فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سەرکۆنەی رووداوەکانی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی کاساس دەکات

30-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خیسوس کاساس فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا سەرکۆنەی ئەو رووداوانەی کرد، کە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەی عێراق و ئوردندا، کۆمەڵێک رۆژنامەڤانی عێراقی هێرشیان کردە سەر خیسوس کاساسی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و تەنانەت یەکێکیان ویستی لێشیبدات.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "ئێمە بە ناڕەزایەتییەکی زۆرەوە بەدواداچوونمان بۆ ئەو رووداوانە کرد، کە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانیمان، خیسوس کاساس کرد، کە دوای یارییەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن روویاندا. دیمەنەکە بە ئازارتر بوو لە دەرچوونی ناشایستەی تیپەکەمان لە جامی ئاسیا، و هیچ پەیوەندییەکی نەبوو بە میدیای عێراقی رەسەنەوە، کە بە هەڵوێستە شەرەفمەندەکانی ناسراوە".
 
لە راگەیێنراوەکەدا، زیاتر هاتووە "هەندێک ناو کە سوودیان لە ئامادەبوونی چاوەڕواننەکراویان لە بۆنەیەکی گرنگدا وەرگرتووە بۆ نیشاندانی وێنەیەکی ناشیرینی میدیا، بەو رەفتارە پەڵەیەکی رەشیان لە مێژووی خۆیاندا تۆمارکرد".
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، هەروەها دەڵێت "لە کاتێکدا ئێمە ئەو سەرپێچییە ناشیرین و رەفتارە قێزەونانەی کە بەرامبەر راهێنەرەکەمان روویاندا سەرکۆنە دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە بڕیارمان داوە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەسایەتییە میدیاییانە نەکەین کە لە داهاتوودا بەدوای ئاژاوەگێڕیدا دەگەڕێن، و رێکارە یاساییەکان لە بەرامبەریاندا پەیڕەو دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی نێوبانگی راهێنەر، و روونکردنەوە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ ئەوەی روونیبکەنەوە کە چی روویداوە، و هەروەها بۆ ئاشکراکردنی ئەو سیناریۆیەی کە زوو داڕێژراوە".
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا نووسیویەتی "ئێمە هەنگاوی زیاتر دەنێین لەپێناو پاراستنی وێنەی هەڵبژاردەی نیشتمانیمان، کە تاوەکو ئێستاش بەرز و باڵایە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی کە پلانمان بۆ بەدیهێنانی داناوە، بە پاڵپشتییەکی بێسنوور لەلایەن سەرۆکوەزیران، حکومەت، هاندەرانی دڵسۆزمان و میدیای پیشەگەرمان، کە بەهیچ شێوەیەک پەسەندی ئەو کارانە ناکەن کە زیانیان بە عێراق گەیاندووە، بەر لە راهێنەر".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە