رووداو دیجیتاڵ
هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید پلانێکی تایبەتی هەیە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە یوفا و بەرپرسانی، دوای ئەوەی باڵۆن دۆریان بە ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی یانەکەی نەدا.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، هێشتا ئەوەی لەبیرنەکردووە کە لە رکابەریی ئەمساڵی باڵۆن دۆردا روویدا، کە مەدریدییەکان و پێرێزیش پێیانوابوو ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی بەرازیلیی یانەی مێرینگێ شایەنی وەرگرتنی خەڵاتەکە بوو، بەڵام پێیان نەدا لەبەرئەوەی یاری بۆ ریال مەدرید دەکات.
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، لە کۆبوونەوەی گشتیی یانەکەدا، کە لە 24ـی ئەم مانگەدا ئەنجام دەدرێت، بە تووندی هێرش دەکاتە سەر لالیگا، یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) و یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) دوای ئەوەی ڤینیسیۆس جونیۆریان لە خەڵاتی باڵۆن دۆر بێبەشکرد، بەقسەی خۆی.
ئەو سەرچاوانە، دەڵێن، پێرێز دڵنیاییە لەوەی پیلانێک لەدژی ڤینیسیۆس لەئارادابووە بۆ ئەوەی وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە ریال مەدرید خەڵاتەکە بە ڤینیسیۆس نەدەن.
دوای ئەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بیرۆکەی سوپەرلیگی راگەیاند، ناکۆکی کەوتووەتە نێوان خۆی و بەرپرسانی فیفا و یوفا، کە نایانەوێت هیچ پڕۆژەیەکی لەو جۆرە لەدایک ببێت، بۆ ئەوەی کاریگەری خراپی بەسەر ئەو خول و پاڵەوانێتییانەدا نەبێت کە فیفا و یوفا رێکیان دەخەن.
میدیاکان دووپاتی دەکەنەوە کە سەرۆکی ریال مەدرید لەو کۆبوونەوەیەدا نوێکاری لەسەر پڕۆژەی سوپەرلیگ باس دەکات، ئەو پڕۆژەیەی کە ریال مەدرید شانبەشانی بارسێلۆنا بەرگری لێدەکات و فیفا و یوفا دانی پێدا نانێن.
میدیای ئیسپانیا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە پلانێک هەیە بۆ تۆڵەسەندنەوەی ڤینیسیۆس لە فیفا و یوفا و بەمنزیکانە لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ