
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ناوی مێسی بە یانەی بارسێلۆنا بەستراوەتەوە و چەند سەرچاوەیەک دەڵێن یاریزانەکە دەیەوێت بگەڕێتەوە یانە کەتەلۆنییەکە، بەڵام بەر لەوە پێویستە بارسا کێشە داراییەکانی چارەسەربکات بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی دیکە کار بۆ گەڕاندنەوەی مێسی بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە